چه واشه و فريودان
سەلام عەبدوڵڵا
“باشووری كوردستان لە ساڵی 2013ـەوە كەوتۆتە ناو تونێلێكی قەیرانی ئابووری، ئەگەرچی كەوتنە ناو ئەو تۆنێلە بەدەستی هەرێم خۆی بوو، لە پێناو ئامانجێكی نیشتمانی نەبووە، بەڵكوو لە پێناو هەندێ ئامانجی كەسی و وڵاتانی هەرێمی بووە!!”.
ئەمە بە حسابی بۆچوونی كوردێكە لە سەر لاپەڕەی هەر بە حیساب رۆژنامەیەكی كوردی، سەبارەت بە دۆخی ئابووری هەرێم.
جارێ تۆ واز لەو كوردییە شڕە بهێنە، بەڵام سەیری ئەو بێویژدانییەی بەرامبەر هەرێم دەینوێنێ، گەر ئەمەی سەرەوە تەنها چەواشەكاری و فریودان نەبێت، دەبێ چی بێت؟ جارێ قەیرانی ئابووری لە 2013 دەستیپێنەكرد، بەڵكوو لە 2014ـەوە بوو كە حكومەتی عێراقی لەسەر پێشنیاری دوو (بەڕێزی) وەك ئەم (بەڕێزە) بوو كە حكوومەتیان هاندا بۆ چۆك پێدادانی هەرێم، بودجە و مووچە ببڕێت، نەك هەرێم خۆی.
ئێستا كە وا سێ ساڵ بەسەر ئەو بودجە بڕینەدا تێدەپەڕێت تازە بە تازە ئەم زاتەو ڕۆژنامە ژەنگاوی یەكەی دێت و داكۆكی لە رژێمی بەغدا دەكات و تاوانی ئەو بودجە بڕینە دەخاتە سەر هەرێم خۆی.
بەڵێ بەم لۆژیكە چەوتە دەیانەوێت خەڵكی هەرێم چەواشە بكەن و رووی حكوومەت -بەتایبەتی حكوومەتەكەی مالیكی- سپی بكەنەوە و ئۆباڵی شكستە یەك لە دوای یەكەكانی مالیكیش هەر بخەنە ئەستۆی هەرێم، وەك هەرێم مووسڵی تەسلیمی داعش كردبێت و بە فەرمانی هەرێم سێ فیرقە سەربازی عێراقی ئەو هەموو چەك و جبەخانەیەی بۆ داعش بەجێهێشتبێت!.
نەخێر، بڕینی بودجە و مووچە ئەگەرچی بە پێشنیاری ئەو دوو دژە پارتییە بوو، بەڵام پێش ئەوە بڕیار و زەمینەسازی لە دەرەوەی دەسەڵاتی حكوومەتی عێراقییەوە رەنگی بۆ داڕێژرابوو، چونكە نەیارانی دەستكەوتەكانی هەرێم و بەرەوپێشەوەچوونی خێرا و ئایندەی گەشی هەرێم، ئەوانی تۆقاندبوو، بۆیە دەیانویست بە هەر شێوەیەك بێت بەربەست بۆ ئەو بەرەوپێشەوەچوونە دابنێن و پێشنیاری ئەو دوو زاتەش بكەنە بیانوو بۆ جێبەجێكردنی پیلانەكانیان دژی حكوومەتی هەرێم.
جا سەیر ئەوەیە هەموو ئەو راستییانە روون و ئاشكران و كەچی سەرەڕای ئەوە تازە رۆژنامەیەكی بە حیساب “ئازاد” دێت و ئۆباڵی ئەو بودجە بڕینە دەخاتە ئەستۆی هەرێم، كە بەو كارە نالەبارەی خزمەتێكی بێ بەرامبەر بە ناحەزانی هەرێم دەكات و ئەم هەرزەگۆییەشی وەك رەخنە لە دەسەڵاتی هەرێم نیشان دەدات.
ئەم درۆ هەڵبەستنە بۆ هەرێم لە كاتێكدا دێت كە وڵاتانی دەرەوە رۆژ بە رۆژ متمانەی زیاتر بە هەرێم پەیدادەكەن و دەیانەوێت هاوكاری هەمەلایەنەی بكەن.
ئەوە نییە ئێستا چوار وڵاتی گەورەی وەكوو ئەمریكا و ئینگلستان و فەرەنسا و ئەڵمانیا دەیانەوێت هێزی پێشمەرگەی كوردستان یەكبخەن و بۆ ماوەی5 تا 10 ساڵی تر یارمەتی بدەن، كەچی ئێستا ئەم دەمشڕانە هەر بە بالۆرەی مالیكی و نەیارانی هەرێم هەڵدەپەڕن و هەر هەرێم تۆمەتبار دەكەن و دەیانەوێت ئەم ئەزموونە مێژوویی یە، لەبەرچاوی جیهان، بە لاوازی نیشان بدەن.