سەركردەیەكی پارتی: حەكیم و سیاسییەكانی هاوشێوەی پێیان خۆش نییە كورد سەربەخۆ بێت

خواكوڕك
لەگەڵ بەرەو پێشڤەچوونی هەنگاوەكانی سەربەخۆی كوردستان ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی ڕایدەگەیەنێ عەمار حەكیم و سیاسییەكانی پێش ئەویش، پێیان خۆش نییە كە كورد سەربەخۆ بێت، بەڵكو دەیانەوێت ئەو دۆخە بێسەروبەریەی لە عێراقدا هەیە، تا هەتایە بەردەوام بێت.

عەلی عەونی، ئەندامی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕاگەیاندوووە: ” بۆ سەربەخۆیی پێویست بە ڕیفراندۆم ناكات، بەڵكوو ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی دەبێت بكرێت، چونكە كاتێك 16 وڵات لە یەكێتی سۆڤیاتی پێشوو جیا بوونەوە ڕیفراندۆمیان نەكرد، بەڵكوو سەربەخۆیان ڕاگەیاند”.

ئەو سەركردەیەی پارتی پێیوایە، عەمار حەكیم، سەرۆكی هاوپەیمانێتی نیشتمانی (شیعە) هاوشێوەی سیاسییەكانی پێش خۆیەتی و لەگەڵ سەربەخۆی كورددا نییە، گوتیشی : ” ئەوان دەیانەوێت، ئەو كەڵەگایەتییەی هەیە، هاتا هەتایە بەردەوام بیت، بۆیە ئێمە لە هەریەكە لە عەمار حەكیم و هەموو مەرجەعەكانی دیكەی شیعە بێ ئومێد بووبن، چونكە لەكاتێكدا مالیكی قوتی خەڵكی بڕی، ئەوان دەبوو بڵێن ئەوە زوڵمە، بەڵام دەست خۆشیان لێكرد، هەروەها پێشمەرگەی كوردستان كە هێزێكی دەستووریە چەك و بوودجەی لێبڕاوە، لە كاتێكدا لە كۆلانەكانی كەربەلا و نەجەف و بەغدا خەڵكیان كۆكردەوە و هیزیان درووست كرد و دواتر بردیانە پەرلەمان و بودجە و چەكیشیان بۆ دابین كرد، بۆیە من دەڵێم “ئەوانە هەموویان سەر بە كراسێكن”.

عەلی عەونی ئەوەشی خستەڕوو، لەماوەی ئەو 100 ساڵەی كوردستان و عێراق بەزۆر پێكەوە بەستراونەتەوە، عێراق هەرگیز كوردی وەكوو عێراقییەك تەماشا نەكردووە، كوردیش لە ڕووی ئابووری، فكریی و سەقامگیرییەوە بە شێك نەبووە لە عێراق.‌

Back to top button