چەند نهێنیەك لەبارەی راكێشانی بۆری نەوتی زۆنی سەوز بۆ ئێران ئاشكرا دەبێت

بەگوێرەی زانیاریەكانی دەستی خواكوڕك كەوتووە، ئێران گوشاری زیاتر خستۆته‌ سەر “گۆڕان و یەكێتی” بۆ ئەوەی پەلە بكەن لە راكێشانی بۆری نەوت و غازی سلێمانی بۆ ناو ئێران. لەو باریەوە بەپێی چەند سه‌چاوه‌یه‌ك، كۆمه‌ڵێك سیناریۆ ئاماده‌ كراوه‌ كە یەكێتی و گۆڕان لەداهاتووێكی نزیكدا بخنە بەردەم پارتی و لە راگەیاندنەكاندا هەڵمەتی راگه‌یاندنی بۆ ئەنجام بدەن.

هەرێمی كوردستان دەوڵەمەندە بە گازی سروشتی و نزیكه‌ی لەسەدا سێی یه‌ده‌گی هەموو جیهانی بەردەكەوێت. ئەمەش وای لە ئێران كردووە كە چاو ببڕێتە غاز و نەوتی زۆنی سەوز و له‌ رێگای كەناڵی جیاوازەوە گوشارەكانی زیاتر كردووە لەسەر “گۆڕان و یەكێتی” بۆ ئەوەی پەلە بكەن بۆ راكێشانی بۆری نەوت و غاز لە سنوری سلێمانی بۆ ئێران. سه‌رچاوه‌كانی هه‌واڵ لەسەر بەرهەمی سامانە سروشتیەكان دەڵێت، ئێران لەرێگه‌ی چەند سەرمایەدارێكی حزبی ده‌یه‌وێت به‌  بیانووی قەیرانی دارایی، بۆ راكێشان و جۆری بردن و بەكارهێنانی نەوت و غازی كوردستان لە سنووری زۆنی سەوز، سیناریۆی تایبه‌تی  ئامادە بكات.

بەگوێرەی ئه‌و زانیاریانه‌ی لە كەناڵی ئێن ئارتی بڵاو كراوەتەوە، سیناریۆی چۆنیه‌تی بردن و به‌كارهێنان و حساباتی دابینكردنی بوجه‌ی پێویست بۆ پرۆژه‌كه‌ ئاشكرا كراوه‌. له‌ راپۆرته‌كه‌ی كه‌ناڵه‌كه‌ هاتووه‌، ئێران له‌ رێگه‌ی چه‌ند هاوبه‌شه‌كۆمپانیایه‌كی لەو شاره‌، پاره‌ی پێشوه‌خته‌ی راكێشان و به‌ستنی بۆری نه‌وت له‌ نێوان كێڵگه‌ نه‌وتی و غازیه‌كانی سلێمانی بۆناو خاكی ئێران، دابین ده‌كات. به‌ڵام له‌ راگه‌یاندنه‌كاندا به‌شێوه‌یه‌ك ده‌ریده‌خه‌ن كه‌ كۆمپانیاكان خه‌رجی و بوجه‌ی پرۆژه‌كه‌ ده‌گرنه‌ ئه‌ستۆ، ئه‌مه‌ش بۆئه‌وه‌ی خاوه‌ن به‌رژه‌وه‌ندیه‌ راسته‌قینه‌كه‌ بشارنه‌وه‌.

پوخته‌ی كۆی سیناریۆكه‌ به‌مشێوه‌یه‌: دوای راكێشانی بۆری نه‌وت، ئێران له‌ناوخۆدا نه‌وته‌كه‌ به‌كارده‌هێنێت، به‌تایبه‌ت بۆ ئه‌وشاره‌ سنووریانه‌ی كه‌ گوایه‌ خه‌رجی گواستنه‌وه‌ی ناوه‌خۆیی له‌و وڵاته‌ زۆره.‌ به‌ڵام دانه‌وه‌ی به‌های نه‌وته‌كه‌ به‌ شێوه‌ی كاش و به‌رامبه‌ر نرخه‌كه‌ی نابێت. به‌ڵكو له‌و نه‌وته‌ به‌هه‌رێمی كوردستان ده‌درێته‌وه‌ كه‌له‌ به‌رهه‌می ناوه‌خۆی خۆی بۆ به‌نده‌ری جه‌یهان ده‌ینێرێت. واتا ئێران هه‌مان بڕه‌ نه‌وت به‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌داته‌وه‌ كه‌ لێی وه‌رگرتووه‌. هەر بەگوێرەی سەرچاوەی زانیاریەكان كە بڵاوكراوەتەوە لە ئێن ئارتی، ئێران بەم شێوەیە نەوت و غازی سلێمانی دەبات، گوایە نەوت و غازی باشوری ئێران، سەختە بۆ هەموو ئێران بەكار بهێنرێت. هەربەگوێرەی زانیاریەكان نەوتەكەی زۆنی سەوز لە قۆناغی یەكەم گەرمیان بۆ كرماشان رادەكێشرێت، و لە قۆناغی دووەم پێنجووین بۆ سنە رادەكێشرێت. ئەمە هەر دوو قۆناغەكە وەك بەشی یەكەم دەبێت و لەبەشی دووەمیش بەهەمان شێوە، غازی سروشتی دەست پێدەكات. كە بۆ هەر دوو بەشەكە پرۆسەی راكێشانەكە له‌رێگه‌ی بۆری، و ماوه‌ی ساڵێك و شەش مانگی پێدەچێت.

شارەزایانی ئابووری پێیانوایە ئەو سیناریۆیانەی ئێران نەك نیازی خراپی تێدا دەبینرێت، بەڵكو بەئاشكرا دەیەوێت لەرێگای چەند حزبێكەوە دەست بگرێت بەسەر نەوت و غازی دەڤەری سلێمانی. ئه‌و وڵاته‌ بەئاشكرا دەڵێت نه‌وت و غازه‌كه‌ هه‌ناره‌ی  دەرەوە ناكرێته‌وه‌، بەڵكو خۆمان بەكاری دێنین بۆ پڕكردنه‌وه‌ی پێداویستی ناوخۆیی و له‌داهاتوودا  لەبەندەرەكانی جیهان هه‌مان بڕ راده‌ستی ئه‌مباره‌كانی هەرێمی كوردستان ده‌كه‌ینه‌وه‌. ئەگەر وابێت هەرێمی كوردستان چ پێویست دەكات ئەو كرێكاریە بۆ ئێران بكات؟

ئێران پرۆژه‌ تایبه‌ته‌كه‌ی خۆی بەروونی بۆ وەڤدی یەكێتی باس كردووه‌، شانده‌كه‌ش له‌ داهاتوودا دوای رێكه‌وتن له‌سه‌ر وورده‌كاری پرۆژه‌كه‌، وه‌ڵامی كۆتایی ئێران ده‌داته‌وه‌. سەرچاوەكانیش باس لەوە دەكەن كە بۆیە بەرهەم ساڵح و حەمەی مینا و ئەرسەڵان بایز نێردراوە لەلایان سەركردایەتی هاوبەشی یەكێتی و گۆڕان، بۆ ئەوەی پارتی زۆر هەستیار نەبێت بە ئه‌ندامانی شانده‌كه‌.

چاودێرێك پێیوایه‌ گه‌مه‌یه‌كی سیاسی گه‌وره‌ له‌ پشته‌وه‌ی ئه‌م پرۆژه‌ ئابووریه‌ خۆی حه‌شاداوه‌، كه‌ یه‌كێتی و گۆڕانیش هاوڕان له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی پیلانه‌كه‌. له‌باره‌ی مه‌ترسیه‌كانی داهاتووی پرۆژه‌كه‌ پێیوایه‌، ئێران و یه‌كێتی و گۆڕانیش ده‌یانه‌وێت له‌ رێگه‌ی ئه‌م پرۆژه‌یه‌وه‌ داهاتی سامانه‌ سروشتیه‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ له‌ رێگه‌ی كۆمپانیاكانیانه‌وه‌ بۆخۆیان مسۆگه‌ر بكه‌ن و له‌به‌رامبه‌ردا كێشه‌ی ته‌كنیكی له‌ پێدانه‌وه‌ی بڕی وه‌رگیراو به‌حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دروست بكه‌ن. له‌لایه‌كیتر به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌ ئێستادا حكومه‌تی هه‌رێم به‌ته‌نیا مه‌حسوبه‌ له‌سه‌ر پارتی و لایه‌نه‌كانیتر به‌تایبه‌ت یه‌كێتی خۆیان له‌به‌رپرسیاره‌تی دزیوه‌ته‌وه‌، دیارنه‌مان و بردنی داهاته‌كه‌ بخه‌نه‌ ئه‌ستۆی ئه‌و حیزبه‌.

Back to top button