مەسرور بارزانی: ئامادەین هاوكاری ڕێكەوتنی یەپەگە و لایەنەكانی رۆژئاوا بكەین
خواكوڕك
دوای ئەوەی ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە مەسرور بارزانی راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، سمینارێكی لە سەنتەری هێریتج لە واشتۆن بە ناوی “ڕوانگەیەك لە كوردستانەوە بۆ عێراقی دوای داعش” پێشكەش كرد، لە وەڵامی پرسیارێكدا لەبارەی پەكەكە لە رۆژئاوا، دووپاتی كردەوە ئەوان ئامادەن هاوكاری ڕێكەوتنی یەپەگە و لایەنە كوردستانیەكانی رۆژئاوا بكەن بۆ ئەوەی بگەنە ڕێكەوتن.
مەسرور بارزانی لە وەڵامی پرسیاری ئامادەبوویەكی سمینارەكە لەبارەی ناكۆكییەكانی لایەنەكانی رۆژئاوای كوردستان رایگەیاند كە تا ئێستە هەموو لایەنەكانی رۆژئاوای كوردستان ئامادەییان دەربڕیوە لەیەكتری نزیك ببنەوە، جگە لە پەكەكە.
ئاماژەی بەوەش دا كە مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دوو دەستپێشخەری كردووە بۆ نزیكردنەوەی لایەنەكانی رۆژئاوا، بەڵام پەكەكە ئامادە نەبووە رێكەوتن بكات، جگە لەوەش، پەكەكە تا ئێستەش پارتە كوردستانیەكانی تر لە رۆژئاوای كوردستان دەكاتە دەرەوە.
راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان نمونەی بەوە هێنایەوە كە پێشمەرگەی رۆژئاوا هەبووە لە شەڕی داعش شەهید بووە، بەڵام هێزەكانی یەپەگەی (باڵی رۆژئاوای كوردستانی پەكەكە) قبووڵی نەكردووە تەرمەكەی ببرێتەوە زێدی خۆی لە رۆژئاوای كوردستان.
مەسرور بارزانی هیوای خواست یەپەگە و لایەنەكانی تری رۆژئاوا رێك بكەون، گوتیشی “ئێمە خواستی ئەوەمان هەیە یەپەگە و لایەنەكانی تر رێك بكەون و ئێمەش ئامادەین هاوكارییان بكەین”
لە وەڵامی پرسیارێكی تریش لەبارەی هەبوونی هێزەكانی پەكەكە لە شنگال، رایگەیاند “دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان و خەڵكی شنگالیش داوای چوونە دەرەوەی پەكەكە دەكەن. ئەوانەی لەو شارەش گوایە بوونەتە پەكەكە، خەڵكی ناوچەی ترن و هی شنگال نین.
مەسرور بارزانی دووپاتی كردەوە هەرێمی كوردستان كێشەی لەگەڵ پەكەكە نییە، بەڵكو وەك ئەو گوتی “ئەوان كێشەیان لەگەڵ ئێمە هەیە، كێشەیان هێناوەتە ناوچە و هەرێمی ئێمە، خوازیارین رێز لە سەروەری و دەسەڵاتی كوردستان بگرن، خوازیارین گوێ لە ئێمە و خەڵكی شنگال بگرن، تەواوی خەڵكی شنگالیش داوا دەكەن پەكەكە ناوچەكە بەجێ بێڵن، بۆیە تاكە چارەسەر ئەوەیە ڕێز لە خواستی حكومەتی هەرێمی كوردستان و خەڵكی ناوچەكە بگرن و شنگال بەجێ بێڵن، پێویستە ڕێگەمان بدەن ناوچەكە ئاوەدان بكەینەوە، ئەمەش تەنها ڕێگە چارەسەرە.