شاخەوان عەبدوڵا: ئەگەر حەشدی شەعبی پاشەكشە نەكات كوردستانیش هێز دەجوڵێنێت

خواكوڕك
لەدوای ئەوەی لە سنوری شنگاڵ هێزەكانی حەشدی شەعبی لە چەند ناوچەیەك پێشێلی رێككەوتنامەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و سوپای عێراقیان كرد ئەندامێكی لێژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕای دەگەیەنێت، ئەگەر حەشدی شەعبی لەو ناوچانەی ئێستا تیایدان پاشەكشە نەكات، ئەوا هەرێمی كوردستانیش هێز دەجوڵێنێت.

شاخەوان عەبدوڵا، ئەندامی لێژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕاگەیاندووە :” ئەگەر حەشدی شەعبی لەو ناوچانەی كە پێشڕەوی تیادا كردووە، نەكشێتەوە، ئەوا ئێمەش جوڵە بەهێزەكانمان دەكەین و ئەو ناوچە كوردستانییانەی هێشتا ڕزگار نەكراون ڕزگاریان دەكەین”.

ئەو ئەندام پەرلەمانەی پارتی لە عێراق گوتیشی, دوای ئەوەی نیگەرانییەكانی جەنابی سەرۆك گەیشتە بەغدا، بەو هۆیەوە ئێستا پێشڕەوییەكان وەستاون و نەچوونەتە ناو گوندە كوردییەكان و سەنتەری شارەدێی قەیرەوانەوە، نیگەرانییەكانش وای كرد، كە سەرۆك وەزیرانی عێراق لە ڕێگای “فالح فەیاز”ەوە پەیامێك بنێرێت كە ئاماژەی بەوە كردووە، ئەوان ئامانجیان لە بەروپێشچوونەكان دوژمنكارانە نیە.
شاخەوان عەبدوڵا, ئاشكراشی كرد، كە بڕیار بووە بەهەماهەنگی نێوان هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان و سوپای عێراق ناوچەكانی سنووری شنگال كە (گر عوزێر، تەل بەنات، تەل قەسەب)ە بەیەوەكە و بەبێ بەشداریكردنی چەكدارانی حەشدی شەعبی ڕزگاری بكرێن، گوتیشی : ” ئەوان دەزانن ئەگەر لە پێشڕەوییەكانیان بەردەوام بن، ئەوا ئێمەش تاكلایەنانە و بۆ ڕزگاركردنی كۆمەڵگەكانی ژێر دەستی داعش، جووڵە بەهێزەكانی پێشمەرگە دەكەین”.

شاخەوان عەبدوڵا، جەختیشی كردەوە، كە پێویستە ئەو ناوچانەی حەشدی شەعبی پێشڕەوییان تیادا كردووە، جێی بهێڵن و سوپای عێراق شوێنیان بگرێتەوە، لە هەمان كاتدا هێزەكانی پێشمەرگەش دەبێت بچنە ئەو شوێنانە، ئەگەر نا، مانەوەی چەكدارانی حەشدی شەعبی نە لەبەرژەوەندی ئەو ڕێككەوتنەیە كە كراوە، نە لە بەرژەوەندی خەڵكی ناوچەكەدایە.

Back to top button