ئەمریكا: لە دوای شەڕی مووسڵ دەبێت پەكەكە لە شنگال بچێتە دەرەوە

خواكوڕك

لە ئێستادا سوپای توركیا پشتیوانیی سەربازیی سوپاكەی لەسەر سنوورەكانی سووریا زیاتر دەكات، ئەمەش لەكاتێكدایە كە جەخت لە ئامادەكاری دەكرێت بۆ هێرشكردنە سەر بنكە و بارەگاكانی هێزەكانی سەر بە پەكەكە لە كوردستانی ڕۆژئاوا، هەروەها خۆئامادەكردن بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێكی لەناكاوی پەكەكە كە لەناو خاكی كوردستانی باشوورەوە بكرێتە سەر ئەو هێزانەی توركیا.

سەرچاوە توركییەكان، بە ڕۆژنامەی “شەرقول ئەوسەت” ڕادەگەیەنن، هێزەكانی سوپای توركیا ئامادەكاری بۆ پرۆسەیەكی سەربازی تەواوكردووە، وەك وەڵامێك بۆ هەر هێرشێكی هێزەكانی پەكەكە.

پێشتر، ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، لە دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، جەختیكردەوە، كە نامەیەكی بە سەرۆكی ئەمریكا گەیاندووە و لە ناوەڕۆكەكەیدا، ئەوەی پێگەیاندووە، كە توركیا بە بێ گەڕانەوە بۆ كەس، ئەگەر لە لایەن هێزەكانی پەكەكەوە لە باكووری سووریا هێرشیان بكرێتە سەر، وەڵام دەدەنەوە.

ڕۆژنامە عەرەبییەكە ئەوەی نووسیوە، كە ئیدارەی ترەمپ، بە بڕیاری هاوكاری سەربازیی بۆ هێزەكانی پەكەكە لە سووریا، لە چوارچێوەی پرۆسەی ڕزگاركردنی ڕەقە لەدەست “داعش” پێش سەردانەكەی ئەردۆگان بۆ وانشتۆن بە یەك هەفتە، توركیای نیگەران كرد. ئەوەش دەرگای لەبەردەم ئەگەرەكانی بەشداریكردنی توركیا لەو پرۆسەیە داخست، كە مەرجی سەرەكی بەشداریكردنیان، دوورخستنەوەی هێزەكانی پەكەكە بوو لە پرۆسەكە.

پێشتر واشنتۆن و مۆسكۆ، كە هەردوولایان پشتیوانیی لە هێزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان لە سووریا دەكەن، نیگەرانی خۆیان لە هێرشە ئاسمانییەكانی توركیا بۆ سەر بنكەكانی پەكەكە لە شنگال و بنكەكانی یەپەگە لە چیای كراچۆك لە كوردستانی ڕۆژئاوا، دەربڕی.

هەردوولایان ئاماژەیان بەوە دا، كە ئەنقەرە بۆ هێرشەكەی 25ی نیسانی ڕابردوو هیچ هەماهەنگییەكی لەگەڵ نەكردوون، بۆیە لەسەر سنوورەكانی سووریا و توركیا هێزیان بڵاوە پێكرد، ئەوەش ئەنقەرەی تووڕە كرد.

پەیوەند بەو بابەتە، جۆناسان كۆهین، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، هاریكاری ولاتەكەی لەگەڵ پەكەكە لە سووریا بە ” هاریكاری كاتیی و تەكتیكی” دانا، لە دیدارێكیشدا لە پەیمانگای توێژینەوەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە واشنتۆن لە بارەی ناكۆكییەكانی نێوان توركیا و ئەمریكا سەبارەت بە هاوكاری سەربازی ئەمریكا بۆ پەكەكە، ڕای گەیاند :” بەهۆی ئەو بارودۆخەی لە سووریا درووستبووە، پەیوەندیمان لەگەڵ پەكەكە هەیە، چونكە هاوپەیمانی هێزەكانی سووریای دیموكراسی كە هێزەكانی پەكەكە یەكێكە لە پێكهاتە سەرەكییەكانی، ڕۆڵێكی گرنگ لە پرۆسەی ڕوگاركردنی ڕەقە، دەبینێت، پەیوەندییەكانیشمان لەگەڵ یەكینە كوردییەكان تەكتیكییە و دوای ڕزگاركردنی ڕەقە بەردەوام نابێت”.

لەهەمان كاتدا، كۆهین جەختدەكاتەوە، كە شكستی داعش لە مووسڵ، یەكێكە لە مەرجەكانی پەكەكە بۆ دەرچوون لە شنگال، گوتیشی:” دوای پرۆسەی مووسڵ، بەهەستیارییەكی زۆرەوە لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی بەغدا مامەڵە دەكەین بۆ دەركردنی پارتی كرێكارانی كوردستان لە شنگال، دەرچوونیشیان یان بە ئارەزوومەندانەی خۆیان دەبێت، یان بەشێوەیەكی دیكە”. وەك ئاماژەیەك بۆ ئەگەری بەكارهێنانی پرۆسەی سەربازی دژ بە پەكەكە (وەك ڕۆژنامە عەرەبییەكە لە كۆتایی ڕاپۆرتەكەی ئاماژەی پێداوە).

Back to top button