هێمن هەورامی لەماڵتا باسی سەربەخۆی كوردستان دەكات

خواكوڕك

هێمن هەورامی ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان و بەرپرسی كاروباری سیاسی و پەیوەندییە گشتییەكانی مەكتەبی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە خولێكی دیكەی هێڵی دووی دیپلۆماسی لەسەر پرسە گەرم و هەنووكەیییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە ڕۆژانی ۱۱/٥ تا ۱٤/٥ لە ماڵتا بەشداری دەكات،وەك تاكە كورد بەشداری لەو كۆبوونەوە  گرینگەدا دا، بەشداربووانیش تێكەڵەیەكن لە كەسانی دیپلۆماسی و خەڵكانی ئاكادیمیی نیزیك لە بڕیارسازانی سیاسیی وڵاتانی خۆیان، لەوانە بریكاری وەزیری دەرەوەی ئێران، دیپلۆماتكارانی سعوودیا، ئوردن، ئیمارات، میسر و بەرپرسی نووسینگەی حەیدەر عەبادی و بەرپرسی ئەكادیمیای دیپلۆماسیی توركیا و ئەندامی ئەنجومەنی پەیوەندیییە نیودەوڵەتییەکانی ڕووسیا و ژمارەیەك ئاكادیمی و دیپلۆماتكاری پێشووی ئەمەریكا.

وا بڕیارە لە دانیشتنی سێیەم و تایبەت بە پرسی عێراقدا، هێمن هەورامی لەسەر پرسی سەربەخۆیی و ڕیفراندۆم و سیاسەتی سەرۆك بارزانی و سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان بابەتێك پێشكەش بكات.

هەورامی ڕایگەیاند، ئەم خولە ئەو بابەت و پرسانە تاوتوێ دەكات، كە بەرۆكی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان گرتووە، لەو نێوەندەیشدا بە هۆی كاریگەریی هەرێمی كوردستان و ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە پرسەكاندا و بە تایبەتی پرسی تیرۆر و ئاییندەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پرسی سەربەخۆییی هەرێمی كوردستان و، هەروەها بابەتێك كە دیدگای سەرۆك بارزانی و هەرێمی كوردستانی تێدا ڕەنگ بداتەوە، پێشكەشی ئەو بەشداربووانە دەكرێت، كە لەم خولەدا ئامادەن، چونكە ئامادەبووانی ئەم خولە كەسانی نیزیكن لە بڕیارسازانی وڵاتانی بەشداربوو، بۆیە بە لایانەوە گرینگە، كە لە ستراتیژییەتی سەرۆك بارزانی و هەرێمی كوردستان بۆ ئێستا و داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێبگەن.

Back to top button