ترەمپ: پشتیوانی توركیاین لە شەڕی گرووپە تیرۆریستییەكانی داعش و پەكەكە
خواكوڕك
دوای كۆتا هاتنی كۆبوونەوەیەكی كورتی دوو قۆڵی نێوان سەرۆكی ئەمریكاو توركیا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانیدا لەگەڵ ئەردۆغان، دۆناڵد ترەمپ گوتی “پشتیوانی توركیاین لە شەڕی گرووپە تیرۆریستییەكانی داعش و پەكەكە”.
كاژێر 11ی بەیانی بە كاتی ئەمریكا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا گەیشتە كۆشكی سپی و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا بۆ ماوەی 15 خولەك كۆبووەوە. دوای كۆنگرە رۆژنامەڤانییەكەش كۆبوونەوەیەكی دیكەی شاندی باڵای هەردوو وڵات بە سەرۆكایەتی ترەمپ و ئەردۆغان بەڕێوەچوو، بڕیاریشە دواتر لە كۆشكی سپی نانی نیوەڕۆ بخۆن.
لەكاتی پێشوازی لە ئەردۆغان لە ئۆڤاڵ ئۆفیس، ترەمپ بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، پەیوەندییەكانی واشنتن و ئەنقەرە باشن و هەوڵدەدەن باشتریشی بكەن. گوتیشی “گفتوگۆكان لەگەڵ ئەردۆغان درێژ و زەحمەت دەبن”.
لە كۆنگرە رۆژنامەڤانییەكەدا، دۆناڵد ترەمپ گوتی “ئێمە دوژمنێكی نوێمان هەیە كە تیرۆریستانن و دەبێ بەیەكەوە بەرەنگاریان ببینەوە. پاڵپشتی توركیا دەكەین لە رووبەڕووبوونەوەی گرووپە تیرۆریستییەكانی وەك داعش و پەكەكە”.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیاش گوتی “ئەم سەردانەی ئەمریكا مێژوویی دەبێت. دەبێ لەگەڵ ئەمریكادا دەست بە پەیوەندییە تووندوتۆڵەكەمانەوە بگرین”.