یەكێتی: بەیەكگرتنەوە لەگەڵ گۆڕان روحی كاك نەوشێروان ئاسودە دەبێت

خواكوڕك 

یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەیاننامەیەكی لەسەر كۆچی دوای نەوشێروان مستەفا بڵاو كردەوە لە بەیاننامەكەدا دەلێت،سه‌ره‌ڕای جیاوازییه‌كانی نێوانمان، پێمان باشه‌ دواچاره‌سه‌ری نێوان یه‌كێتی و گۆڕان، هه‌روه‌كو چه‌ندین جار گوتومانه‌، به‌یه‌كگرتنه‌وه‌ی هه‌ردوولامان، مژدانه‌ی گه‌له‌كه‌مان بێ و به‌م یه‌كگرتنه‌وه‌یه‌ش، رۆحی كاك نه‌وشیروان وه‌كو هاوڕێ دێرینی جه‌نابی مام جه‌لال و تێكۆشه‌رێكی دامه‌زرێنه‌ری یه‌كێتی و رۆڵی مێژوویی له‌ خه‌باتی مێژوویی شۆڕشی نوێ دا، شاد و هه‌ستی هاوڕێیه‌تی و هاوخه‌باتی مام جه‌لال-یش ئاسوده‌ ده‌بێ، بێگومان ئه‌ندام و جه‌ماوه‌ری هه‌ردوولایه‌نیشمان ساز ده‌بن بۆ راپه‌راندنی باقی ئه‌ركه‌كانی دیموكراسی و كوردایه‌تی، له‌پێشه‌وه‌دا، ئه‌ركی ریفراندۆم و له‌ ئاكامیشدا سه‌ربه‌خۆیی كوردستانیش.

 

دەقی راگەیێندراوەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان

گه‌لی ئازادیخوازی كوردستان !
هه‌ڤاڵانی یه‌كێتی !
به‌داخ و په‌ژاره‌یه‌كی زۆره‌وه‌، ئه‌مرۆ سه‌عات (8)ی سه‌رله‌به‌یانی، به‌رێز نه‌وشیروان مسته‌فا، رێكخه‌ری گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، دوای ته‌مه‌نێكی درێژ له‌خه‌بات و كۆڵنه‌دان و به‌رپرسیارێتی مێژوویی له‌ساڵانی په‌نجاكانه‌وه‌ هه‌تا ئه‌مرۆ، به‌هۆی نه‌خۆشیه‌وه‌، ژیان ئاوایی لێكردین.

یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، له‌كاتێكدا به‌خه‌مێكی قوڵه‌وه‌، له‌م رۆژه‌ خه‌مباره‌دا، به‌ناوی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی و مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌رجه‌م ئۆرگانه‌كان و پێشمه‌رگه‌كانی یه‌كێتیه‌وه‌، كۆچی دوایی به‌رێز (نه‌وشیروان مسته‌فا)مان زانی و به‌م بۆنه‌یه‌وه‌، هاوخه‌می بۆ مناڵه‌كانی و كه‌سوكارو هاوڕێبازه‌كانی، له‌هه‌مان كاتدا، بۆ ته‌واوی ئه‌ندامانی یه‌كێتی و هێزی پێشمه‌رگه‌ و كه‌سوكاری شه‌هیدان و تێكرای گه‌له‌كه‌مان، ده‌رده‌برین، دوپاتیشی ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌وا:

یه‌كێتی و گه‌له‌كه‌مان، له‌ هه‌لومه‌رجێكدا، به‌شكۆوه‌ كۆچی دوایی رێكخه‌ری گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، بۆ دونیای نه‌مری به‌رێده‌كه‌ین،  ئاشكراشه‌  یه‌كێتی و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ساڵێكه‌ رێكکه‌وتنی سیاسی دووقۆڵیمان هه‌یه‌. به‌ڵام، جێی داخه‌، هێشتا كۆده‌نگی نیشتمانیی لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان، دوای هه‌وڵێكی بێوچان، به‌تایبه‌ت له‌لایه‌ن یه‌كێتی-یه‌وه‌، نه‌گه‌یشتۆته‌ ئه‌نجام، سه‌ره‌نجام، په‌رله‌مانیش كارا نه‌كراوه‌ته‌وه‌. ئێمه‌ وه‌كو یه‌كێتی له‌م كاته‌شدا رایده‌گه‌یه‌نین كه‌وا:

– چاره‌سه‌ری كێشه‌كان، له‌ناو هێزه‌ سیاسیه‌كان، بۆ هه‌موو ئه‌گه‌ره‌ سیاسیه‌كان، زۆر به‌گرنگ ده‌زانین.

– كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان، ئه‌ركێكی نیشتمانی و یاسایی، به‌ڵكو سیاسی چاره‌نوسازیشه‌.

– رێكکه‌وتنی یه‌كێتی و گۆڕان، هاوكات خه‌بات بۆ جێبه‌جێكردنی نه‌خشه‌رێگای یه‌كێتی، گرنگیه‌كی مێژوویان بۆمان هه‌یه‌ و یه‌كێتی بێ درێغ له‌پێناویاندا تێده‌كۆشین.

له‌كۆتایشدا ده‌ڵێن: سه‌ره‌ڕای جیاوازییه‌كانی نێوانمان، پێمان باشه‌ دواچاره‌سه‌ری نێوان یه‌كێتی و گۆڕان، هه‌روه‌كو چه‌ندین جار گوتومانه‌، به‌یه‌كگرتنه‌وه‌ی هه‌ردوولامان، مژدانه‌ی گه‌له‌كه‌مان بێ و به‌م یه‌كگرتنه‌وه‌یه‌ش، رۆحی كاك نه‌وشیروان وه‌كو هاوڕێ دێرینی جه‌نابی مام جه‌لال و تێكۆشه‌رێكی دامه‌زرێنه‌ری یه‌كێتی و رۆڵی مێژوویی له‌ خه‌باتی مێژوویی شۆڕشی نوێ دا، شاد و هه‌ستی هاوڕێیه‌تی و هاوخه‌باتی مام جه‌لال-یش ئاسوده‌ ده‌بێ، بێگومان ئه‌ندام و جه‌ماوه‌ری هه‌ردوولایه‌نیشمان ساز ده‌بن بۆ راپه‌راندنی باقی ئه‌ركه‌كانی دیموكراسی و كوردایه‌تی، له‌پێشه‌وه‌دا، ئه‌ركی ریفراندۆم و له‌ ئاكامیشدا سه‌ربه‌خۆیی كوردستانیش.

گیانی كاكه‌ (نه‌وه‌)، شاد بێ و ته‌مه‌نی بۆ مناڵه‌كانی درێژو ئامانجه‌كانی یه‌كریزی هێزه‌كانمان و رێكه‌وتنی نێوانیشمان، به‌دی بێن.

مه‌كته‌بی سیاسی
یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان

Back to top button