مەسرور بارزانی: ڕیفراندۆم دەنگی گەلە و هیچ كەسێك ناتوانێت دەنگی گەل بۆ ئامانجی سیاسی خۆی بەكاری بهێنێت
خواكوڕك
دوای بەشداری كردنی لە سیمینارێكی دامەزراوەی هێرتێچ لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریكا, مەسرور بارزانی راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان دەلێت:” ڕیفراندۆم دەنگی گەلە و هیچ كەسێك ناتوانێت دەنگی گەل بۆ ئامانجی سیاسی خۆی بەكاری بهێنێت”
مەسروور بارزانی، راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، لە سیمینارەكەیدا ڕاشیگەیاند:” ڕیفراندۆم بەدڵنیاییەوە ئەنجام دەدرێت بۆ ئەوەی بزانین ڕای گەلەكەمان چییە، پێشوەختەش لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و عێراق و وڵاتانی ناوچەكە و جیهان، قسەمان لەبارەیەوە، كردووە”.
جەختیشیكردەوە، كە ڕیفراندۆم بە مانی پتر ئاڵۆزكردنی ناوچەكە نییە، بەڵكو ڕیفراندۆم دەبێتە چارەسەرێك بۆ قەیرانەكانی ناوچەكە.
سەبارەت بەوەی كە ئایا هیچ وڵاتێك بە ئاشكرا دژایەتی خۆی بۆ ڕیفراندۆم دەربڕیوە، لە وەڵامدا راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، جەختی كردەوە، كە هیچ وڵاتێك دژایەتی خۆی بۆ ڕیفراندۆم، ڕانەگەیاندووە.
سەبارەت بەوەی كێشە كەوتووەتە نێوان ئەمریكا و توركیاوه، لەوبارەیەوە لەلایەن یەكێك لە ئامادەبووانەوە پرسیاری ئەوەی لێكرا، كە ئایا لەهەرێمی كوردستاندا بوار هەیە كە ئەمریكا لەبری توركیا سوود لە خاكی هەرێم وەربگرێت، لە وەڵامدا، مەسرور بارزانی، گوتی :” ئێمە پێشتر ڕامانگەیاندووە كە خۆشحاڵ دەبین و ئەمریكا دەتوانێت لەو ئیمكانیاتانەی لەهەرێمی كوردستاندا هەیە، سوود وەربگرێت”.
سەبارەت بە ئاڵۆزی پەیوەندی نێوان هەرێمی كوردستان و حەشدی شەعبی، مەسرور بارزانی، ڕای گەیاند :” تەنها كێشەمان لەگەڵ حەشدی شەعبی ئەو لێدوانانەیە كە لێرەو لەوێ سەركردەكانیان ڕایدەگەیەنن، ئەگەرنا ئێمە هەماهەنگین لەگەڵیاندا بۆ شەڕی دژ بەداعش، بەڵام دەبێت ئەوانیش ڕیز لە واقعی ناوچەكە و سەروەری هەرێمی كوردستان بگرن”.
سەبارەت بە كێشەی لایەنە كوردستانییەكانی ڕۆژئاوا، پرسیاری ئەوەی لێكرا، كە پێشتر سێ كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكان بەسەرپەرشتی مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان كرا، بەڵام دواتر لایەنەكان پایەندی خاڵەكانی ڕێككەوتنەكان نەبوون، لە وەڵامی ئەو پرسیارەی كە ئایا بۆ چی لایەنە سیاسییەكان، پابەندی ڕێككەوتنەكە نەبوون، مەسرور بارزانی، گوتی :” ئەوان لە كۆبوونەوەكە ڕێكدەكەوتن، بەڵام كە دەگەڕانەوە بۆ كوردستانی ڕۆژئاوا لەلایەن هێزەكانی سەر بە پەكەكەوە ڕێگریان لێدەكرا و فشاریان دەخرایەسەر، ئێستاش هەرێمی كوردستان و سەرۆكی هەرێمیش ئامادەیە و دەرگای گفتوگۆكان كراوەن بۆ ئەوەی گەڕی چوارەمی كۆبوونەوەكان بەڕێوەبچێت و لایەنە كوردستانییەكانی ڕۆژئاوا، بگەن بەڕێككەوتن”.
سەبارەت بە پەیوەندی نێوان ئێران و پەكەكە و ئەو ڕاپۆرتانەی باس لەوە دەكەن، ئێران هاوكاری ئەو حزبە دەكات، مەسرور بارزانی، گوتی :” ئێمە دەمانەوێت پەیوەندییەكانمان لەگەڵ هەموو وڵاتاندا باش بێت، لەگەڵ ئەوەشدا دەستێوەردان لەكاروباری ناوخۆی هەرێمی كوردستاندا جێگای قەبووڵكردن نییە”.
لە پرسیارێكی دیكەدا، پرسیاری ئەوە كرا، كە گوایە هەرێمی كوردستان پرسی ڕیفراندۆم وەكو فشارێك بەرامبەر حكوومەتی عێراقی فیدڕاڵ بەكار دەهێنێت، بۆ ئەوەی ئیمتیازاتی زیاتر بەدەست بهێنێت، لە وەڵامدا گوتی :” نەخێر بەو شێوەیە، ڕیفراندۆم دەنگی گەلە و هیچ كەسێك ناتوانێت دەنگی گەل بۆ ئامانجی سیاسی خۆی بەكار بهێنێت”.