مالیكی: كۆچی نەوشیروان مستەفا زیانێكی گەورەیە بۆ پرۆژەی نیشتیمانییمان

خواكوڕك
دوای ئەوەی بەیانی ئەمڕۆ هەینی رێكخەری بزووتنەوەی گۆڕان نەوشیروان مستەفا لە گردی زەرگەتە كۆچی دوای كرد, لەسەر ئاستی ناوخۆو دەرەوە پەیامی هاوخەمی گەیێنرایە كەسو كاری نەوشیروان مستەفاو بزووتنەوەی گۆڕان بەو بۆنەیەوە نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و جێگری سەركۆماری عێراق پرسەنامەیەك ئاراستەی بزوتنەوەی گۆڕان دەكات و دەڵێ كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا زیانێكی گەورە بوو بۆ پرۆژەی نیشتمانی (عێراق).
مالیكی كە سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراقە و لە سەردەمی حوكمیدا بودجەی كوردستان و مووچەی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستانی بڕی، لە پرسەنامەكەدا دەڵێ “كۆچی دوایی ڕێكخەری گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان زیان بە پرۆژەی نیشتمانی دەگەیەنێ، كە خەباتی بۆ كرد”.
مالیكی نووسیویەتی “بە خەم و پەژارەیەكی زۆرەوە هەواڵی كۆچی دوایی خوالێخۆشبوو نەوشیروان مستەفا ڕێكخەری گشتیی گۆڕانم پێگەیشت. كۆچی خوالێخۆشبوو بە زیان دادەندرێ بۆ گەلی عێراق و كورد و پرۆژەی نیشتمانی، كە بێ هودە خەباتی بۆ كردووە.
لە كۆتایی پرسەنامەكەشیدا دەڵێ “هاوبەخشی خەمتانین، داواكارم لە پەروەردگار بە بەهەشتی شاد بكات، ئارامیش بە خێزانەكەی بدات”.
شایەنی گوتنە كاتژمێر 8ی بەیانی ئەمڕۆ هەینی، نەوشیروان مستەفا ڕێكخەری گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان لە ماڵەكەیدا لە گرتی زەرگەتە لە سلێمانی بە هۆی نەخۆشیەوە لە تەمەنی 73 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.

Back to top button