سلێمانی و ئارژانتین و ژەنەراڵ پرون

عەلی عەونی

دوای شەڕی جیهانی دووەم، ئارژانتین وڵاتێکی زۆر دەوڵەمەند و پێشکەوتوو بوو. لە پلەبەندی وڵاتانی ئاوەدان و تێر و تەژی دا لە پێشەوەی فرانسا، ئەڵمانیا و ژاپۆن و زۆر وڵاتی تری پێشکەوتووی ئێستا بوو. ئارژانتین دوای ئەمریکا و بریتانیا و ئوسترالیا زەنگینترین وڵات دەژمێردرا. زۆربەی ئەوروپییە بازرگانەکان روویان لەم وڵاتە بوو بە مەبەستی وەبەرهێنان و بەکارخستنی سەرمایەیان.
سەقامگیرییەکی زۆر باش لەم وڵاتەدا هەبوو. ئارژانتین بۆ – چەندین دەیە گەشەیەکی ئابووری ٦% سەدا شەش و بەرزتری هەبوو کە لە دونیادا بێ وێنە بوو. ئەم کەشە وای کردبوو کە خەڵکی بازرگان و زەنگین لە هەموو شوێنەکانی دونیا روو بکەنە ئەم وڵاتە.
ئەم ڕەوشە بەردەوام بوو تا ئەو کاتەی ژەنەراڵێکی خاکی و سادە بە ناوی ((خوان دۆمینگۆ پرون)) بڕیاری دا، قووتی خەڵک لە دەستی دەوڵەمەندەکان دەربێنێت، بڕیاری دا پارەی ژێر زەمینەکان بە زەبری هێزی کۆمەڵانی هەژاری خەڵک لە ژێر زەمینەکان بێنێتە دەرێ و هەژاران تێر بکات.
ژەنەراڵ پرون بڕیاری دا ئەگەر نەتوانێت هەموو هەژاران دەوڵەمەند بکات، هەر نەبێت، خۆی و دارودەستەی وەکو هەژاران بژین. ژەنەراڵ ((خوان دومینگۆ پرون)) بە دروشمگەلی پۆپۆلیستی و خەڵک هەڵخەڵەتێنەر، ختوکەی هەست و سۆزی خەڵکی ئارژانتینی داو بووە سەرۆکی کۆماری ئەم وڵاتە.
پرون سلوگان و دروشمی وای بەرز کرد کە پەسەندی خەڵکی سادە و ئاسایی بێت. خۆی بە پشتیوانی هەژاران و کەم دەرامەتان پیشاندا و گوتی کۆمەڵگا بریتیە لە دوو چین یاخود دوو جەمسەری برسی و تێر یان هەژار و زەنگین. پرون خۆی خزاندە ناو کەوڵی مرۆڤدۆست و پشت و پەنای هەژاران ئەو دروشمی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و هاوکاری و هانای کۆمەڵگای بەرز کرد کە زۆر ئاساییە پانتاییەکی فروانی خەڵکی بۆ لای خۆی رابکێشێت خەڵک بە قارەمانی نیشتیمانی ناوزەدی کردن و بوونە ئەوینداری سەرکردەیەک کە هیچ خەمێکی نییە جگە لە خەمی هەژاران.
ژەنەراڵ ((خوان دومینگۆ پرون)) بەناوی بەرگری کردن لە مافی خەڵک و پشتیوانی هەژەران، هەژاریی لە وڵاتدا چەسپاند و ژمارەیەکی زۆر زیاتری لە خەڵکی ئارژەنتین بۆ ساڵانی دواتر خزاندە ژێر هێڵی هەژاری.
ئێستا دەبینین کە ئارژانتین سەرەرای هەبوونی هەموو توانا و سەرچاوەی مرۆڤی و سروشتی، لە ریزی وڵاتە هەرە هەژارەکاندایە سەرەرای تێپەڕبوونی دەیان ساڵ بەسەر حکومەتی خەڵک فریودەری دیماگۆک و فێڵبازی وەک پرون، ئارژانتین – نەیتوانیوە گەشەی پێش پۆپۆلیسم بە دەست بێنێتەوە.
ئێستا نەک وڵاتێکی پێشکەوتوو نییە و وەک هێزێکی ئابووری حیسابی بۆ ناکرێت، بگرە خەڵکەکەی لە خەون و خولیای ساڵانی خۆشی پێش پرون بەس خەفەت دەخۆن.
پۆپۆلیستەکان هیچ ویژدانیان نییە، بۆ ئەوەی بگەنە دەسەڵات سڵ لە بڵاوکردنەوەی نا راستی و بەڵینی نەگونجاو و نەکردە ناکەن.
ئێستا لە کوردستانی خۆمان لە بواری ژیان و گوزەرانی خەڵکدا و لە ئاستی حوکمداری و دەسەڵات بەڕێوەبردندا ئێمە لە بەرامبەر دەستە و گروپی پۆپۆلیستی و دیماگۆک داین کە مافی خەڵک و دادپەروەری – کۆمەڵایەتی بۆ ئەوان تەنیا پەیژە و پیخۆرە بۆ گەیشتنە دەسەلات.
ئەگینا خۆیان باش دەزانن کە هیج یەک لە دروشمەکانیان راست نین.
چونکە لە راستیدا شاری سلێمانی لە ژێر هەژموونی پۆپۆلیستەکاندایە.
مافی خەلکی هەژاری کوردستانە بە خەڵکی سلێمانیشەوە، بپرسن ئایا ئیوە شاری سلێمانیتان پێش خستووە، ئایا هەژاریتان لەوێ بنبڕکردووە، ئایا دادپەروەری کۆمەڵایەتی لە سلێمانی کە ئیوە تێیدا بالا دەستن، چەسپاوە؟!! پێویستە لەگەڵ خەڵکدا راستگۆ بین.
تەنانەت گواستنەوەی پۆلیسێک بە بڕیاری هەولێر نییە و نزیکەی چوار ساڵە هیچ داهاتێکی شاری سلێمانی ناگاتە حکومەت و بە پێچەوانەوەشەوە لە هەولێر پارەشیان بۆ دەنێردرێت. ئەو دەوڵەتە یوتوپیاییەی کە گۆڕانچیەکان و پۆپۆلیستەکان هاواری بۆ دەکەن، بۆچی وەک ئەزمون لە سلێمانی پیادە ناکەن تا خەڵکی کوردستان بە دۆعایان بڵێت ئامین.

Back to top button