فازل میرانی: باكەس بەناوی نەوشێروان مستەفا قسە نەكات چونكە ناوبراو بەقسەی كەس بچووك نابێت

خواكوڕك 

لەمیانی بەشداری كردنی لە مەراسیمی پرسەی نەوشێروان مستەفا رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان دەلێت”ئەوەی لە دوو سێ رۆژە چاودێریم کردووە، دیاردەیەک هەیە بەو هیوایەم نەبێتە تایبەتمەندی میللەتی ئێمەی کورد، کەسایەتی وەها بە قسەی یەکێکی وەکو من یان یەکێکی دیکە لە فەیسبووک یان لە کەنارێک قسەیەک بکات بچووک نابێت و بە قسەیەکی دیکەی هەواداری ئەو گەورەتر نابێت. هەندێک کەس هەیە، خۆی جێگەی خۆی لەنێو میللەتی خۆیدا هەیە، کاک نەوشیروانیش یەکێک لەوانە بوو، بۆیە ناکرێت ئێمە لەدوای کۆچکردنی ئەو بەناوی ئەو قسە بکەین، بڵێین وای بەمن گوت منیش وام پێگوتووە، ئەمە جیا لەوەی راست بێت یان نا”.

فازل میرانی هەروەها گوتیشی”هاوبەشی خەمی کاک چیا و نما و چراین، کە لەماوەیەکی کەمدا دایک و باوکیان لەدەستدا، لەم خەمەدا وەک مامێکیان پشتیان دەگرین و دەلێت کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا زیانێکی گەورە بوو، هەروەها دەشلێت،  نەوشیروان مستەفا کەسایەتییەکی شۆڕشگێڕی کوردستان بوو، هەروەها کەسایەتییەکی شۆڕشگێڕ، مێژوونووس و رۆشنبیر بوو، جیا لە پرسە سیاسییەکاندا ئێمە هاوڕێی یەکدی بووین”.

سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی  پێیوایە لە دەستدانی “کەسایەتییەکی وەک نەوشیروان مستەفا دەبێتە مایەی لە یەکدی نزیکبوون و بیر لەخۆکردنەوە، ئەم رێگایە لەپێش هەموومانە، بۆیە ئەو بوغز و کینەیەی لەنێو خەڵک دروستمان کردووە، یان دروستبووە، حەقە هەموومان بە خۆماندا بچینەوە، مردن لەڕێگەی هەموو کەسێکە”.

میرانی گوتیشی “لەدەستدانی ئەم کەسانە زەرەرێکی گەورەیە بۆ میللەکەمان، بەداخەوە لە تەمەنێکی زۆر کەمدا کاک نەوشیروان ئێمەی بەجێهێشت، کە دەیتوانی سوودی زیاتری هەبێت بۆ میللەتەکەی”.

لەبارەی یەكگرتنەوەی یەكێتی و گۆڕان كە لەبەیاننامەكی یەكێتی دا خرابووە روو، فازل میرانی دەلێت، من حەز ناکەم لەسەر ئەو بابەتە قسە بکەم، چونکە من نە گۆڕانم نە یەکێتی، بەڵام ئەگەر لە جێگەی یەکێتی بوومایە لەم گەرماوگەرمەدا داوای یەکبوون و یەکگرتنەوەم لە گۆڕان نەدەکرد، دەشلێـ، پرسی یەکبوون و یەکگرتنەوە دیراسەتی دەوێت، گۆڕان بزووتنەوەیەکە، هۆکارێک هەبووە کە بووە بە گۆڕان، دەبێت هۆکارێکیش هەبێت واز لە گۆڕان بهێنێت.

Back to top button