عەلی باپیر : نەوشێروان مستەفا بەدرۆ دەخاتەوە
خواكوڕك
لەمیانی بەرێوەچوونی مەراسیمی بەخاك سپاردنی نەوشێروان مستەفا، رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، عەلی باپیر گوتارێك پێشكەش دەكات و لەگوتارەكەی دا بەرنامەی نەوشێروان مستەفا بەدرۆ دەخاتەوە دەلێت نەوشێروان مستەفا لەگەڵ دروست كردنی دەوڵەتێكی كوردی ئیسلامی بوو، ئەمەش تەواو ئەو بانگەشانەی بەدرۆ دەخاتەوە كە بۆ ماوەی چەندین ساڵە گۆڕان و رێكخەرەكەی بانگێشەی بۆ دەكەن كەگوایە نەوشێروان مستەفا و گۆڕان لەگەڵ دروست كردنی دەوڵەتێكی مەدەنی بوونە”.
عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان لە گوتارەكەی دا رایگەیاند، نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتی گۆڕان بەدروستكردنی دەوڵەتێكی ئیسلامی رازی بوو، هەروەها گوتیشی” سی ساڵ پێش ئێستا كاتێك نەوشیروان مستەفام بینیو باسی “ئەوەم بۆ كرد، كە ئیسلام دادگەری بۆ هەموو گەلان دەبێت، ئەو گوتی من بەدروستكردنی دەوڵەتێكی ئیسلامی رازی دەبم”.
پێشتر نەوشێروان مستەفا لەچەندین دیمانەو كۆر و سیمیناردا، راگەیاند، كە ئەوان كار بۆ دەوڵەتێكی دامەزراوەی و مەدەنی دەكەن لەكوردستاندا، لەماوەی ئەو چەند ساڵەی دروست بوونی گۆڕاندا، لایانگرانی گۆڕان بەردەوام بانگەشەی دامەزراندنی دەوڵەتێكی مەدەنیان دەكرد لەو بارەیەوە نیاز حاجی نووسەر و چاودێری سیاسی دەلێت”سەیر ئەوە بوو کاتێک علی باپیر گوتی ” قەناعەتم بە نەوشێروان مستەفا کرد کە بە دەوڵەتێکی ئیسلامی رازی بێ”، هەروەها دەشلێت”ئەو قسەیەی علی باپیر تەواوی ئەو بانگەشانەی پێشتری نەوشێروان مستەفای خستە ژێر پرسیارە کە ئایا بزوتنەوەی گۆڕان خەریکی دروستکردنی دەوڵەتی مەدەنی بوون یان دەوڵەتی ئیسلامی ، ئەوە دەبێ گۆڕانخوازان وەڵامی ئەو قسەیەی عەلی باپیر بدەنەوە”.
شایانی باسە دەوڵەتی مەدەن و دەوڵەتی ئیسلامی دوو جۆڕ دەوڵەتی جیاوازن لە زانستی رامیاری و دەوڵەتی مەدەنی خاوەن هیچ ئایدۆلۆژیەك نیە، هەڵگری بنەماكانی یاسا و بەها كۆمەڵایەتیەكانە، بەڵام دەوڵەتی ئیسلامی دەوڵەتێكی ئایدۆلۆژیە، یەك رەنگ كردنی كۆمەڵگایە، كە رێگا بە كۆمەڵێكی ئازادی جیاواز لە ئیسلام نادات”.