ئەنجامی یاریەكەی ڕێككەوتنی یەكێتی و گۆڕان
یاد سرێشمەیی
سالێك بەر لە ئەمڕۆ لە ڕێورەسمێكدا لەیەكتێگەیشتنی چەندین كۆبوونەوەی دەباشان و زەرگەتە لە لایەن هەریەكە لە یەكێتی نیشتمانی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان لە مەرسیمێكدا واژۆكرا, بە ناوی ڕێككەوتنی (یەكێتی-گۆڕان) كە دوای مەراسیمەكە وا بەهاونیشتمانیان و بەتایبەت خەلكی سلێمانی ڕاگەیێنرا كە پاش چەند كاتژمێرێك ڕێككەوتنەكە دەچێتە واری جێبەجێكردن, كەچی دوای تێپەڕینی یەك ساڵ بەسەر ڕێككەوتنەكە تەنها ماددەیەكیش لە نێو ڕێككەوتنەكە جێبەجێنەكرا.
ئەگەر چی لە سەرتادا سەركردایەتی سیاسی هەردوو حزب ڕێككەوتنەكەیان بە مەلۆتكەیەك دەبینی كە بە مردووی لەدایك بووە, بەڵام مەكینە ئیعلامیەكانی هەردوو حزبیان خستبووە خزمەتی ڕێككەوتنەكە بۆ ئەوەی ڕۆح بەبەر ڕێككەوتنەكەدا بكەنەوە, تا لانی كەم بتوانن لەو كات وەك كارتێكی فشار بۆ سەر هێزەكانی دیكە بەكاری بهێنن ولەسەر ئاستی ناوخۆشدا قەیرانەكانیان پێ پەردەپۆش كەن.
ڕێككەوتنی یەكێتی و گۆڕان بۆ جێبەجێ نەكراو ناكرێت؟ هەڵبەتە ئەگەر ورد سەیری خالەكانی نێو ڕێككەوتنەكەی گۆڕان و یەكێتی بكەین جگە لەوەی ئەدەبیاتی سیاسی بزووتنەوەی گۆڕانی تێدا زاڵ بوو ئەوا ئەگەر لە ڕوانگای بەرژەوەندی سیاسی یەكێتی سەیری بكەین هێندەی وجودی گۆڕانی تێدا بەدی دەكرا یەكێتی تێدا نەبوو, كە ئەمەش دەركەوتەی هەرە زەقی جێبەجێنەكرانی ڕێككەوتنەكەبوو.
هەروەها ڕێككەوتنامەی (یەكێتی- گۆڕان) لە تەوقیتێكدا واژۆكرا كە هەرێمی كوردستان هێشتان بە تەنگەبەری قوڵی كێشەناوخییەكانیدا تێپەڕی نەكردبوو, تەنانەت خودی ئەو دوو حزبەش لە دەروازەی كێشەی قوڵی خۆ بەڕێوەبردن مەست و حەیران ببون, بۆیە نەكاتی راگەیاندنی ڕێككەوتنەكە نە كێشەناوخۆییەكانی هەردوو حزب هاوكاری جێبەجێكردنی ئەم ڕێككەوتننامەیەیان نەكرد, بۆیە هەر جێبەجێكردنێك لە ڕێككەوتنەكەدا ئەگەر پڕبەبەری ئەو ماددانەی نێو ڕێككەوتنەكەبوایە ئەوا بڕو قەبارەی كێشەكانی كوردستانی گەورەترو زیاتر دەبوون لەوەی كە هەیە.
ئێستا سالێك بەسەر تەمەنی ڕێككەوتنەكەی گۆڕان و یەكێتی تێپەڕ بووە, بەڵام هەموو ئەگەرەكان پێمان دەڵێن ئەو ڕێككەوتنە ناتوانێت جێبەجێبكرێت كە بەدەر لەم هۆكارانەی سەرەوە هۆكاری سەرەكی جێبەجێ نەكردنەكەی كورت دەكەمەوە ناو یەك هەڤۆك, یەكێتی مامەڵەیەكی تاكتیكی لەگەڵ ڕێككەوتنەكەدا كرد بۆئەوەی بتوانێت سەری ماری گۆڕان بخاتە بندەستی خۆی ئەوكات دەتوانێت ئاسان مامەلە بە جولە سیاسیەكانی گۆڕان بكات و چاو بەستی بكات لە ئاست رادەستكردنی پۆستە جیاوەزكانی ئیدارەكانی ژێردەستیان كە كردی و تا ئێستاش بەشێكی كەمی دەسەڵاتی حكومەتی خۆجێی سلێمانی و هەڵەبجەی رادەستكردوون.
گۆڕان مامەلەیەكی ستراتیژی لەگەڵ ڕێككەوتنەكەدا كرد, بەو ئاواتەی كە بەهۆی ڕێككەوتنەكە یەكێتی بخاتە ژێر هەژموونی سیاسەتەكانی خۆیی و ئیدی بە ئیعازی ئەو مامەلە سیاسیەكانی رێكبخات بەتایبەت لە بەرامبەر پارتی, وە بیكاتە كارتی گوشار بۆسەر پارتی, بەڵام دوای تەنها چەند مانگێك سەركردایەتی یەكێتی بەبێ گۆڕان پێشوازی لە شاندی پارتی كرد كە بۆ چارەسەری كێشەچەق بەستووەكان سەردانی حزب و لایەنە سیاسیەكانی كرد, ئەمە لە كاتێكدا لە نێو ڕێككەوتنەكە بڕیار بوو بە شاندی هاوبەش هەم سەردانی پارتی بكەن وە هەم پێشوازی لە هەر شاندێك بكەن كە كە دەخوازێت دۆخی هەرێمیان لەگەڵ تاوتوێ بكات.