سەركردەیەكی یەكێتی: ناكرێت پرسی چارەنووسسازی گەلی كوردستان پەكبخرێت
خواكوڕك
لە لێدوانێكی دا بۆ مالپەری فەرمی پارتی مستەفا چاورەش ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەلێت”گەلی كوردستان لە مێژووی سیاسی و رابردووی خۆیدا قوربانیی زۆری داوە تا ئەم دەسكەوتانە بە دەست هاتوون، ئەم دەسكەوتانەی ئێستا بەرهەمی خوێنی شەهیدان و قوربانیانی گەلی كوردستانە، بۆیە زۆر گرینگە لەم كاتەدا كە هەموو جیهان پشتیوانی لە دۆزی كورد دەكات، گەلی كوردستان بڕیاری چارەنووسسازی خۆی بدات، ئەوەیش لە رێگای ریفراندۆمەوە دەبێت، باشترین رێگایشە بۆ ئەوەی كە بە شێوەیەكی ئاشتیانە لەگەڵ عێراق ئاییندەی خۆمان دیاری بكەین، هەروەها گرینگە ڕیفراندۆم وەك بەڵگەیەك بەدەستمانەوە بێت و بۆ هەمووجیهانی بسەلمێنین كە گەلی كوردستان داوای مافی خۆی دەكات لە رێگای ئاشتیانەوە، ههر بۆیە دەبێت هێزە سیاسییەكانی كوردستان پێكەوە دابنشین و ئەم قۆناغە تێپەڕێنن، چونكە مێژوو سەلماندوویەتی هەر كاتێك گەلی كوردستان لە ناوخۆیدا تەبا نەبووبێت، نەیتوانیوە هیچ دەسكەوێتێك بە دەست بهێنێت، ئێستایش گرینگە گەلی كوردستان ئەم دەرفەتە مێژووییە لە دەست خۆی نەدات”.
هەروەها چاورەش دەشلێت، دۆخەكە ئەوە دەخوازێت گەلی كوردستان بڕیاری چارەنووسسازی خۆی بدات و، حزبە سیاسییەكانیش پێكەوە ئەم قۆناغە تێپەڕێنن.
مستەفا چاورەش دەشلێت” داوا لە هەموو هێزە سیاسییەكانی كوردستان دەكەین، كار بۆ بەدیهێنانی خەونی گەلی كوردستان بكەن و، پێشمان وایە ئەگەر گەلی كوردستان بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات، هیچ وڵاتێك ناتوانێت دژایەتیی ویستی خەڵكی كوردستان بكات، بگرە پشتیوانییشی لێ دەكەن، نایشكرێت ئەم پرسە كە پرسێكی گرینگ و نیشتیمانییە، پەراوێز بخرێت و دەبێت كار بكرێت بۆ ئەوەی هەرچی زووە بڕیار لە چارەنووسی خۆمان بدەین”.