لەبەر بوونی پەكەكە پەنجا گوندی زاخۆ بەرەو نەمان دەرۆن

خواكوڕك

بۆتان موحسین قایمقامی شارۆچكەی زاخۆ ڕایگەیاند، لەبەر پەكەكە نزیكەی 50 گوندی سنووری زاخۆ ئاوەدان نەكراونەتەوە و دانیشتووانەكەیشیان ناوێرن بگەڕێنەوە، چونكە پەكەكە باج و سەرانەیان لێ وەردەگرێت و توركیایش بۆردوومانیان دەكات، مەترسی هەیە ئەم گوندانە بەرەو لەناوچوون برۆن”.

قایمقامی شارۆچكەی زاخۆ ئەوەشی بەماڵپەری فەرمی پارتی راگەیاندووە، سنووری زاخۆ 140 گوند لە خۆ دەگرێت، بەڵام ئەو گوندانەی كە لەبەر پەكەكە چۆڵ كراون و خەڵكەكەیان ناوێرن بگەڕێنەوە، نزیكەی 50 گوند دەبن. پەكەكە بەردەوام كێشە بۆ خەڵك دروست دەكات و لێناگەڕێن بگەڕێنەوە و ئاژەڵەكانیان ببەنە گوند و ئاواییەكانی خۆیان، ئەگەر بشگەڕینەوە باج و سەرانەیان لێ وەردەگرن، جگە لەوەی توركیایش ناوچەكە بۆردوومان دەكات.”

هەروەها ئەو قایمقام گوتیشی، خەڵكی هەموو ئەو گوندانە هاتوونەتە زاخۆ و شوێنەكانی دیكە، واتا ئاوارە بوونە، ئەگەر ئەو گوندانە پەكەكەیان لێ نەبووایە، چۆڵ نەدەكران و خەڵكەكەشیان ئاوارە نەدەبوون، گوندنشینانیش دەستیان بە كاری كشتوكاڵی و ئاژەڵداری دەكرد، جگە لەوەی ئەو ناوچانە، ناوچەی گەشتیارینە و حكوومەت بایەخی زیاتری پێ دەدان، ئەوەیش سەرنجی گەشتیارانی ڕادەكێشا و هەم بۆ خەڵكەكە باش دەبوو و هەمیش بۆ حكوومەت.”

Back to top button