فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە شنگال هۆشداری دەداتە حشدی شەعبی

خواكوڕك 

فەرماندەیەكی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە شنگال هۆشداری دەداتە حشدی شەعبی و دەلێت پێچەوانەی رێكەوتنی نێوان هەولێر بەغدا حشدی شەعبی هێرش دەكاتە سەر داعش، دەلێت ئەو هێرشانەی كە ئێستا حشدی شەعبی لەناوچەكانی ناحیەی بلێج قەیرەوان ئەنجامی دەدات، پەیوەندی بەخاكی كوردستانەوە نیە، دەلێت بەڵام ئەگەر هێرش بكاتە سەر خاكی كوردستان ئەوە بەدڵنیایەوە، لێی قبوڵناكەین، كە حشدی شەعبی لەناوچە كوردستانیەكان جێگیر بێت”.

سەربەست لەزگین فەرماندەی هێزەكانی پێشمەرگە لە شنگال بۆ رووداو دەلێت،  ماوەی نزیکەی چوار مانگ دەبێت هێزەکانی پێشمەرگە لە چاوەڕوانی سوپای عێراقدان، تاوەکو ئامادەبێت بۆ ئازادکردنی ئەو ناوچانە کە رێککەوتنیان لەبارەوە کرابوو، هەروەها دەلێت، دیارە سوپای عێراق تاوەکو ئێستا وەکو پێویست ئامادەنەبووە، حەشدی شەعبیش لای خۆیەوە بڕیاری داوە دەست بەو ئۆپەراسیۆنە بکات، هەروەها دەشلێت، هێزەکانی حەشدی شەعبی لە ناحیەی بلێج قەیرەوانـەوە دەستیان بە هێرش کردووە، ناوەندی ناحیەکە عەرەبنشینە، بەڵام لە باکووری ناحیەکە بەدووری 6 بۆ 7 کیلۆمەتر گوندە کوردنشینەکان هەن، لەوانە تل بەنات، بەپێی زانیارییەکانی ئێمە تاوەکو ئێستا شەڕ لە تل بەنات بەردەوامە”.

سەربەست لەزگین ئاماژەی بەوە کرد، هێزەکانی حەشدی شەعبی بەر لە دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە ئەوانیان ئاگادارکردووەتەوە، بەڵام بەشێوەیەکی هاوبەش کاریان نەکردووە، هەروەها جەختیکردەوە، لە هەر شوێنێک کە لەدەرەوەی سنووری هەرێمی کوردستان بێت “حەشدی شەعبی هێرش بۆ سەر هەر ناوچەیەک بکات، بەلای پێشمەرگەوە گرنگ نییە، بەڵام خاکی کوردستان بۆ ئێمە گرنگە، ئەو کۆمەڵگە و گوندانەی خاکی کوردستانن و سەر بە شنگالن، ئەوان بۆ ئێمە گرنگن، بۆیە پێمان خۆش نییە و رازیش نین حەشدی شەعبی بەبێ رێککەوتن دەستوەردان لەو ناوچانە بکات”.

سەرپەرشتیاری هێزەکانی پێشمەرگە لە میحوەری شنگال گوتیشی: “ئێمە لەوبارەیەوە هێزەکانی حەشدی شەعبیمان ئاگادارکردووەتەوە، وادیارە دانوستاندنیش لەسەر ئاستی باڵادا هەیە، ئێستا خەریکی دانوستاندنن لەگەڵ سەرکردایەتی حەشدی شەعبی، باسی لەوەش کرد، گوایە ئەو هێرشەیان بۆ پاراستنی سنووری عێراقە لەگەڵ سووریا، لەکاتێدا ئەو ناوچانە بەدووری 50 بۆ 60 کیلۆمەتر دەکەونە سنووری سووریا و چەند ناوچەیەکی دیکە ماون، کۆنترۆڵبکرێنەوە.

وەک سەربەست لەزگین رایگەیاند، ئەوان هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ حەشدی شەعبیدا نییە، “رێزمان بۆ ئەو قوربانیدانە هەیە کە هێزەکانی حەشدی شەعبی لە شەڕی دژ بە داعش داویانە، بەڵام  دەبێت ناوچە کوردستانییەکان لەلایەن پێشمەرگەوە بپارێزرێن، قبووڵ ناکەین نە داعش و نە حەشدی شەعبی و نە هەر هێزێکی دیکە لە ناوچەکانی کوردستان جێگیربن”.

ناوبراو راشیگەیاند “ئەگەر ئەو ئۆپەراسیۆنەی حەشدی شەعبی بەردەوام بێت و بێنە ناوچە کوردنشینەکان، ئەگەری ئەوە هەیە هەماهەنگییان لە گەڵ پەکەکە هەبێت، چونکە هێزەکانی پەکەکە لە شنگال بەشێکن لە حەشدی شەعبی و، ئەوە چەندین ساڵە لەلایەن ئەوانەوە هاوکاری دەکرێن”.

Back to top button