لە كەركوك یەكێتی هێزی حەشدی بەرگریی درووستدەكات كە سەربە بەغدایە

خواكوڕك
دوای كۆنتڕۆلكردنی سنورەكانی پارێزگای كەركووك لە لایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە لە ماوەی دوو ساڵی رابردوو, پاراستنی شارەكە لە تیرۆریستان, ئێستا بە ئاگاداری بەرپرسانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە كەركوك، هێزێكی نوێی چەكدار بەناوی حەشدی بەرگریی پێكهێنراوە كە ئەندامەكانی تێكەڵەیەك دەبێ لە كورد و عەرەب و توركمان.

سەرەتا ئەو هێزە لەسەر داوایەكی مەهدی ئیبن ئەحمەد گەورە موفتی سوننەكانی عێراق لەلایەن هۆزە عەرەبەكانی كەركوكەوە پێكهێنراوە، ئامانج لە پێكهێنانیشی بۆ جێگیركردنیەتی لە دەوروبەری حەویجە ئەو كاتەی كۆنترۆڵ دەكرێتەوە.

(خواكوڕك) لە سەرچاوەیەكەوە دەستی كەوتووە كە، وەزارەتی بەرگریی عێراق بە زارەكی بەڵێنی هاوكاریی و پشتیوانی بە حەشدی بەرگریی داوە، بەڵام تائێستا چەك و پێداویستیان بۆ دابین نەكراوە، نەك هەر ئەوە بەڵكو موچە بەو كەسانەش نەدراوە كە وەكو چەكدار ناویان نووسراوە.

گەنجێكی كورد كە لە ریزەكانی حەشدی بەرگری ناوی خۆی تۆمار كردووە ئاشكرای دەكات كە نزیكەی چوار مانگە چاوەڕێی موچە و دابینكردنی پێداویستییەكانیانن بەڵام هیچیان بۆ دابین نەكراوە.

هێزەكە كە ژمارەیان ٧٠٠ چەكدارە نزیكەی چوار مانگە لە گوندی جوینە لە باشووری كەركوك جێگیركراون. جێگری مەڵبەندی رێكخستنی یەكێتی لە كەركوك كە بۆخۆی سەرپەرشتی ئەوهێزەیە ئاماژەی بەوەدا هەرچەندە ئەو هێزە تائێستا لەلایەن وەزارەتی بەرگریی عێراقەوە مۆڵەتی پێنەدراوە، بەڵام پلان هەیە كە بكرێتە لیوایەكی تایبەت.

مەڵبەندی یەكێتی ئاماژە بەوەش دەدا كە هەركاتێك زانییان ئەو هێزە مۆڵەتی رەسمی پێنەدرا، ئەوا هەڵیدەوەشێننەوە و رێگە نادرێ بەبێ مۆڵەت پڕچەك بكرێن.

Back to top button