فەرماندەیەكی پەكەكە لە شنگال دەگەڕێتەوە نێو ڕیزەكانی پێشمەرگە
خواكوڕك
لەدوای ئەوەی كە پەكەكە لە سنوری شنگاڵ چەندین كێشەی بۆ خەلكی ناوچەكە دروستكردوو, رووبەروو بوونەوە لە نێوان پێشمەرگەی كوردستان و گروپێكی پەكەكە لە خانەسۆر دروست بوو, لەو كاتەوە بە سەتان چەكداری پەكەكە ریزەكانی پەكەكەیان جێ هێشتووە, فەرماندەیەكی باڵای پەكەكە لە شنگال بە ناوی حەجی نایف دوای دەستبەرداربوونی لە پەكەكە، دەڵێ دوای ئەوەی رووی راستەقینەی پەكەكەی بۆ ئاشكرا بووە، نەیتوانیوە خیانەت لە خاكی شنگال و گەلی كورد بكات، بۆیە ریزەكانی پەكەكەی بەجێهێشتووە و چووەتە ڕیزەكانی پێشمەرگەی كوردستان.
حەجی نایف كە كوردێكی ئێزیدییە و دانیشتووی شارۆچكەی شنگالە، ژیانی دوو ساڵ و چوار مانگی ریزەكانی چەكدارانی پەكەكە بۆ ئاژانسی هەواڵی AA باس دەكات و دەڵێ “هەر لە سەرەتای كۆنتڕۆڵكردنی شنگال لەلایەن داعشەوە، هاتنی چەكدارانی پەكەكە لە سووریاوە بۆ شنگال، بڕیارمان دا لە ریزەكانی پەكەكە دژی داعش بەرگری لە خاكی شنگال و شنگالییەكان بكەین، هەر لە سەرەتاوە فەرماندە باڵاكانی پەكەكە ئەركی شەڕكردنیان پێ سپاردم، من و سەدانی وەك من لە پێناو پاراستنی شنگال فەرمانەكانی پەكەكەمان بەجێ دەگەیاند”.
دەشڵێ “دوای تێپەڕبوونی چەند مانگێك، چەكدارانی پەكەكە زیاتر ئاشنام بوون، كە زانیان لە بنەماڵەیەكی ناوداری شنگالین، هەڵسان بەرپرسیاریەتی بەهێزیان پێ سپاردم لە شنگال، پلەی سەربازیشم لە سەربازێكی ئاسایی بەرز كرایەوە بۆ فەرماندەی جەبهەی قۆمیتان، وەك پەكەكە بۆی ئاشكرا كردین ئەم پلە سەربازییە هاوتایە بە پلەی عەمید روكن لە وەزارەتی پێشمەرگە. ئامانجیان لەمەدا ئەوە بوو كە لە رێگای ئەم پۆستەوە ئەندامانی بنەماڵە و هاووڵاتیانی زیاتری ناوچەكە بۆ نێو ریزەكانی پەكەكە رابكێشم، تا رادەیەك ئەو ئامانجەی پەكەكە هاتەدی، چونكە ئەندامانی خێزانەكەم و چەندین هاوڕێی دیكەم لەسەر داوای من بوون بە دارودەستی پەكەكە”.
ناوبراو باسی لە هۆكارەكانی جێهێشتنی ریزەكانی پەكەكەی كرد و گوتی “دوای مانەوەم بۆ ماوەی دوو ساڵ و چوار مانگ لە ریزەكانی پەكەكە لە شارۆچكەی شنگال و هەبوونی پلەیەكی باڵا، رۆژ لە دوای رۆژ رووی راستەقینەی پەكەكەم بۆ دەركەوت، لەو ماوەیەدا پەكەكە رێككەوتنی لەگەڵ داعش كرد لەسەر ئەوەی داعش چەند ناوچەیەكی ژێر دەسەڵاتی خۆی پاشەكشە بكات، تاوەكو بتوانن كوردی ئێزیدی پێ رازی بكەن، ئەمەش بۆ ئێمە ئازاربەخش بوو، دواتر پەكەكە داوای لێ كردین دژی هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە شەڕ بكەین، ئەمانە بەشێك بوون لە هۆكارەكانی جێهێشتنی من و چەند كەسێكی دیكەمان لە ریزەكانی پەكەكە”.
گوتیشی “چەندین جار چەكدارانی داعش بە جلوبەرگی سەربازی چەكدارانی پەكەكە سەردانی بنكە و بارەگاكانی پەكەكەیان كردووە لە شنگال، بە ئاشكرا پێیان گوتم ئەمە كاری تۆ نییە و قسەی لەسەر مەكە، ئێمە خۆمان دەزانین چی دەكەین”.
ئەو فەرماندەیەی پەكەكە دوای وازهێنانی لەو گرووپە باس لە پەیوەندی نێوان ئێران و چەكدارانی پەكەكە دەكات و دەڵێ “پەیوەندیەكی بەهێز لە نێوان سوپای پاسدارانی ئێران و چەكدارانی پەكەكە هەیە، بەڵام پەكەكە بە هەموو شێوەیەك هەوڵی پەردەپۆشكردنی ئەو پەیوەندییانەی دەدات لە شنگال، هەرچەند جارێك كاربەدەستانی ئێران سەردانی پەكەكەیان بكردایە لە شنگال، شنگالییەكانیان دوور دەخستەوە لە كۆبوونەوەكان، بەڵكو تەنها بەرپرسە باڵاكانی پەكەكە كۆبوونەوەیان لەگەڵ ئێرانییەكان ئەنجام دەدا”.
دەشڵێ ئێستە هەڕەشەیەكی گەورە لەسەر ئایندەی منداڵانی كوردی ئێزدیی هەیە، چونكە پەكەكە ئەو منداڵە كوردە ئێزیدیانە لە شنگال ناهێڵێت، بەڵكو دەیانگوازێتەوە بۆ ئێران و قەندیل و سووریا وڵاتانی بیانی.