نێچیرڤان بارزانی:با بێن باوه‌ڕمان بۆ دروست بكه‌ن كه‌ مانه‌وه‌مان له‌ چوارچێوه‌ی عیراقدا له‌ به‌رژوه‌ندیی ئێمه‌دایه‌

خواكوڕك 

لەدیمانەیەك لەگەڵ كەناڵی ئەلعەرەبییە حەدەس دا نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌موو شتێكمان بۆ یارمه‌تیدانی سوپای عیراق ئه‌نجام دا و دوای بیست و پێنج ساڵ ڕێگه‌مان دا سوپای عیراق بێته‌ كوردستان و باشترین هه‌ماهه‌نگی و هاوكاریمان له‌گه‌ڵیان هه‌بووه‌ له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌، له‌ ڕووی پێدانی زانیاری و ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كانه‌وه‌ هاوكاریی زۆرمان كردوون و خۆشیان ڕێزێكی زۆریان بۆ ئه‌م ڕۆڵه‌ی پێشمه‌رگه‌ و هاوكاری و هه‌ماهه‌نگیی نێوان سوپای عیراق و پێشمه‌رگه‌ هه‌یه‌، ئه‌مه‌ سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ بوو، به‌ڵام ئه‌ی له‌م ماوه‌یه‌دا عیراق چی كردووه‌؟ به‌داخه‌وه‌ به‌غدا بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستانی بڕی و حكوومه‌تی ئێستاش هه‌مان سیاسه‌تی په‌یڕه‌و كرد. له‌ ڕووی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نییه‌وه‌، هیچ یارمه‌تییه‌كی هه‌رێمی كوردستانیان نه‌داوه. له‌ كاتێكدا ئێمه‌ سی و پێنج هه‌زار بریندار و نه‌خۆشی مووسڵمان له‌ نه‌خۆشخانه‌كانی هه‌ولێر چاره‌سه‌ر ده‌كرد، به‌شه‌ ده‌رمانی هه‌رێمی كوردستانیان بڕی. كاتێك بانكی نێوده‌وڵه‌تی پاره‌ وه‌ك قه‌رز ده‌داته‌ عیراق، ئاماده‌ن ئه‌و پاره‌یه‌ بۆ ناوچه‌كانی باشووری عیراق دابین بكه‌ن، به‌ڵام ڕازی نابن هه‌رێمی كوردستان پشكی خۆی له‌و پاره‌یه‌ وه‌رگرێت. ئه‌م عه‌قلیه‌ته‌ چۆن ده‌گۆڕدرێت؟ ئێمه‌ چۆن هه‌ست بكه‌ین كه‌ به‌شێكین له‌م وڵاته‌؟ با بێن باوه‌ڕمان بۆ دروست بكه‌ن كه‌ مانه‌وه‌مان له‌ چوارچێوه‌ی عیراقدا له‌ به‌رژوه‌ندیی ئێمه‌دایه‌.
ده‌قی دیمانه‌ی نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ به‌رنامه‌ى مقابلة خاصة”ی كه‌ناڵی ِئه‌لعه‌ره‌بییه‌ حه‌ده‌س.

العربیة: دووساڵ و نیو پێش ئێستا دیمانه‌یه‌كم له‌گه‌ڵ جه‌نابتان ئه‌نجام دا، له‌و كاته‌دا داعش كۆنترۆڵی مووسڵی كردبوو و ئاڵاكانیان له‌ نزیك هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ ده‌شه‌كایه‌وه‌، ئایا په‌شیمانن له‌وه‌ی كه‌ له‌و كاته‌دا ئێوه‌ ڕووبه‌ڕووی داعش نه‌بوونه‌وه‌؟

نێچیرڤان بارزانی: ڕاستییه‌ك هه‌یه‌، پێش ئه‌وه‌ی داعش بێته‌ مووسڵ، زانیاریی ته‌واومان هه‌بوو كه‌ ئه‌وه‌ ڕوو ده‌دات. زۆر هه‌وڵمان دا له‌گه‌ڵ به‌غدا، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌لایه‌ن به‌غداوه‌ ئه‌وه‌ زۆر به‌ هه‌ند وه‌رنه‌گیرا. كاتێكیش داعش هاته‌ مووسڵ، ئێمه‌ دیسان زۆر هه‌وڵمان دا له‌گه‌ڵ به‌غدا‌ ڕێگه‌ بده‌ن هێزی پێشمه‌رگه‌ بنێرین، به‌داخه‌وه‌ ڕێگه‌یان نه‌دا. ئه‌گه‌ر ئه‌وان ڕێگه‌یان بدابا هێزی پێشمه‌رگه‌ بنێرین یان شه‌ش مانگ پێش ئه‌وه‌ كه‌ ئێمه‌ زانیاریمان هه‌بوو، هه‌ماهه‌نگی و هاوكارییه‌كمان هه‌بوایه،‌ باوه‌ڕم وایه‌ بارودۆخی مووسڵ به‌ شێوه‌یه‌كی دیكه‌ ده‌بوو، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌وكاته‌ ئه‌و به‌ده‌نگه‌وه‌هاتنه‌ له‌ به‌غداوه‌ نه‌بوو.

العربیة: ئێستا له‌ به‌غدا و ته‌نانه‌ت له‌نێو ڕێكخراوه‌كانی نێوده‌وڵه‌تیشدا باسی ترسی دوای داعش ده‌كرێت. ئایا ئه‌و ناوچانه‌ی له‌لایه‌ن هێزی پێشمه‌رگه‌وه‌ ڕزگار كراون ڕاده‌ستی ده‌سه‌ڵاتی به‌غدای ده‌كه‌نه‌وه‌،‌ یاخود ماده‌ی 140ی ده‌ستووری عێراق جێبه‌جێ كرا و ته‌واو؟

نێچیرڤان بارزانی: ئێمه‌ ئه‌و ناوچانه‌مان به‌زۆر داگیر نه‌كردووه‌، داعش ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌ی داگیر كردبوو و هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان دوای ئه‌و ڕه‌زامه‌ندییه‌ی دواتر له‌ به‌غدا وه‌ریگرت، ئه‌و ده‌ڤه‌رانه‌ی له‌ ده‌ستی داعش ڕزگار كرده‌وه‌. ئه‌مڕۆ هه‌ر گفتوگۆیه‌ك له‌گه‌ڵ به‌غدا، ده‌بێت له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی نوێ بێت و شێوه‌ی گفتوگۆی ئێمه‌ بێگومان گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت، ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ ئێمه‌ ئاماده‌ نه‌بین بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا، ئاماده‌ی گفتوگۆین، به‌ڵام گفتوگۆكه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی دیكه‌ ده‌بێت، به‌تایبه‌تی پاش ئه‌و ڕووداوانه‌ی كه‌ دوای ساڵی 2014 له‌ عێرق ڕوویان دا.

العربیة: سه‌باره‌ت به‌ ده‌ڤه‌ری شه‌نگال و گونده‌ عه‌ره‌بی و كوردی و ئێزدییه‌كانی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌، ئایا باوه‌ڕتان وایه‌ كه‌ دوای هێرشه‌كانی داعش و ئه‌وانه‌ی له‌و ناوچانه‌ هاوكاریی داعشیان كرد، ژیان له‌و ناوچانه‌دا ئه‌سته‌م بووه‌ و پێكه‌وه‌ژیان له‌و ناوچانه‌ وه‌كو خۆی نه‌ماوه‌‌؟.
نێچیرڤان بارزانی: دوای هاتنی داعش بۆ ناوچه‌كه‌ شتی زۆر خراب و كێشه‌ی زۆر ڕووی دا، به‌ڵام ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ ئێمه‌ ناتوانین پێكه‌وه‌ بژین، له‌و ده‌ڤه‌رانه‌ پێكهاته‌ی جیاواز هه‌ن وه‌ك كورد، عه‌ره‌ب، توركمان، ئێزدى و مه‌سیحییه‌كان. پێویسته‌ هه‌وڵی جددی بده‌ین بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی متمانه‌ له‌ نێوان ئه‌و پێكهاتانه‌، تابلۆی جوانی ئه‌و سنووره‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و پێكهاتانه‌ پێكه‌وه‌ بژین. له‌ قۆناغی یه‌كه‌مدا ئێمه‌ پێویستیمان به‌وه‌یه‌ ئه‌و متمانه‌یه‌ی له‌نێوان پێكهاته‌كاندا هه‌بوو، بگه‌ڕێته‌وه، باوه‌ڕ ده‌كه‌م شتێكی ئاسان نه‌بێت، به‌ڵام كارێكی مه‌حاڵیش نییه‌ و ده‌كرێت كاری له‌سه‌ر بكرێت.

 

العربیة: ئێوه‌ به‌ڕێوه‌چوونی ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كان له‌ مووسڵ چۆن ده‌بینن، به‌تایبه‌تی‌ هه‌ندێك بۆچوون هه‌یه‌ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن پێش هاتنی مانگی ڕه‌مه‌زان شه‌ڕی مووسڵ كۆتایی دێت، جه‌نابتان مووسڵی دوای داعش چۆن ده‌بینن؟

نێچیرڤان بارزانی: پرسیاره‌ گرنگه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌، ئه‌و هۆكارانه‌ چین كه‌ داعش هاته‌ عیراق، یان هۆكاری دروستبوونی داعش له‌ عیراق چین؟ ئایا چاره‌سه‌ری ئه‌و هۆكارانه‌ كراوه‌ یان نا؟ به‌ بڕوای من تا ئێستا ته‌نانه‌ت باسیش له‌و هۆكارانه‌ ناكرێت، پێداگیرییه‌كی زۆر له‌سه‌ر ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی هه‌یه‌ بێ ئه‌وه‌ی هیچ دیدگایه‌كی ڕوون بۆ چاره‌سه‌رێكی سیاسی له‌و ناوچه‌یه‌ هه‌بێت. داعش له‌ ئه‌نجامی سیاسه‌تێكی هه‌ڵه‌ی به‌غدا دروست بووه و ڕێكخراوێكی عیراقییه‌ و له‌ ده‌ره‌وه‌ نه‌هاتووه. پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئایا ئێستاش به‌غدا هه‌ر ئه‌و سیاسه‌ته‌ هه‌ڵه‌یه‌ په‌یڕه‌و ده‌كات؟ به‌ بڕوای من هیچ نیشانه‌یه‌كی گۆڕانكاری له‌ عیراق نییه‌ و ئه‌و عه‌قلیه‌ته‌ هه‌ر هه‌یه‌ كه‌ بوو به‌ هۆی ئه‌وه‌ی داعش دروست ببێت، تا ئه‌و هۆكاره‌ سیاسییانه‌ش‌ چاره‌سه‌ر نه‌كرێن، به‌ بڕوای من كێشه‌ی داعش له‌ عیراق كۆتایی نایه‌ت. له‌وانه‌یه‌ داعش وه‌ك ڕێكخراوێك كه‌ شاره‌كانی وه‌كو مووسڵ و چه‌ند ده‌ڤه‌رێكی دیكه‌ی عیراقی به‌ده‌سته‌وه‌ بوو، ته‌واو ده‌بێت، به‌ڵام وه‌ك ڕێكخراو، یان عه‌قلیه‌ت و بیرێك ده‌مێنێته‌وه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ هۆكاره‌كانی‌ دروستبوونی داعش چاره‌سه‌ر بكرێن، ئه‌گینا‌ دوای شه‌ڕی مووسڵیش هه‌ر هه‌مان شت ده‌بێت. ئۆپه‌راسیۆنی ئازادكرنه‌وه‌ی مووسڵ ئاسان نییه، به‌تایبه‌تی له‌ به‌ری ڕاستی شاره‌كه، دانانی كاتێكی دیاریكراویش بۆ ئازادكردنی شاره‌كه‌ به‌ بڕوای من شتێكی واقعی نییه‌‌.

العربیة: ئه‌م وه‌ڵامه‌ی جه‌نابت من بۆ پرسیارێكی قووڵتر دێنێته‌ ئاراوه‌ به‌وه‌ی كه‌ ئاینده‌ی عیراق دیار نییه‌. هه‌ندێك وا باس ده‌كه‌ن كه‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتوو، نه‌خشه‌یه‌كی نوێی سیاسی و عیراقێكی نوێ دروست ده‌كات، ئێوه‌ش هه‌مان بیروبۆچوونتان هه‌یه‌؟

نێچیرڤان بارزانی: ده‌ستووری عیراق ده‌ڵێت،‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌م ده‌ستووره‌ زامنی یه‌كپارچه‌ییی عیراقه‌، چوارده‌ ساڵ به‌غدا ده‌رفه‌تی هه‌بووه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌م ده‌ستووره‌، له‌م چوارده‌ ساڵه‌دا به‌غدا له‌ جێبه‌جێكردنی ده‌ستووردا چی كردووه‌؟ ئه‌و ماددانه‌ی له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیاندا بووه‌، ویستوویانه‌ جێبه‌جێیان بكه‌ن و هه‌ر مادده‌یه‌كیش كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌واندا نه‌بووه‌ به‌ هه‌ر بیانوویه‌ك بێت دوایان خستووه‌ و جێبه‌جێیان نه‌كردووه‌. گه‌ر واقعیتر سه‌یری عیراق بكه‌ین، ده‌بێت نه‌خشه‌ی سیاسیی عیراق له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا بگۆڕدرێت و ناكرێت عیراق تاهه‌تایه‌ به‌م شێوه‌یه‌ به‌رده‌وام بێت، خه‌ڵكی عیراق شایسته‌ی ژیان و بارودۆخێكی باشترن له‌وه‌ی كه‌ هه‌یه‌، به‌م عه‌قلیه‌ته‌ سیاسییه‌ی كه‌ ئه‌مڕۆ عیراق به‌ڕێوه‌ ده‌بات، به‌ ئه‌سته‌مى ده‌بینم ئه‌وه‌ جێبه‌جێ بكرێت.

 

العربیة: به‌غدا و ژماره‌یه‌كی زۆری سیاسییه‌كان له‌ عیراق وای ده‌بینن كه‌ كارتى ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆییی كوردستان، كارتێكى گوشاره‌ له‌لایه‌ن هه‌رێمی كوردستانه‌وه به‌رامبه‌ر به‌غدا به‌كار ده‌هێنرێت به‌مه‌به‌ستى به‌ده‌ستهێنانی ده‌ستكه‌وت و شایسته‌ی زیاتر، چاودێرانیش پێیان وایه‌ كه‌ سه‌ربه‌خۆییی كوردستان كارێكی ئه‌سته‌مه‌ چونكه‌ وڵاتانی دراوسێ ئه‌مه‌یان ناوێت؟.

نێچیرڤان بارزانی: ئه‌مه‌ بۆچوونێكی هه‌ڵه‌یه‌، ساڵی 2003 كاتێك گه‌ڕاینه‌وه‌ به‌غدا، ‌به‌ كۆمه‌ڵێك هیوا و ئومێده‌وه‌ چووین و پێمان وابوو به‌غدایه‌كی نوێیه‌ و داڕشتنه‌وه‌ی نه‌خشه‌ی سیاسیی عیراقه‌ له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی نوێ، هه‌ر ئه‌مه‌ش هۆكار بوو كه‌ ئێمه‌ به‌ ئاره‌زووی خۆمان گه‌ڕاینه‌وه‌ به‌غدا و هه‌موو شتێكیشمان كرد بۆ ئه‌وه‌ی عیراق به‌ یه‌كپارچه‌یی بمێنێته‌وه‌. ئێمه‌ وه‌ك كورد دوای 14 سال پرسیارێك له‌ خۆمان ده‌كه‌ین، ئایا ئێمه‌ له‌و عیراقه‌دا له‌ كوێین؟ با برایانمان له‌ به‌غدا متمانه‌مان پێ بده‌ن كه‌ مانه‌وه‌مان له‌گه‌ڵیان زیاتر له‌ به‌رژوه‌ندیی ئێمه‌دایه‌ نه‌ك جیابوونه‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وان هیچ شتێك ناكه‌ن. من با نموونه‌یه‌كی زۆر ساده‌ت بۆ بهێنمه‌وه‌، له‌گه‌ڵ ڕێزم بۆ هه‌موو ئه‌و شه‌هیدانه‌ی كه‌ حه‌شدی شه‌عبی داویانه‌، ده‌بینین حه‌شدی شه‌عبی له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی عیراقه‌وه‌ یاسای بۆ ده‌رده‌‌كرێت و هه‌ر به‌پێی یاسا ده‌بێت هه‌موو پێویستییه‌كانی بۆ جێبه‌جێ و دابین بكرێت، كه‌ دێینه‌ سه‌ر پرسی پێشمه‌رگه‌، كه‌ وه‌ك حه‌شدی شه‌عبی دژی هه‌مان دوژمنه،‌ له‌م وڵاته‌دا شه‌هید و برینداری داوه‌ و خه‌باتی كردووه‌، له‌ په‌رله‌مانی عیراق ئاماده‌ نین ته‌نانه‌ت به‌ یه‌ك وشه‌ش باسی ئه‌و هێزه‌ بكه‌ن، ئێمه‌ چۆن هه‌ست بكه‌ین كه‌ به‌شێكی ئه‌م وڵاته‌ین؟ چۆن هه‌ست به‌وه‌ بكه‌ین كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی ئێمه‌دایه‌ له‌ چوارچێوه‌ى عیراقدا بمێنینه‌وه‌؟ ئێمه‌ كه‌ باسی ڕیفراندۆم و گۆڕینی نه‌خشه‌ی سیاسیی عیراق ده‌كه‌ین، مه‌به‌ستمان ئه‌وه‌ نییه‌ كێشه‌كانی عیراق زیاتر بكه‌ین، ئه‌م باسه‌ی ئێمه‌ له‌سه‌ر ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی و دانوستانێكی جددی له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌سه‌ر داهاتوو، بۆ ئێمه‌ بابه‌تێكی یه‌كجار گرنگه‌. له‌وانه‌یه‌ وڵاتانی دراوسێ ڕێگه‌ نه‌ده‌ن، له‌گه‌ڵ ڕێزم بۆیان، به‌ڵام ئه‌مه‌ بابه‌تێكی ناوخۆی عیراقه‌، ئه‌وه‌ی بۆ ئێمه‌ گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا بگه‌ینه‌ لێكتێگه‌یشتنێكی هاوبه‌ش. ئه‌وله‌ویه‌تی یه‌كه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌باره‌ی ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی و گۆڕینی سیسته‌می فیدرالییه‌وه‌‌ هه‌رچۆنێك بێت، به‌غدایه‌ و هه‌ر ئه‌وله‌ویه‌تیش ده‌مێنێته‌وه. به‌غدا قووڵاییى ستراتیژیی هه‌رێمی كوردستانه‌، ئه‌وه‌ی ئێستا هه‌رێمی كوردستان مه‌به‌ستیه‌تی، ئه‌وه‌یه‌ بكه‌وێته‌ دانوستان و دیالۆگێكی جددی له‌گه‌ڵ به‌غدا بۆ داهاتوو، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر هۆكارێكی زۆر ساده‌،‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ گه‌ر بمانه‌وێت سه‌قامگیری له‌ عیراقدا هه‌بێت، پێویستیمان به‌ گفتوگۆیه‌كی جددی هه‌یه‌.

العربیة: له‌ تێگه‌یشتنی من بۆ وه‌ڵامه‌كانتان ده‌رباره‌ی پرسیاری تایبه‌ت به‌ ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆییی هه‌رێمی كوردستان، ئایا عیراق دوای داعش به‌ یه‌كگرتوویی ده‌مێنێته‌وه‌؟

نێچیرڤان بارزانی: باشتره‌ ئه‌م پرسیاره‌ له‌ كاربه‌ده‌ستانی به‌غدا بكرێت، به‌غدا چی كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی عیراق به‌ یه‌كگرتوویی بمێنێته‌وه‌؟ به‌رامبه‌ر به‌ كورد چی كردووه‌؟ به‌رامبه‌ر به‌ سوننه‌ چی كردووه‌؟ په‌یڕه‌وكردنی سیاسه‌تێكی هه‌ڵه‌ گه‌وره‌ترین هه‌ڕه‌شه‌یه‌ له‌سه‌ر یه‌كپارچه‌ییی عیراق. ئێمه‌ هه‌ڕه‌شه ‌نین بۆ سه‌ر یه‌كپارچه‌ییی عیراق، به‌ڵكو ئه‌و سیاسه‌ت و بیركردنه‌وه‌ هه‌ڵه‌یه‌ی كه‌ له‌ به‌غدا په‌یڕه‌و ده‌كرێت، هه‌ڕه‌شه‌یه‌ بۆ سه‌ر یه‌كپارچه‌ییی عیراق. گه‌ر ئه‌م شتانه‌ به‌ جددی وه‌رنه‌گیرێن و چاره‌سه‌ریان بۆ نه‌دۆزرێته‌وه‌، به‌ بڕوای من عیراق له‌ مه‌ترسیدایه‌‌.

وێنەی دیمانەی نێچیرڤان بارزانی

العربیة: هه‌رچه‌نده‌ به‌ڕێز حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عیراق ڕه‌تی ده‌كاته‌وه‌ هێزی شه‌ڕكه‌ری ئه‌مه‌ریكی له‌سه‌ر ئه‌زری واقع له‌ عیراق هه‌بێت، به‌ڵام ئێمه‌ ده‌بینین هێزی ئه‌مه‌ریكی له‌ عیراق هه‌یه. پێت وایه‌ بوونی هێزی ئه‌مه‌ریكی له‌ عیراق بۆ قۆناغی داهاتوو گرنگیی خۆی هه‌یه‌؟

نێچیرڤان بارزانی: با ئێمه‌ به ‌شێوه‌یه‌كی واقعی سه‌یری ئه‌م پرسه‌ بكه‌ین، ئه‌گه‌ر هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكی و هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی نه‌بوونایه‌، بێگومان بارودۆخی به‌غدا و هه‌ولێریش به شێوه‌یه‌كی دیكه‌ ده‌بوو. ئێمه‌ به‌ سوپاسه‌وه‌ ده‌ڕوانینه‌ هه‌موو ئه‌و هاوكارییانه‌ی كه‌ وڵاتانی هاوپه‌یمان، به‌تایبه‌تی ئه‌مه‌ریكا بۆ عیراق و هه‌رێمی كوردستان كردوویانه و بێ ئه‌و هاوكارییانه‌ نه‌ده‌كرا داعش به‌و شێوه‌یه‌ ڕابگیرێت. له‌گه‌ڵ ڕێزم بۆ هه‌موو ئه‌و خۆڕاگری و به‌رگرییه‌ى كه‌ سوپای عیراق و پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌كانی دیكه‌ له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعشدا ئه‌نجامیان دا، به‌ڵام قه‌باره‌ی هێرش و هه‌ڕه‌شه‌كانی داعش زۆر گه‌وره‌ بوو، بۆیه‌ به‌ بڕوای من بوونی ئه‌مه‌ریكا له‌ عیراقدا بۆ قۆناغێكی دیكه‌ زه‌روور و پێویسته‌. به ‌ڕای من هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌ بوو ئه‌مه‌ریكا له‌ ساڵانی 2010 و 2011 هێزه‌كانی خۆی له‌ عیراق كێشایه‌وه‌، پێویست بوو سه‌ره‌تا دڵنیا بێت له‌ سه‌قامگیریی سیاسیی عیراق، دواتر هێزه‌كانی بكێشێته‌وه‌. له‌ قۆناغی ئێستاشدا ئێمه‌ پێویستیمان به‌ یارمه‌تیی نێوده‌وڵه‌تی و هاوپه‌یمانان و ئه‌مه‌ریكا هه‌یه‌ تاكو ئه‌و سه‌قامگیرییه‌ به‌رقه‌را ببێت كه‌ بۆ عیراق پێویسته‌.

العربیة: وا له‌ جه‌نابتان تێگه‌یشتم كه‌ پێویسته‌ به‌غدا مافی هه‌موو پێكهاته‌كان به‌ یه‌كسانی بدات. پێتوایه‌ گه‌ر به‌غدا ئه‌مه‌ی ئه‌نجام نه‌دا ڕێكخراوێكی دیكه‌ی تیرۆرستی خراپتر له‌ داعش سه‌ر هه‌ڵده‌دات؟ ئاینده‌ی بوونی چه‌ك به‌ده‌ست میلیشیا چه‌كداره‌كانه‌وه‌ چۆن ده‌بینن؟

نێچیرڤان بارزانی: ئه‌گه‌ر به‌ جددی بیر له‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان نه‌كرێته‌وه‌ و مافی ئه‌و پێكهاتانه‌ نه‌درێت كه‌ له‌ عیراق ده‌ژین، بێگومان كێشه‌ دروست ده‌بێت. پێویسته‌ ئێمه‌ له‌ عیراقدا واقعی بین، هه‌موو كه‌س و لایه‌نه‌كان پێداگیری له‌سه‌ر یه‌كێتی و یه‌كپارچه‌ییی عیراق ده‌كه‌نه‌وه‌، به‌ڵام كه‌ دێیته‌ سه‌ر واقع و ڕاستی، ئایا عیراق به‌م شێوه‌یه‌یه‌؟ ئایا پێكهاته‌كانی عیراق هه‌ست به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌وان به‌شێكن له‌ پرۆسه‌ی سیاسی و به‌رێوه‌بردنی ئه‌م وڵاته‌؟ ئه‌گه‌ر وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه‌ به‌ دروستی بدرێته‌وه‌، ڕوون ده‌بێته‌وه‌ كه‌ له‌ داهاتوودا چی ڕوو ده‌دات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر پێداگری له‌سه‌ر ئه‌و سیاسه‌ته‌ بكرێت كه‌ بوو به‌ هۆكاری دروستبوونی داعش، به‌ بڕوای من ئێمه‌ له‌ عیراق پێشتر زه‌رقاوییمان هه‌بوو و دوای ئه‌وه‌ به‌غدادیمان هه‌بوو، له‌ داهاتوودا شتی هاوشێوه‌مان ده‌بێت. مه‌به‌ستی من ئه‌وه‌یه‌ كه‌ شكاندنی داعش ته‌نیا پرسێكی سه‌ربازی نییه‌، به‌ڵكو عیراق پێویستی به‌ بۆچوونێكی سیاسیی جددی هه‌یه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ جددیه‌كانی. ئێمه‌ پرسی بوونی چه‌ك له‌ده‌ست میلیشیا چه‌كداره‌كان به‌ هه‌ڕه‌شه‌ ده‌بینین، گه‌ر ئه‌و میلیشیایانه‌ ڕێكنه‌خرێن. گله‌یی زۆرمان له‌ په‌رله‌مان و حكوومه‌تی عیراق هه‌یه‌ كه‌ به‌و شێوه‌یه‌ بۆ حه‌شدی شه‌عبی یاسایان ده‌ركرد و ئاماده‌ نه‌بوون بۆ پێشمه‌رگه‌ یه‌ك وشه‌ش بڵێن، ئه‌مه‌ برینێكی زۆر قووڵه‌ له‌ مێشك و دڵماندا ماوه‌ته‌وه‌ و په‌یام و مه‌سیجی زۆر مه‌ترسیداریش بوون كه‌ له‌ به‌غداوه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان ڕه‌وانه‌ كران. با سه‌یر بكه‌ین، له‌م شه‌ڕه‌دا عیراق چی بۆ هه‌رێمی كوردستان كردووه‌ و هه‌رێمی كوردستان چی بۆ عیراق كردووه‌؟ له‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌موو شتێكمان بۆ یارمه‌تیدانی سوپای عیراق ئه‌نجام دا و دوای بیست و پێنج ساڵ ڕێگه‌مان دا سوپای عیراق بێته‌ كوردستان و باشترین هه‌ماهه‌نگی و هاوكاریمان له‌گه‌ڵیان هه‌بووه‌ له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌، له‌ ڕووی پێدانی زانیاری و ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌ربازییه‌كانه‌وه‌ هاوكاریی زۆرمان كردوون و خۆشیان ڕێزێكی زۆریان بۆ ئه‌م ڕۆڵه‌ی پێشمه‌رگه‌ و هاوكاری و هه‌ماهه‌نگیی نێوان سوپای عیراق و پێشمه‌رگه‌ هه‌یه‌، ئه‌مه‌ سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ بوو، به‌ڵام ئه‌ی له‌م ماوه‌یه‌دا عیراق چی كردووه‌؟ به‌داخه‌وه‌ به‌غدا بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستانی بڕی و حكوومه‌تی ئێستاش هه‌مان سیاسه‌تی په‌یڕه‌و كرد. له‌ ڕووی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نییه‌وه‌، هیچ یارمه‌تییه‌كی هه‌رێمی كوردستانیان نه‌داوه. له‌ كاتێكدا ئێمه‌ سی و پێنج هه‌زار بریندار و نه‌خۆشی مووسڵمان له‌ نه‌خۆشخانه‌كانی هه‌ولێر چاره‌سه‌ر ده‌كرد، به‌شه‌ ده‌رمانی هه‌رێمی كوردستانیان بڕی. كاتێك بانكی نێوده‌وڵه‌تی پاره‌ وه‌ك قه‌رز ده‌داته‌ عیراق، ئاماده‌ن ئه‌و پاره‌یه‌ بۆ ناوچه‌كانی باشووری عیراق دابین بكه‌ن، به‌ڵام ڕازی نابن هه‌رێمی كوردستان پشكی خۆی له‌و پاره‌یه‌ وه‌رگرێت. ئه‌م عه‌قلیه‌ته‌ چۆن ده‌گۆڕدرێت؟ ئێمه‌ چۆن هه‌ست بكه‌ین كه‌ به‌شێكین له‌م وڵاته‌؟ با بێن باوه‌ڕمان بۆ دروست بكه‌ن كه‌ مانه‌وه‌مان له‌ چوارچێوه‌ی عیراقدا له‌ به‌رژوه‌ندیی ئێمه‌دایه‌.

العربیة: وا له‌ جه‌نابت ده‌خوێندرێته‌وه‌ كه‌ تۆ كه‌سی دیالۆگ و  گفتوگۆیت و توانیوته‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا بگه‌یته‌ زۆرێك له‌ خاڵه‌كان، به‌ڵام ئه‌و قسانه‌ی ئێستا ده‌یبیستم ئه‌وه‌ پشتڕاست ده‌كاته‌وه‌ تۆ تاڵیه‌كی زۆرت له‌و كێشانه‌ چه‌شتووه‌‌ كه‌ له‌نێوان به‌غدا و هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه‌. بیروبۆچوونی تۆ به‌رامبه‌ر به‌ هه‌ڵكردنی ئاڵای كوردستان له‌ كه‌ركووك چییه‌؟

نێچیرڤان بارزانی: ئه‌وه‌ی له‌ كه‌ركووك ڕووی دا، به‌ بڕوای من شتێكی ئاسایی بوو و له‌به‌ر هۆكارێكی زۆر ساده‌ ئه‌م پرسه‌ گه‌وره‌ كرا، ئه‌ویش ئه‌وه‌ بوو له‌و كاته‌دا ڕیفراندۆم له‌ توركیا له‌سه‌ر گۆڕینی ده‌ستوور هه‌بوو و وا مه‌زه‌نده‌ ده‌كرا كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ نێوانی هه‌رێمی كوردستان و توركیا ئاڵۆزی تێده‌كه‌وێت. كه‌ركووك به‌س هی كورد نییه‌،  هی هه‌موو عیراقییه‌كانه‌، ده‌بێت پێكهاته‌كانی بڕیار له‌سه‌ر كه‌ركووك بده‌ن. له‌ كه‌ركووك كورد، توركمان، مه‌سیحی و عه‌ره‌ب هه‌یه‌. ده‌بێت ئه‌و پێكهاتانه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ بژین و هاوكاری یه‌كتر بن و به‌ ئاره‌زووی خۆیان بڕیار له‌سه‌ر ئاینده‌ی شاره‌كه‌یان بده‌ن. گه‌ر هه‌رێمی كوردستان نه‌بوایا بارودۆخی كه‌ركووك زۆر له‌ هی مووسڵ خراپتر ده‌بوو. جیاوازی نێوان كه‌ركووك و مووسڵ له‌ یه‌ك شتدا بوو، ئه‌و ڕۆژه‌ی كێشه‌كان دروست بوون، به‌غدا ڕێگه‌ی نه‌دا هێز بۆ مووسڵ بنێرین، به‌ڵام كه‌ كێشه‌ له‌ كه‌ركووك سه‌ری هه‌ڵدا، به‌ ڕه‌زامه‌ندیی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌و كاتی عیراق هێزی پێشمه‌رگه‌مان بۆ پاراستنی كه‌ركووك نارد. ئه‌گه‌ر ئه‌و هێزه‌ی پێشمه‌رگه‌ له‌ناو كه‌ركووكدا نه‌بوایه‌، بێگومان بارودۆخی كه‌ركووك ده‌گۆڕدرا.

العربیة: به‌غدا ده‌ڵێت ئێوه‌ هێزتان نارد تاكو كه‌ركووك كۆنترۆڵ بكه‌ن و چه‌كی سوپای عیراقی ببه‌ن؟

نێچیرڤان بارزانی: به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك وا نییه‌، به‌غدا داوای له‌ ئێمه‌ كرد هێز بۆ پاراستنی كه‌ركووك بنێرین، به‌ ڕه‌زامه‌ندیی به‌غدا هێزمان نارد، گه‌ر ئه‌وه‌مان نه‌كردبا و پێشمه‌رگه‌مان نه‌ناردبا، بێگومان بارودۆخی كه‌ركووك له‌ هی مووسڵ خراپتر ده‌بوو.

 

العربیة: بوونی په‌كه‌كه‌ له‌ چیای شه‌نگال كه‌ بۆته‌ كێشه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ توركیا، ئایا چۆن چاره‌سه‌ری ئه‌م پرسه‌ ده‌كرێت؟

نێچیرڤان بارزانی: بوونی په‌كه‌كه‌ له‌ شه‌نگال دروستكردنی ناسه‌قامگیرییه‌ له‌ ناوچه‌كه‌ به‌گشتی. به‌داخه‌وه‌ تا ئێستاش هه‌ندێك لایه‌ن له‌ به‌غدا یارمه‌تیی په‌كه‌كه‌ ده‌ده‌ن و پاره‌یان پێده‌ده‌ن، من پێموایه‌ ئه‌مه‌ سیاسه‌تێكی زۆر هه‌ڵه‌یه‌، ئه‌مه‌ نه‌ دراوسێیه‌تیى باشه‌ له‌گه‌ڵ توركیا و نه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی عیراقیشدایه‌ به‌م شێوه‌یه‌ مامه‌ڵه‌ بكات. پێویسته‌ له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ ڕێككه‌وین كه‌ بوونی په‌كه‌كه‌ له‌ ناوچه‌كه‌، واته‌ ناسه‌قامگیریی شه‌نگال. ده‌بێت به‌غدا له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان به‌ جددی هه‌وڵ بده‌ن ئه‌م پرسه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ن و ڕێگه‌ نه‌ده‌ن بوونی په‌كه‌كه‌ له‌و سنوورانه‌ ببێته‌ فاكته‌رێك بۆ ناسه‌قامگیریی زیاتر له‌و ناوچه‌یه‌دا.

العربیة: دواپرسیار، به‌ڕێز بارزانی، باوه‌ڕت وایه‌ به‌شداریی هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی عیراق ده‌كه‌ن و ئێوه‌ له‌كام لایه‌نی عیراقی نزیكن؟

نێچیرڤان بارزانی: ئێمه‌ ئێستا زۆر به‌ جددی بیر له‌وه‌ ده‌كه‌ینه‌ كه‌ ئایا به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی عیراقدا بكه‌ین یان نا؟.‌ هه‌موو كورد له‌ په‌رله‌مانی عیراق خاوه‌ن 65 كورسییه‌، عیراق له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ دروست بوو كه‌ پێكهاته‌كان ده‌بێت به‌یه‌كه‌وه‌ به‌ هه‌ماهه‌نگی و لێكگه‌یشتن كار بكه‌ن، به‌داخه‌وه‌ ئێستا ئه‌و بنه‌مایه‌ نه‌ماوه‌ و بۆته‌ زۆرینه‌ و كه‌مینه و بێگومان ئێمه‌ له‌ پرسی زۆرینه‌ و كه‌مینه‌ زه‌ره‌ ده‌كه‌ین. بۆیه‌ وه‌كو هه‌رێمی كوردستان و به‌تایبه‌تی وه‌كو پارتی دیموكراتی كوردستان، به‌ جددی بیر له‌وه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ ئایا ئێمه‌ به‌شداریی هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی عیراق بكه‌ین یان نا؟ ئه‌گه‌ر ئه‌و سیاسه‌ته‌ تاكڕه‌و و تائیفی و بنه‌مای زۆرینه‌ و كه‌مینه‌ وه‌ك ئه‌وه‌ی بۆ حه‌شدی شه‌عبی كردیان، به‌رده‌وام بێت، ئێمه‌ نایبینین پێویست به‌وه‌ بكات به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌له‌مانی عیراقدا بكه‌ین و شه‌رعییه‌ت به‌و بڕیارانه‌ بده‌ین كه‌ هیچیان له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌رێمی كوردستاندا نین.

 

Back to top button