خەبات بۆ یەکپارچەیی عێراق!
ئهردهلان ههڵهبجهیی
کریس کۆچێرا سەبارەت بە نەبوونی دەوڵەتی کوردستان تا ئەمڕۆ هۆکارەکەی ناکۆکی نێوان کوردانە، تەنانەت هەر یەک لە وڵاتانی ئێران و تورکیاو عێراق بە هۆکاری نەبونی دەوڵەتی کوردستان نازانێت. گەر سەیری مێژووی سەدان ساڵەی خەباتی سیاسی کورد بکەین، لێمان روونە کە کورد وەک نەتەوە زۆرجار براوەی جەنگەکان بووە لەگەڵ هێزو نەتەوە و دەوڵەتانی تر. ئەوەی کە زۆرجار بۆتە شکان و ژێر دەستەیی کورد، شەڕی پێکهاتە و میر و هێزە کوردیەکان بووە لەناو خۆیاندا. وە لەو مێژوەشدا باشترین کاراکتەرە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانی کورد کە زۆرترین قسەیان لەو ڕوەوە کردووە، بێ کردارترین کاراکتەر بوون! وە بە پێچەوانەشەوە کاراکتەرە سیاسی و کۆمەڵایەتیە کەمدووەکان، زۆرجار نەخشی دەستی پڕ بەرهەمیان لە کێڵگەی سیاسیدا دیار و بەرچاو بووە. ناگەڕێمەوە بۆ میژوی دوو، لێ لە ساڵی ۱۹٦٤ ەوە کە بزوتنەوەی کوردایەتی لە باشوری کوردستان کرایە دوو بەش، ئەندازیاری ئەو لەتبوون و پەرتکردنەی کورد ئەو کاراکتەرانە بوون کە زۆرترین وتار و لێدوانیان هەبوو لەسەر پرسی یەکریزی و کۆدەنگی! بەڵام بە هۆی نا تەریبی کردار و گوفتاریانەوە، هەر ئەو فۆرمە لە سیاسیەکانی کورد بوونە هۆکاری دابەشکردن و دروست کردنی ڕۆحی شارچێتی و تەنانەت گەرەک و کۆڵانیش. دوای نزیکەی ٤٠ ساڵ لەو مێژووە مام جەلال وەک یەکێک لە کاریگەرترین سیاسی ئەو بەرەیە، لە یاداشتەکانی خۆیدا دان بەو هەڵەیەی ساڵی ٦٤ دا دەنێت و بۆ قەرەبوکردنەوە و زامنکردنی ئایندەیەکی ڕۆون بۆ گەلی کورد لەگەڵ پارتیدا ڕێکەوتنێکی ستراتیژی واژۆ کرد، گەر لەو چەند ساڵە کورتەی ئەو رێکەوتنەیش بڕوانین، وێڕای بونی سەرنج، لێ پێشکەوتن و گەشەکردنی خێرا بەدیکرا لەسەر بوارەکاندا. بە ماوەیەکی کەم دوای ئەو یەکڕیزی و پێکهاتنە، کرمی ناکۆکی نێو دڵی یەک لەو سیاسیە پڕ گوفتارە بێ کردارە کەوتەوە جوڵە و لە ژێر ناوی کۆمپانیای تایبەت بە میدیا، بۆ گرتنە دەستی دەسەڵات و لادانی مام و لێدان لە پێکهاتنی پارتی و یەکێتی، سەرەتا لە لێدان لە دڵی یەکێتیەوە دەستی پیکرد کە جەنابی مام جەلال بوو. لەولاشەوە دەستی ڕێکەوتنی بۆ پارتی دریژ کرد، بەڵام پارتی زوو گەمەکە تێگەیشت و یەکێتی لە گۆڕەپانەکە جێ نەهێشت، بەڵام نەخۆشکەوتنی مام جەلال قبوڵنەکردنی کەسێک بۆ سکرتێری یەکێتی لەناو سەرکردایەتی یەکێتیدا، دەرگای بهڕووی نەوشێروان مستەفادا کردەوە جارێکی تر ڕۆڵی خۆی بگێرێت، جگەله کۆمپانیا حزبیەکەی، نیوەی سەرکردایەتی یەکێتیشی خستەوە سەر کەڵکەڵەی دوولەت کردن. لە ئێستاشدا کە پرسی دەوڵەتی کوردستان باسی گەرمی ناوەندە سیاسی و میدیاییە جیهانیەکانە و گۆڕانکاریەکانیش گونجاون بۆ ئەو پرسە، ڕاشکاوانە نەوشیروان مستەفا نوسەری کتێبی (پەنجەکان یەکتر دەشکێنن!) بە لەشکرێک گۆشە نوسەوە، لەبەرەی دژە سەربەخۆین و جگە لە کارکردن بۆ لەتکردنی گەل لە بڕی پەنجەکان، کەوتونەتە شکاندنی خەبات و قوربانی سەدان ساڵەی ئەم گەلە بۆ سەربەرزی و سەربەخۆیی. دواجار دەپرسم مێژووی خەبات و قوربانی ئەم گەلە تۆ بڵێیت بۆ پاراستنی یەکپارچەیی عێراق بوبێت؟ تۆ بڵێیت رژانی خوێنی سەدان هەزار ڕۆڵەی ئەم گەلە و سوتانی دڵی دایکان بۆ ڕێگریکردن بوبێت لە دابەشبوونی عێراق؟ ئاخر عێراقی یەکپارچە و پاراستنی یەکگرتووی خاکەکەی وەک ئەوەی ئەم کاراکتەرە سیاسیە کوردانەی لەمەڕ خۆمان بانگەشەی بۆ دەکەن چی پێویستی بە سەدان ساڵە لە خەباتی گەلی کورد بوو؟