كورە ئەتۆمییەكانی عێراق و كوشتنی زاناكانی عێراق

خواكوڕك
عێراق لە سالانی (1960 تاكو 1970) توانی پێشكەوتنێكی بەهێز بەدەست بهێنێت لە ڕووی تەكنەلۆژیاو زانستی سەربازییەوە ، بەم هۆیەوە توانی پێگەیەكی توند لە نێو وڵاتانی كەنداو وڵاتانی جیهان دروست بكات ، وەبە چاوێكی گەورەوە سەیری بەهێزی عێراق بكەن ، لە ساڵانی حەفتاكاندا عێراق هەستا بە پەرەپێدانی كورە ئەتۆمییەكان ( كارلێكەری ناوەكی ) و دروستكردنی چەكی ئەتۆمی ، لە پێناو زیاتر بە هێزكردنی عێراق ، لە ساڵی (1975) داوای لە حكومەتی فەرەنسا كرد بۆ فرۆشتنی یۆرانیۆم و ئامرازەكانی دروستكردنی چەكی ئەتۆم ، سەرەتا حكومەتی فەرەنسا ڕازی نەبوو ، بەڵام دواتر لەهەمان ساڵدا ڕێكەوتنیان واژۆ كرد ، فەرەنسا بڕی ( 72كغم) یۆرانیۆمی بەعێراق فرۆشت لەبەرامبەردا عێراق بڕی ( 300) ملیۆن دۆلاری دایە فەرەنسا ، فەرەنسا ناوی نابوو كورەی ئەتۆمی (ئۆسیراك) بەڵام عێراق ناوەكەی گۆڕی بۆ كورەی ئەتۆمی (تموزی 1 و تموزی 2 ) لە ساڵی 1980 دەزگای موساد هەستا بە كوشتنی زانای میسری بواری پرۆگرامی كورە ئەتۆمییەكەی عێراق (یەحیا ئەلمەشاد ) لەیەكێك لە هۆتیلەكانی پاریس لە فەرەنسا .
“صدام حسێن ” زۆر شانازی بەم كورە ئەتۆمیانەوە دەكرد تەنانەت لە ئاهەنگی دەرچوونی كۆمەڵێك ئەفسەری عێراق لە ساڵی 1980 صدام حسێن دەڵێت ” ئەو بۆمبە ئەتۆمیانەی كە ئێمە دروستی دەكەین و ڕۆژئاوا تاوانبارمان دەكات بەوەی كە دوای دروستكردنی لەسەر ئێران تاقی بكەینەوە ، ئەوا دڵنیا بن كە دوای دروستكردنی ڕاستەوخۆ بەسەر ئەواندا تاقی دەكەینەوە “.
بەڵام لەدوای ئەم قسانەی (صدام حسێن ) زۆری پێنەچوو ئیسرائیل لە 7ی جونی ساڵی 1981 بە فِرۆكەی (ئێف 15 و ئێف 16) هێرشی كردە سەر كورە ئەتۆمییەكانی تموز لە باشوری بەغداد ، لەماوەی چەند خولەكێكدا گشت كورە ئەتۆمییەكانی لە ناوبرد ، ئیسرائیل لە بارەی ئەم هێرشەوە دەڵێت ” ئەم ئەتۆمیانە بۆ لەناوبردنی ئیسرائیل دروست كراون “.
ئیسرائیل هۆكاری زوو هێرشكردنە سەر كورە ئەتۆمییەكانی عێراق ئەوە بوو كە بڕیار وابوو لە مانگی ئەیلولی 1981 دا تەواو بونایە ، هێرشی پێ دەكرایە سەر ئیسرائیل ، لەو سەردەمەشدا دەنگۆی ئەوە هەبوو كە (صدام حسێن ) لە دژی ئیسرائیل بەكاری بهێنێت .
بە پێی راِپۆرتێكی كەناڵی ئەلجەزیرە لە ساڵی (2006) تیایدا هاتووە كە ڕاپۆرتێك بۆ بۆشی سەرۆكی ئەمریكا بەرزكراوەتەوە و باس لە كوشتنی زانا عێراقیەكان ئەكات كە دەزگای موساد هەستاوە بە كوشتنی (530) زانای عێراقی لە بواری بایەلۆجی و فیزیاو كیمیاو ماتماتیك ، لەناویاندا (350) زانای بواری چەكی ئەتۆمی تێدایە لەگەڵ (200) زانای پرۆفیسۆرو ئەكادیمیای زانكۆكان ، هۆكاری كوشتنی ئەم زانایانە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە دوای ڕوخاندنی ڕژێمی صدام حسێن كار بۆ ئەمریكا بكەن لە بواری زانستی سەربازیدا ، دواتریش بنكەی پنتاگۆن هیچ لێدوانێكی دژی ئەم كارەی دەزگای موساد نەبوو ، بەڵكو بەهەولێكیان دەزانی بۆ خاوێنكردنەوەی عێراق لە بەعسییەكان .

Back to top button