بۆچی واز لە کاک نەوشێروان مستەفا ناهێنن !

نیازحاجی
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا ئێستا سەرکردەی لەو جۆرەی بەخۆیەوە نەدیووە کاتێک شکستێک تۆمار دەکات دان بەشکستەکەی خۆیدا بنێت و رایبگەیەنێت ،لەسەر ئاستی جیهانیش بەدەگمەن هەڵوێستی وا روودەدات ، بۆیە هەڵەین ئەگەر پێمان وابێت نەوشێروان مستەفا ئەوە دەکات.
دروستکردنی بزوتنەوەی گۆڕان و دواتر دەستبەسەرداگرتنی یەکێتی، لەلایەن نەوشێروان مستەفاوە (پرۆژەی تەمەن) بوو ، هەرچەندە دەستپێکی ئەو بیرۆکەیە لە ساڵانێکی زووەوە لەلایەن نەوشێروانەوە گەڵاڵە ببوو ، بەڵام وەک پرۆژە سەرەتاکانی هەنگاونان و دەسپێکی کرداری بۆ جێبەجێکردنی ئەو پرۆژەیە بۆ ساڵی ۲٠٠٥ دەگەرێتەوە کاتێک مام جەلال دوای روخانی رژێم بە پۆستەکانی بەغداوە سەرقاڵ بوو .
لەو پرۆژەیەدا نەوشێروان مستەفا هەنگاوی باشی بڕی و بزوتنەوەی گۆڕانی (لەناو هەناوی یەکێتی و کادیرانی حزبە ئیسلامیەکان و قوستنەوەی تەوژمی دەنگی ناڕەزایی خەڵک) دروست کرد، لە دوو خولی هەڵبژاردنی یەک لە دوای یەکی پەڕلەمانی کوردستاندا ۲٥ کورسی و دواتر ۲٤ کورسی بەدەست هێنا ، نەوشێروان مستەفا لەدوای نەخۆشکەوتنی مام جەلال و تۆمارکردنی ئەو سەرکەوتنانە تەنگی بە یەکێتی و سەرکردەکانی یەکێتی هەڵچنی، بەشداری لە پێکهێنانی حکومەتی هەرێمیدا کردوو پۆستی سەرۆکی پەڕلەمانی بۆ بزوتنەوەکەی مسۆگەرکرد ، هەروەها توانی باڵێکی یەکێتی و چەند حزبێکی تریش لەبەرەکەی خۆیدا کۆبکاتەوە.
ئەگەر ئەوەی سەرەوە بە (پڕۆژەی تەمەن)ی نەوشێروان مستەفا دابنێین ، ئەوا تەنها دوو (هەڵە) کە ئەویش بە(دوو هەڵەی تەمەن) ناویدەنێم ، شکستی بەو خەون و پرۆژەیەی ناوبراو هێنا.
هەڵەی یەکەمی نەوشێروان موستەفا لەوکاتەوە دەستی پێ کرد کاتێک سازشی بە دەنگی دەنگدەران و پۆستی پارێزگاری سلێمانییەوە کرد ، هەڵەی دووهەمیش ئەوە بوو کە رێککەوتنەکەی لەگەڵ پارتی تەواو نەکرد ، لەو دۆخە هەستیارەدا کە کوردستان لە ژێر هەڕەشە و شەرێ داعشدابوو ، بێباکانە شەقام و پەڕلەمانی بەکارهێنا بۆ دورخستنەوەی بارزانی و بابەتی سەرۆکایەتی هەرێم .
نەوشێروان مستەفا لەهەڵەی یەکەمدا متمانەی دەنگدەرانی بزوتنەوەکەی و شەقامی لەدەست دا، لە هەڵەی دووەمیشدا متمانەی سیاسی ناوخۆیی و متمانەی وڵاتانی دۆستی کوردی لەدەست دا.
پارتی دیموکراتی کوردستان ، پشت ئەستور بە جەماوەرەکەی و چەند حزبێکی سیاسی و وڵاتانی دۆستی کورد، تاک لایەنە بریاریدا کە رێککەوتنەکەی خۆی لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێم هەڵبوەشێنێتەوە و ڕۆڵی خراپ و هەرزەکارانەی پەڕلەمانی کوردستانی لەخاڵێکدا بوەستێنێت .
ئەو کاردانەوە توندەی پارتی دیموکراتی کوردستان چاوەڕوان نەکراو بوو لەلای نوشێروان مستەفاوە، کاردانەوەکە گورزێکی گەورەی لە (پڕۆژەی تەمەن) نەوشێروان مستەفا وەشاند، نەک هەر پرۆژەکەی وەستاند ، بەڵکو چەندین هەنگاو بۆ دواوەی گەراندەوە و بزوتنەوەی گۆڕانی توشی چەندین قەیرانی قوڵ کرد کە دواجار قەیرانی سەرکردایەتی بزوتنەوەکە بوو.
لەدوای بێ هیوابوونی نەوشێروان مستەفا لە بەکارهێنانی شەقام و پەڕلەمان بۆ بردنە پێشی (پڕۆژەی تەمەن)، بۆ ماوەی هەشت مانگ کوردستانی جێهێشت ، هیچ لێدوان و هەڵوێستێکی سیاسی لێ نەبینرا، لەوماوەیەشدا کە لەدەرەوە بوو، هیج کاردانەوەیەکی نەرێنی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی نەبینی لە دژی بڕیارەکەی پارتی بۆ پەکخستنی پەڕلەمان و دورخستنەی وەزیرەکانی گۆڕان ، بە پێچەوانەوە پارتی بەهێز تر لەجاران دەرکەوت و هەنگاوەکانی بۆ کۆکردنەوەی پشتگیری نێودەوڵەتی بۆ پرسی سەربەخۆیی باشتر و خێراتر بوون ، ئەمە وای کرد کە ناوبرا پێداچونەوە بە پڕۆژەکەیدا بکاتەوە و جارێکی تر هەوڵ بۆ بەگەڕخستنەوەی (پڕۆژەی تەمەن) بداتەوە بە ئاراستەی دەستبەسەرداگرتنی یەکێتی ، ئەوەبوو جارێکی تر گەرایەوە کوردستان و لە رێی بەکارهێنانی گوشاری جۆراو جۆر و جارێکی تر بەکارهێنانی (شەقامی ماندووی سلێمانی) بۆ دەستکەوتی سیاسی ، هەروەها لە رێی سودوەرگرتن لە باڵێکی نەیاری پارتی لە ناو یەکێتیدا ، یەکێتی خستە ژێرباری گرێدانی رێکەوتنێکی سیاسیەوە کە پارساڵ لە مانگی پێنج وەک ئێستا دەستی بە هەنگاوەکانی کرد کە (فەرید ئەسەسەرد) داینەمۆکەی بوو و لە کۆتایی مانگی حەوت راگەیەنرا .
ئەوەبوو هەر لە سەرەتاوە پارتی هەڵوێستی بەرامبەر رێککەوتنەکە راگەیاند و پێشوازی لێی نەکرد ، باڵێکی یەکێتیش باش لە نیازی پشتەوەی ئەو رێککەوتنە گەیشت بۆیە یەک خاڵیشی لێی جێبەجێ نەکرد و ئەو دەست و ئەو دەستی بە گۆڕان دەکرد و رێککەوتنەکە وەک حیبری سەر کاغەز مایەوە .
کەوتنە ناو تەمەن و دۆخی تەندروستی و جارێی تر رۆیشتنی نەوشێروان مستەفا بۆ دەرەوە ، هاوکاربوو بۆئەوەی یەکێتی بێباکانە هیچ گرنگیەک بەرێککەوتنەکە نەدات . ئەوە وای کرد کە بزوتنەوەی گۆڕان توشی قەیرانێکی تری سەرکردایەتی بێت ، بەشێکی زۆر لە سەرکردەکانی گۆڕان و پەڕلەمانتار و راگەیاندنکار و میدیا سیبەرەکانیان گورگانخوارد بوون و لەژێر کاریگەری نەوشێروان موستەفا دەرچوون ، ئێستا لە شوێنی ترەوە کۆنتڕۆڵ و ئاراستە دەکرێن !
نەوشێروان مستەفا چەند لە یەکێتی نیگەرانە ، زۆر زیاتر لەوە ، لە هەڵسوکەوتی زۆرێک لە سەرکردە و هەندێک پەڕلەمانتاری گۆڕان و میدیاکاریان نیگەرانە ، هەندێکیان کەوتونەتە ژێر هەژمونی مالیکی و پەکەکە و وڵاتانی دراوسێوە و چۆنیان بوێ وا ئاراستەیان دەکەن ، بەئاستێک گەیشتووە کە هەندێکیان رووی عەرەبە شوڤینیەکانیشیان سپی کردۆتەوە لەدژایەتی کوردستان .
بۆ دەڵێم نەوشێروان مستەفا نیگەرانە ؟؟
کاتێک نەوشێروان مستەفا زیاتر لە هەشت مانگ لە دەرەوە دەبێت و هیچ هەڵوێست و لێدوانێک نادات لەسەر دۆخی ناوخۆیی گۆران و پەیوەندی و پێشوازی لەگەڵ هیچیان گرێنادات و نایکات ، کاتێک چەندین جار سەرکردە و پەڕلەمانتارەکانی خۆی بە درۆ دەخاتەوە بۆ هەواڵی گەڕانەوە و نەگەڕانەوەی بۆ کوردستان ، کاتێکیش کە دەگەرێتیەوە حسابی یەک سەلکە توری بەقوڕیان بۆناکات و ئەوانیش وەک خەڵکی ئاسایی لە میدیاکانەوە پێی دەزانن ، کاتێک دەگەرێتەوە و نایانبینێت و هیچ لێدوانێکیش نادات ، ئەوە ئەوپەڕی نیگەرانی و سوکایەتی کردن پێیان دەگەیەنێت .
ئایا دەکرێت بڵێین نەوشێروان موستەفا نەخۆشە ؟؟
لەو وێنانەی کە لەماوەی رابردوو لە لەندەن بڵاوکرانەوە ، هەروەها نەگەرانەوەی بۆ بەشداری لە پرسەی هاوسەرەکەی ، گەرانەوەی بە فرۆکەی تایبەت و بەشێوازێکی نهێنی و دوو لە چاوی کامیراکان و ئەنجامدانی چەند دیدارێکی سنوردار لەگەڵ یەک دوو سەرکردەی یەکێتی ، ئەو راستیە دەسەلمێنێت کە ناوبراو دۆخی تەندروستی ناهەموارە ، گەرانەوەی لەم کاتەدا بۆ راپەراندنی چەند کارێکی کەسی و یەکلایی کردنەوەی چارەنوسی گۆران و خانەوادەکەیەتی .
لەبەر ئەوەی بزوتنەوەی گۆڕان لەناو هەناوی یەکێتیەوە لەدایکبووە ، سەرەڕای نیگەرانیەکانی نەوشێروان مستەفا لە یەکێتی ((بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانی خۆی و خانەوادەکەی ، باشترین بژاردە دوای نەخۆشکەوتنی نەوشێروان مستەفاو شکستی لە(پڕۆژەی تەمەن)، گەڕاندنەوەی گۆڕانە بۆ نێو باوەشی یەکێتی)) ، بەڵام گرفتێک لەم رووەوە بۆ نەوشێروان مستەفا و یەکێتی دروست دەبێ ئەویش بریتیە لە یاخی بوون و لەدەست دەرچوونی چەند میدیاکار و سەرکردە و پەرلەمانتاری بزوتنەوەی گۆڕان لە ژێر هەژموونی نەوشێروان مستەفا، کە لە شوێنی ترەوە ئاراستە و کۆنتڕۆڵ کراون، هەندێکیان (بەرهەم صاڵح) خۆی بۆ مەڵاس داون تا لە ئایندەدا لەگەڵ هەندێک سەرکردە و پەڕلەمانتاری یەکێتی و لەگەڵ چەند میدیاکارێک لە لیستێکی هەڵبژاردندا کۆیانبکاتەوە ، هەندێکیشیان مالیکی کۆنتڕۆڵی کردوون .
دوای گەرانەوەی نەوشێروان مستەفا، ئەگەر بانگەشە بۆ هەر رێککەوتن و پرۆژەیەکی تریش بکرێت و شەقامیش بجولێنرێت یاخود هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنەکەش بکەن یان تەواویش هەڵیبوەشێننەوە ، ئەوە تەنها بۆ خۆڵکردنە چاوی خەڵکە و ئامانجەکەی تەنها بۆ خزمەتی ئەو برگەیەی سەرەوەیە کە ئاماژەم پێ داوە چونکە باری تەندروستی تەنها دەرفەت و بوار بەو کارە دەدات و تەمەن زۆری بەسەرەوە نەماوە . پرۆسەی سەربەخۆیی کوردستانیش جارێکی تر ناتوانرێت رێگای پێ بگیرێت و قۆناغە ناخۆشەکانیش واخەریکە میللەت لەگەڵی خۆی رادەهێنێت.
بۆیە پێویستە چیتر ئەوەندە باس لە گەڕانەوەی نەوشێروان مستەفا نەکرێت ، (پرۆژە تەمەن)ەکەی شکستی هێناوە و دەیەوێ بەبێدەنگی و پاراستنی بەرژەوەندیەکانی خۆی ئەو کاتەی ماوە لەتەمەنی ، بەسەری ببات.
۲٠۱۷/٥/۱٦

Back to top button