دواین زانیاری لەبارەی سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ گردی زەرگەتە

خواكوڕك 

ئەمرۆ 22ی 5ی 2017 نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان سەردانی گردی زەرگەتەی لە شاری سلێمانی كرد بۆ دانانی تاجە گولینە لەسەر گڵکۆی نەوشێروان مستەفا رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، شاندی یاوەری نێچیرڤان بارزانی هەر یەكە لە ( فازل میرانی د. رۆژنووری شاوەیس، هۆشیار زێباری و مەحموود محەمەد و دڵشاد شەهاب) پاش دانانی تاجە گوڵینە نێچیرڤان بارزانی كۆنگرەیەی رۆژنامەوانی ئەنجامدا”.

نێچیرڤان بارزانی لەسەر گڵكۆی نەوشێروان مستەفا لە گردی زەرگەتە گوتی”ئێمە بۆ دەربڕینی سەرەخۆشیی خۆمان و هاوسۆزی و هاوخەمیمان لەگەڵ برایانمان لە سەرکردایەتیی گۆڕان و خانەوادەی نەوشیروان مستەفا هاتووین بۆ سلێمانی. نەوشیروان مستەفا وەک سەرکردەیەکی ئەم وڵاتە هەمیشە جێی ڕێز و تەقدیر بووە، ئەگەر سەیری ژیانی بکەین، دەبینین لەپێناو ئەو شتانەی باوەڕی پێ بووە و لەپێناو تێکۆشان بۆ گەلەکەی نرخی زۆری داوە هەروهها گوتیشی، بەناوی سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتیی پارتییەوە، سەرەخۆشی لە خانەوادە و سەرجەم کەسوکار و لایەنگرانی دەکەین. هیوادارین ئەمە ببێتە هۆکارێک بۆ ئەوەی ئێمە ئەو کێشانەی لە کوردستان هەیە، بتوانین لەگەڵ گۆڕان و لایەنە سیاسییەکانی دیکەی کوردستان چارەسەر بکەین”.

هەر لە كۆنگرە رۆژنامەوانیەكەدا، نێچیرڤان بارزانی گوتیشی” هەرچەندە لە ڕابردوودا ناکۆکیی سیاسی لە نێوانیاندا هەبووە، بەڵام کاری هاوبەش کراوە و لە ساڵانی پێش ڕاپەڕین و دوای ڕاپەڕینیشدا نەوشیروان مستەفا ڕۆڵی هاوبەشی لەگەڵ سەرۆک بارزانی و سەرکردەکانی دیکەدا گێڕاوە، لەلای خۆشیەوە، بەناوی بزووتنەوەی گۆڕان، عومەری سەید عەلی، یەکێک لە سەرکردەکانی گۆڕان، لە گوتەیەکدا بەخێرهاتنی نێچیرڤان بارزانی و شاندە یاوەرەکەی کرد و ڕای گەیاند: ”هیوامان وایە بە هەموو لایەک ئەو کێشە و گرفتە سیاسییانەی کە لەناو ڕیزەکانی جووڵانەوەی ڕزگاریخوازیی گەلی کورددا هەیە، بەتایبەتی لەنێوان پارتی و گۆڕاندا هەیە، بە شێوەی دایەلۆگ و برایەتی و تەبایی چارەسەریان بکەین و ئەو مەسەلانە بخەینە لاوە و یەکتر پەراوێزخستن و ئەو بابەتانە نەبێت، واقیعی کۆمەڵگەی کوردستان باشتر بکەین و ئەو دۆخەی هەیە بەرەو پێشی ببەین”.

 

 

Back to top button