محەمەد حاجی بۆ نەوشێروان مستەفا: بەردەوامبون لەسەر ئەم سیاسەت و عەقلیەتە لە شکست زیاتر هیچ بەرهەمێکی ترت نابێت

خواكوڕك 

د.محەمەد حاجی ئەندامی پێشووی جڤاتی گۆڕان لە گوتارێكی دا كە لەبەشی وتاری ماڵپەری خواكوڕك بڵاو كراوەتەوە، دەلێت”دوای ساڵ و نیوێک لەچاوەڕوانی دواجار نەوشیروان مستەفا گەڕایەوە کوردستان. ساڵ و نیوێک دانیشتن لە لەندەن بێئەوەی تا ئێستا کەسە نزیکەکانی خۆیشی لەناو بزوتنەوەی گۆڕان بزانن هۆکارەکەی چی بوو. ساڵ و نیوێک جیهێشتنی کوردستان و تەنانەت بزوتنەوەی گۆڕانیش بەکۆمەڵی کێشەو قەیرانی زۆرەوە. بەڵام ئەم جۆرە هەڵسوکەوتانە بۆ کەسایەتیەکی وەکو نەوشێروان مستەفا نامۆنین. ئەو پیاوە لەتەمەنی سیاسی خۆیدا هەر کاتێک قەیران دروست بوبێ و هیچ ئاسۆیەکی چارەسەری لێ دیار نەبوبێ کوردستان و حزبە سیاسیەکەی جێهێشتوە بۆ قەدەر. لە بیست و پێنج ساڵی ڕابردودا چەندەها جار ئەم کارەی کردوەو بۆ چەندەها ساڵ لە دورەوە سەیری موقەدەراتی ئەم میللەتەی کردوە. بۆ زیاتر ئاشنابون بە کەسایەتی نەوشێروان مستەفا با سەیرێکی مێژوی سیاسی ئەم پیاوە بکەین”.

لەبارەی بەجێ هێشتنی كێشە و گرفتەكان و نەگەرانەوەی و سەیر كردنی موقەدەراتی ئەو میللەتە حاجی دەشلێت،”نەوشێروان مستەفا سکرتێری کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان بوو، کۆمەڵە یەکێک بوو لە هێزە گەورەو کاریگەرەکانی گۆڕەپانی سیاسی کوردستان لە کۆتایی حەفتاکانەوە تا کۆتایی هەشتاکان. کۆمەڵە کۆڵەگەی سەرەکی یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش بوو هەم لەڕووی سیاسی و هەمیش لەڕوی عەسکەریەوە. نەوشێروان مستەفا سەرەڕای ململانێی بەناحەقی لەگەڵ سەرکردەکانی ناو کۆمەڵە کە هەندێکیان موستەحەقتر بوون لەو بۆ ئەوەی ببن بە سکرتێری کۆمەڵە بۆ نمونە مەلا بەختیار، کە لە ئەنجامدا بوبەهۆی دروستبونی جیابونەوەو لەتبونی کۆمەڵە. نەوشیروان مستەفا بەمە نەوەستاو لە ساڵی ١٩٨٩ دا بە پێچەوانەی پەیڕەوی ناوخۆی کۆمەڵە لە پلینۆمێکدا کۆمەڵەی هەڵوەشاندەوەو دوا بزماری لە تابوتی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانداو کۆمەڵە بۆ هەتا هەتایە کۆتایی پێهات.
هەر لەبارەی مێژووی كۆمەڵەوە، محەمەد حاجی دەشلێت، دوای نەمانی کۆمەڵەو توانەوەی لەناو یەکێتی نەوشیروان مستەفا بو بە کەسی دووەمی ناو یەکێتی. لەساڵی ١٩٩٢ تا وازهێنانی لە یەکێتی هەمیشە ساڵێک لە کوردستان و دوو سێ ساڵ لەدەرەوەی کوردستان بووە وەک ناڕازیەک لە سیاسەتی مام جەلال و یەکێتی بەهۆکاری جیاجیا لە قۆناغە جیاجیاکاندا.
تا ساڵی ٢٠٠٩ کە گەورەترین ئینشقاقی لە مێژووی یەکێتی دروستکردوو گەورەترین گورزی لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان وەشاند، ئەم جیابونەوە لە یەکێتی وای لەیەکێتی کرد کە هاوسەنگی بە تەواوی لەدەست بدا و تا ئێستاش نەتوانێ بگەڕێتەوە سەر دۆخی جارانی خۆی. واتە یەکێتیشی بەدەردی کۆمەڵە برد”.
لەبارەی دروست بوونی گۆڕان محەمەد حاجی دەلێت، لەسەرەتای دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕانەوە خەڵکێکی زۆر لە ڕۆشنبیرو خاوەن بڕوانامەو خەڵکی تێکۆشەرو ماندوونەناس هاتنە ناو بزوتنەوەکەوە، بەهیوای ئەوەی بزوتنەوەیەک دروستبێت کە سیاسەتێکی عەقلانی و واقیع بینانەی هەبێت وە بتوانێ بەشێوەیەک مامەڵە لەگەڵ واقیعی سیاسی کوردستان بکات گۆڕانکاری پۆزەتیف و بنیاتنەرانە بهێنێتەکایەوە. لەگەڵ تێپەڕبونی کات زۆربەی ئەو کەسایەتیانە یان دانیشتن و وازیان هێنا یان پەنایان بردە بەر حزبەکانی تر.
محەمەد حاجی لەبەشی كۆتای گوتارەكەی دا دەلێت،”سیاسەتی بزوتنەوەی گۆڕان لە پان کوردستانیەوە بۆ لۆکالیزمی تەسک. ستراتیژی بزوتنەوەی گۆڕان لە دەوڵەتی کوردیەوە بۆ هەرێمی سلێمانی. ناڕونی و بێسەروبەری و هەرزەیی لە سیاسەتی بزوتنەوەی گۆڕان وایکرد کە نەتوانی ستراتیژی دوورونزیکی خۆی دیاری بکات و هەموو سیاسەتی گۆڕان بریتی بێت لە کاردانەوەو ئیبتزازکردنی بەرامبەر. ڕۆژێک ڕێکەوتن لەگەڵ پارتی بکات بۆ ئیبتزازکردنی یەکێتی و دواتر بۆ دژایەتیکردنی پارتی لەگەڵ یەکێتی ڕێکەوتن بکات لەژێر ناونیشانی گۆڕینی هاوسەنگی هێز. لەگەڵ ئەو یەکێتیەی لەسەر دەستی نەوشێروان مستەفا پارچەپارچەبوو. سیاسەتی هەم دەسەڵات و هەم ئۆپۆزیسیۆن یەکێک بوو لە هەڵە گەورەکانی نەوشێروان مستەفا دوای هەڵبژاردنەکانی ٢٠١٣ و وایلێکرد نەتوانێ دەستبەرداری هیچ کامێکیان بێت، لە دەرەنجامدا هەردووکی لەدەستدا. سەرەڕای هەموو ئەمانەش نەوشێروان مستەفا گۆڕانی خستۆتە ناو گەمەیەکی ئیقلیمی ترسناک، بەپشتیوانی دەوڵەتانی ئیقلیمی دژایەتی پرۆسەی دەوڵەتی کوردی بکات و هەوڵی پارچەپارچەکردنی هێزولایەنە کوردستانیەکان بدات لەپێناو شکستپێهێنانی ئەو خەونە گەورەیەی گەلی کوردستان. دوا زاراوە لە ئەدەبیاتی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان لەم یەک دوو ڕۆژە بریتیە لە هەوڵ بۆ پارچەپاچەکردنی یەکێتی بۆ جارێکی تریش لەژێر ناونیشانی یەکێتیە ڕاستەقینەکان بۆ ڕاکێشانی بەشێکی یەکێتی بەلای خۆیدا و دروستکردنی بەرەیەک دووبارە بەو خیاڵەی کە هاوسەنگی هێز دروستبکات. گۆڕان سێێەم ئەزمونی سیاسی نەوشێروان مستەفایە کە توشی قەیرانێکی قوڵی سیاسی بۆتەوەو بەردەوامبون لەسەر ئەم سیاسەت و عەقلیەتە لە شکست زیاتر هیچ بەرهەمێکی تری نابێت”.

Back to top button