دیدارەكانی بارزانی لەپەراوێزی كۆڕبەندی ئابووری جیهان لە دەریای مردووی ئۆردۆن

خواكوڕك 
ڕۆژی شەممە 20ـی 5ـی 2017 بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەشداری لە یەكەم ڕۆژی كۆڕبەندیی جیهانی لە دەریای مردووی ئۆردۆن كرد. لەو كۆڕبەندەدا ژمارەیەكی زۆری كەسایەتی سیاسی و ئابووریی جیهان و بەرپرسانی وڵاتان بەشدار بوون.
هەر لە پەراوێزی كۆڕبەندەكەدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ د. فواد مەعسوم سەرۆك كۆماری عێراق كۆبۆوە. لە دیدارەكەدا شەڕی تیرۆریستانی داعش لە موسڵ و ناوچەكانی تری عێراق و قۆناغی دوای داعش و بابەتی ئاوارەكان و هەروەها پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا تاوتوێ كرا.
 
دوای ئەم دیدارە و پەراوێزی كۆڕبەندەكە سەرۆك بارزانی لەگەڵ بۆڕگ برێند وەزیری دەرەوەی نەروێژ كۆبۆوە. لەو كۆبوونەوەیەدا پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و نەروێژ تاوتوێ كرا و هەروەها ڕۆشنایی خرایە سەر دوایین پێشڤەچوونەكانی شەڕی دژی تیرۆریستان و قۆناغی دوای داعش لە عێراق و هەروەها بارودۆخی ئاوارە و پەنابەران.
 
لە بەشێكی دیكەی ئەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی سوپاسی حكوومەتی نەروێژی كرد كە هاوكاریی سەربازیی و مرۆیی پێشكەشی گەلی كوردستان كردووە لە شەڕی دژی داعشدا. بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و سووریا تەوەرێكی دیكەی ئەو دیدارە بوو.
لەدرێژەی دیدارەكانی لە پەراوێزی كۆڕبەندەكەدا سەرۆك بارزانی لەگەڵ كڵاوس شواپ سەرۆكی كۆڕبەندی ئابووریی جیهانی كۆبووە. لە دیدارەكەدا سەرۆكی كۆڕبەندی ئابووریی جیهانی خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بە بەشداربوونی سەرۆك بارزانی لە كۆڕبەندەكە و هەروەها لە وتەیەكدا پێزانینی بۆ هەڵوێستی خەڵكی كوردستان هەبوو لە حەواندنەوە و پێشوازیكردن لە ئاوارە و پەنابەران و ڕۆڵی پێشمەرگەیشی لە تێكشكاندنی تیرۆریستان بەرز نرخاند و جەختی لەوە كردەوە كە پێشمەرگە بە چەك و ئیمكانیاتی سنووردار توانی خۆڕاگر بێت و لە جیاتی جیهان شەڕی تیرۆر بكات و لەو شەڕەیشدا سەركەوت. هەروەها خۆشحاڵیی خۆیشی نیشاندا بە پێشڤەچوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆڕبەندی ئابووریی جیهانی لە چەند ساڵی ڕابردوو هەتا ئێستا.
 
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی پوختەیەكی لەبارەی شەڕی تیرۆریستانی داعش و سەركەوتنەكانی پێشمەرگە و بابەتی ئاوەارەكان و هەروەها تەحەدیاتی قۆناغی دوای داعش خستەڕوو.
 
دوای ئەو دیدارە و لە هەمان ڕۆژدا سەرۆك بارزانی لەگەڵ بڕێت كۆندێرس وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا كۆبۆوە. لە كۆبوونەوەكەدا وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا خۆشحاڵیی خۆی بە بەرپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان وڵاتەكەی و هەرێمی كوردستان نیشان دا و ئەوەیشی ڕاگەیاند كە هۆڵەندا پابەندی گەشەپێدانی پەیوەندییەكانە لەگەڵ هەرێمی كوردستان بە تایبەت لەبواری وزە و كشتوكاڵ و ئاو. لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی پێشوازی كرد لە بەرەوپێشڤەچوونی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و هۆڵەندا و هیوای خواست ئەو پەیوەندییانە لەبواری وزە و كشتوكاڵدا پەرەی زیاتر بستێنێت.
 
هەر لەم دیدارەدا بارودۆخی سیاسیی هەرێم و قەیرانی ئاوارە و پەنابەران و شەڕی داعش تاوتوێ كرا و سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپات كردەوە كە شكستی سەربازیی داعش لە موسڵ بە مانای كۆتایهاتنی هزری تیرۆر نییە و پێویستە بە جوهدێكی هەمەلایەنەی جیهانی هۆكارەكانی سەرهەڵدان و گەشەی تیرۆر نەهێڵدرێن.
 
هەر لە پەراوێزی كۆڕبەندەكەدا سەرۆك بارزانی لەگەڵ ژمارەیەك لە ئەندامانی گەنجی ڕێكخراوی جیهانیی گڵۆباڵ شێپێڕز كۆبۆوە كە ڕێكخراوێكی جیهانییە لە گەنجە هەڵكەوتوو و نوخبەكانی سەرانسەری جیهان پێكهاتووە. ئەم شاندەی ڕێكخراوی جیهانیی گڵۆباڵ شێپێڕز مەبەستیان بوو كە لەبارەی دۆخی كوردستان و سەربەخۆیی و ڕیفڕاندۆم تێڕوانینی سەرۆك بارزانی لە نزیكەوە بزانن و سەرۆك بارزانیش پوختەیەكی لە مێژووی گەلی كوردستان لەگەڵ دەوڵەتی عێراق و پێشێلبوونی شەراكەت و ئەو نەهامەتیانە خستەڕوو كە لە لایەن حكوومەتەكانی عێراقیدا بەسەر گەلی كوردستاندا هاتووە. سەرۆك بارزانی لە درێژەی وتەكەیدا ئەو هۆكارانەی بە وردی باس كرد كە هانی گەلی كوردستانی داوە بڕیار لە سەربەخۆیی و ڕیفراندۆم بدەن.
Back to top button