ئەمەریکا دژی سەربەخۆییی باشووری کوردستانە!
بەکر ئەحمەد ئاکۆ
گرووپێك كه له ڕۆژنامه‌نووس و ئه‌ندام و لایه‌نگرانی یه‌ك دوو هێزی سیاسیی هه‌رێمن، به ئاشكرا خۆیان به به‌ره‌ی دژه‌سه‌ربه‌خۆیی ناساندووه، له مێدیا حزبی و سێبه‌ره‌كاندا هه‌رچی دژ به خواستی گه‌له‌كه‌یانه وه‌ك ژه‌هر ده‌رخواردی خه‌ڵكی كوردستانی ده‌ده‌ن. له كوێ لێدوان و ڕایێكی ته‌كتیكی و دیپلۆماسی‌یان به‌رچاو كه‌وێ، یه‌كڕاست ته‌رجه‌مه‌ی ده‌كه‌ن و به ویستی نه‌یاران شرۆڤه‌ی ده‌كه‌ن.
ئه‌و گرووپه قه‌ت به ئه‌ركی خۆی نه‌بینیوه شرۆڤه‌ی ئه‌و هه‌ڕه‌شه گه‌وره و له‌ناكاوه بكا كه خه‌ریك بوو وه‌ك به‌شێكی زۆری عێراق، هه‌رێمی كوردستانیش بخاته مه‌ترسیێكه‌وه كه ئاسان نه‌ده‌وكه‌ته‌وه سه‌رپێی خۆی. قه‌تیش نه‌یانیستووه سیاسه‌ت و دیپلۆماسیه‌تی دروستی سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی كوردستان وه‌ك خۆی بخه‌نه به‌رباس و بڵێن، كاتێك داعش گەیشتە مەخموور، سەرۆک بارزانی بوو پێوەندی بە جۆ بایدنه‌وه کرد، پاش ئه‌وه سەرۆک ئۆباما رایگەیاند، هەولێر هێڵی سوورە و به‌كرده‌نییش پاراستیان. شرۆڤەکارانی ئەمەریکا و تەنانەت ناوەندەکانی عارەبییش لەوکاتەدا و له په‌راوێزی ئه‌م هه‌ڵوێسته‌دا گوتیان، پایەکانی ئەو دەوڵەتەی بارزانی دەیەوێ دایبمەزرێنێ دروست بوونە.
ئه‌و گرووپه دژه سه‌ربه‌خۆییه نه‌یانویستووه و نایانه‌وێ، باس له‌و دواسەردانه‌ی سەرۆک بارزانی بكه‌ن بۆ ئه‌مه‌ریكا کە شاندێکی هه‌رێم یاوەری بوو و، دیدارەکانی لەگەڵ سەرۆک و جێگر و گەورەبەرساندا چی لێ وه‌به‌ر هات، كه راستییه‌كه‌ی پشتیوانیی کۆشکی سپیی پێ ڕاگەیێندرا كه بیەوێ جاڕی سەربەخۆیی بدات، هه‌ڵبه‌ت تەنێ لەسەر وادەی راگەیاندنەکەی تێڕوانینیان هەبوو. ئه‌وان له ئاست لێدوانه مێژووییه‌كه‌ی جۆ بایدنیش كه راشکاوانە بە بارزانی راگەیاندبوو، ”لە سەردەمی تەمەنی من و تۆدا دەوڵەتی کوردستان دەبینین”، نابینا و كه‌ڕن.
دژه‌سه‌ربه‌خۆییه‌كان قه‌ت باس له‌و كۆبوونه‌وه فراوانه‌ی نێوان حزبه‌كانیش ناكه‌ن كه پاش گەڕانەوەی سەرۆک بارزانی له ئه‌مه‌ریكا چی‌یان باس كردووه و بڕیاریان چ بووه!، كه وێڕای بەرزنرخاندنی هەڵوێستی ئەمەریکا، کۆک بوون لەوەی سەردانەکە دەستکەوت و ئومێدی مەزنی بەدواوەیە. ئه‌و دژه‌سه‌ربه‌خۆییانه له‌وه‌یشیان نه‌كۆڵییه‌وه كه بۆچی پاش ماوه‌یه‌ك به‌ده‌ستوه‌ردانه كاروباری نێوخۆی هه‌رێم، درز خرایه نێو یه‌كریزیی لایەنە كوردستانییه‌كان. چونكه ئه‌وان ئه‌و هه‌ندێكه‌ن كه هه‌ڵمه‌تێكیان به‌رپا كردووه و هێشتایش به‌رده‌وامه. هه‌ڵمه‌تێک كه بە فیتی ئەم و ئەو ئیدارە دەدرێ و، وه‌ك گوتمان ماكینه‌ی ئیعلامیی به‌شێك له‌و حزبانه و كه‌ناڵگه‌لی سێبه‌ریش خراونه‌ته خزمه‌تیانه‌وه. ئه‌وان هەرواده‌ڵێن، ئەمەریکا پشتی کورد ناگرێ و یەکپارچەیی عێراقی دەوێ؟، بە مانشێتی گەورە دەنووسن ”ئەمەریکا دژی سەربەخۆییی باشووری کوردستانە” و، بە هێنانە بەر باسی لێدوانی باڵیۆزی ئەمەریکا لە بەغدا، دژایه‌تیی خۆیان بۆ خواستی له‌مێژینه‌ی گه‌له‌كه‌یان له باشووری كوردستان ناشارنه‌وه، لەکاتێکدا له‌و راستیانه‌ی سه‌ره‌وه بێ‌ئاگا نین، كه‌چی خۆیان له‌و پشتیوانیانه دەد‌زنه‌وه كه بۆ گه‌لی كوردستان راگه‌یێندراون. خۆ حەفتەی رابردوو بوو بەرپرسێکی باڵای سی ئای ئەی گوتی، عێراق دابەش دەبێ؛ به‌ڵام ئەم گرووپە له ئاستیدا كه‌ڕ بوون.
ئەو گرووپەی کە خەڵکی دەیانناسێ و دەزانن په‌رۆشیی یه‌كپارچه‌یی عێراقیان پێ ناشردرێته‌وه، واباشە وەبیر خۆیان بێننەوە پڕۆژەکەی جۆ بایدن بۆ دابەشکردنی عێراق یانی چی؟، ئەو نەخشەیەی کە ئەمەریکایش بۆ رۆژهەڵاتی ناوینی نوێی داڕشتووە و کورد تێیدا دەوڵەتە، له پێناوی چییه؟. گرووپە دژەسەربەخۆییەکە دەزانن کە ئەمەریکا پێشوەختە و لە جیاتی کورد بڕیاری سەربەخۆیی نادات و، هیچ وڵاتێكیش پێش ڕاگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆییه‌كه‌ی ددانی پێدا نه‌نراوه. ئەم گرووپە چاك دەزانن، به‌ئاشكرا و پێشوه‌خت رانه‌گه‌یاندنی پشتیوانیی ئه‌مه‌ریكا، لەو سۆنگەیەوەیە کە ئەندامی ئەنجوومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتییە و به‌گوێره‌ی بنه‌ماكانی لە ئاخاوتندا ده‌بێ بڵێ، یەکپارچەیی وڵاتانیان به لاوه گرینگه به عێراقیشه‌وه، کە هاوکات نه‌یانشاردووه‌ته‌وه مافی سەربەخۆیی بۆ گەلان بە گەلی کوردستانیشەوە بە ڕەوا دەزانێ.
هەڵبەت ده‌زانین كه پشتیوانیی ده‌ولی گه‌لێك گرینگه، به‌ڵام هێزی دروستكردنی ده‌وڵه‌ت له بڕیاری خه‌ڵكه‌وه‌یه نه‌ك له لایه‌ن وڵاتانی زلهێزه‌وه، به‌و واتایه‌ی كه سەربەخۆیی خواستی گه‌لێكی سته‌مدیته و پارچه‌كراوه و هه‌ر خۆیشی ده‌بێ بڕیار له چاره‌نووسی خۆی بدا. کەچی دژه‌سه‌ربه‌خۆییه‌كان هێشتا له په‌تای خۆبه‌كۆیله‌زانی داگیركا‌ر و نه‌یارانی گه‌لی كوردستان ده‌ربازیان نه‌بووه و، هەموو ئەو پشتیوانییە وەلا دەنێن نادیته ده‌گرن.
به كورتی، لێدوانی جێگری راوێژکاری ئاساییشی نەتەوەیی ئەمەریکا کە (لە هەولێر 16ی 10ی 2014) لێدوانەکەی ئۆبامای دووپات کردەوە ”هه‌ولێر هێڵی سووره”، نێوه‌نده سیاسی و ده‌سته‌ڵاتداره‌كانیشی، بەرپرسانی هەواڵگری و شڕۆڤەکارانی دیکەی ناوەندی هەواڵگری و ئاسایشی نیشتمانییه‌كه‌ی و پەیمانگاکانی لێتوێژینەوەیشی، نه‌یانشاردووه‌ته‌وە کە ئەمەریکا ڕێز لە بریاردان له چاره‌نووس له لایه‌ن گەلی کوردستانه‌وه ده‌گرێ.
ئینجا كه ئەمەریکا باوەڕی بە یەکپارچەیی عێراق هەبووایە، هێزی پێشمەرگەی کوردستانی بە باشترین بژاردە نەدەزانی تا وەک هێزێکی سەرەکیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی گەورەترین هێزی تیرۆر ده‌ركه‌وێ و پشتیشی بگرێ و بە تێکشکێنەری ئوستووره‌ی داعش ناوی ببات و، دواجار پرۆتۆكۆڵی سه‌ربازیی ڕاسته‌وخۆیشی له‌گه‌ڵدا واژۆ بكات.
هه‌ر تەنیا ئەمەریکا نا، وڵاتگەلی نێو گرووپی جی هەشت و جی بیست و ئەورووپا و تەنانەت سعوودیە و وڵاتانی دیکەی ئیسلامی‌یش گوتوویانە، پشتیوانی لە دەوڵەتی کوردستان دەکەن، خۆ ئیسرائیلیش کە لە ناوچەکەدا رۆڵێکی سەرەکی هەیە، له‌سه‌ر زاری سەرۆکوه‌زیرانی و بەرپرسانی دیکەیەوە به ئاشكرا ده‌ڵێن پشتیوانی له سەربەخۆییی باشووری کوردستان ده‌كه‌ن.
له‌به‌ر ڕۆشناییی ئه‌م زانیارییانەی سه‌ره‌وه‌دا ده‌گه‌ین به‌و باوه‌ڕه‌ی كه، ئه‌وانه‌ی له مه‌نتیقی خۆبه بچووكزانییه‌وه سه‌نگه‌ریان له ڕه‌وتی به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی به‌ستووه، جیا له خزمه‌تكردن به داگیركا‌ر، رازین به‌وه‌ی خه‌ڵكى دیكه بڕیار له چاره‌نووسی گه‌لی كورد بدات، ئه‌مه‌یش جیا له دەربازنەبوون لە ئەقڵیەتی كۆیله‌ییبوون هیچی دی نییه.