كۆتایی ئەمساڵ دەوڵەتی كوردستان درووست دەبێت و دەچێتە سەر نەخشەی جیهان

خواكوڕك
دوای چڕبوونەوەی هەولەكانی سەربەخۆی كوردستان لە لایەن سەركردایەتی سیاسی كوردستان, نوسەرێكی رووسی رایدەگەیەنێت لە كۆتای ئەم ساڵ دەوڵەتی كوردستان دروستدەبێت و دەچێتە سەر نەخشەی جیهان.

دیمتری نیرسیسۆڤ لە وتارێكیدا كە لە ماڵپەڕی (پراڤدا. ڕیپۆرت) بڵاوكراوەتەوە, چەند ماڵپەرێكی جیهانی وەك هەواڵ بڵاویانكردووەتەوە و گرنگییان پێداوە، لە بارەی دەولًەتی كوردستان نووسیویەتی، دەوڵەتە نوێیەكە تا كۆتایی ئەمساڵ لەسەر نەخشەی جیهان لە كوردستانی عێراق، دەردەكەوێت. ئەو ڕیفراندۆمەش كە لە پایزی ئەمساڵدا 2017 ئەنجام دەدرێت، دەبێتە هەوێنی درووستبوونی ئەو دەوڵەتە.

نووسەرە ڕووسییەكە، تێبینی ئەوە دەكات، كە بەم دوواییانە پرسی دەوڵەتی كوردی لە میدیاكاندا گرنگیی زیاتری پێدەدرێت. پێیوایە ئەوەش هۆكاری خۆی هەیە، یەكێك لە هۆكارەكان ئەوەیە كورد سەركەوتووانە لە عێراق و سووریا شەڕی داعش دەكات، لەهەمان كاتدا لەلایەن ئەمریكاوە پشتیوانیی دەكرێت.

بەهۆی ئەو هۆكارانەشەوە، ئێستا زۆرێك لە جیهان دەزانن كە گەلی كورد، لە زۆربەی گەلانی جیهان زیاتر تووشی دابەشبوون كراون، خاكی كوردستانیش كە زیاتر لە 40 ملیۆن كەسی لەسەردا دەژی، لە نێوان توركیا، عێراق، ئێران و سووریا دابەشكراون.

نووسەرەكە لە وتارەكەیدا نووسیویەتی :” ماوەیەكی زۆرە كورد خەون بە دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیەوە دەبینێت، بەڵام تائێستا نەیانتوانیوە ئەو خەونە بەجێ بهێنێت، هەر هەوڵێكی لەو شێوەیەش لەلایەن حكوومەتی پەیوەستدارەوە، بە توندی سەركووت دەكرا. بۆیە، پرسی كورد بەدرێژایی ماوەی ڕابردوو وەكو بۆمبێكی چێندراو لەژێر سەقامگیری خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، ماوەتەوە.

هەروەها، دەشڵێت :” هەلی درووستبوونی دەوڵەتی كوردیی سەربەخۆ، لەگەڵ جەنگی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دژ بە عێراقی سەدام حوسێن، دەركەوت، كاتێك كوردەكان هاوشانی هێزەكانی ئەمریكا بەشداری ئەو جەنگەیان كرد، بەرامبەر ئەوەش، بە فەرمانی پۆل بریمەر، حاكمی دوای پرۆسەی ئازادی عێراق، دەستوورێكی نوێیان بۆ دانرا، كە دۆخێكی تایبەت بە هەرێمی كوردستان بەخشرا و ئەوەش بەرەو فیدڕاڵی برد، هەروەها بەپێی دەستوورەكە، ماف بە گەلی كورد داوە ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە عێراق، ئەنجام بدات.

نووسەرەكە باس لە بۆچوونی ستراتیژی كورد دەكات، نووسیویەتی :” ئێستا كاتی ئەوە هاتووە لە ڕێگەی ڕیفراندۆمەوە ئەو مادە یاساییە بەكار بهێنرێت، كە بڕیارە لە پایزی ئەمساڵدا ئەنجام بدرێت و هیچ گومانیشی تیادا نییە گەلی كورد دەنگ بە سەربەخۆیی، دەدات.

بەڵام ئەو نووسەرە نایشارێتەوە، ئەو دۆخە ناكۆكی نوێی لێدەكەوێتەوە، ئەوەش چەند هۆكارێكی هەیە، كە لە هەڵوێستی ولاتانی پەیوەستدار بە پرسی كورد لە ناوچەكەوە سەرچاوە دەگرێت (توركیا، عێراق، ئێران و سووریا)، چونكە ئەوان لەگەڵ درووستبوونی دەوڵەتی كوردیدا، نین.

Back to top button