.دوای تاجەگوڵینەکە،ئەو تاعونە چارەکەن!
ئەردەڵان هەڵەبجەی
لە دوای کۆچی دوایی سیاســەتمەداری کورد نەوشیروان مســــــتەفاو هاوســــــۆزی هاوخـــەمی دەربڕینی تەواوی هێزە سیاســــی و چینە کۆمەڵایەتیەکان بـــــــــــۆ مـــــەرگی ناوبراو،بەرپرسانی باڵای گۆڕان ترسیان لـــە ڕەفتاری هەندێــک لــە هەوادارانی هێزەکەیان هەبوو،هەربۆیە داوایان لە هەڵسوڕاوان و لایەنگرانی گۆڕان کرد کە بە ڕەفتاری نا سیاسی و هەرزانە کاک نەوشیروان بچوک نەکەنەوە،
گەرچی کاک نەوشیروان پێگەو جێگەی خۆی لە گۆڕەپانی سیاسی و خەباتی ڕەوای گەلی کوردستاندا دیارەو مایەی ڕێزە،بەڵام ئەو ترسەی سەرکردەکانی باڵای گۆڕان لە خۆڕا نەبوو،هەڵە و هاهوها لە مامۆستا سەلاحەدین و کاک حاکم قادر لە مەراسیمی ناشتنی تەرمی کۆچکردوو لەلایەک و چەپڵەلێدان بۆ پێکەنینی کەسایەتیەکی سیاسی تر ئاماژەی ڕونی ئەو ترسەی بەرپرسانی گۆڕان بوون،
ئەم ڕەفتارە چونکە وەک پێویست ڕێی لێ نەگیرا بەردەوامی کێشاو بەدوایدا گرتەی لابردنی تاجەگوڵینەی ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی و شاندی پارتی بەدوادا هات،کاری ئەم کۆمەڵە لە هەڵسوڕاو یان هەوادارانی گۆڕان جگە لە هێنانی شەرمەزاری بۆ خودی بزوتەوەکه شتێکی دی نیە،گەرنا گۆڕان ناچار نەدەبوو داوای لێبوردن بکات و بکەوێتە حاڵەتی ئیحراجیەوە،ڕقی ئەم کۆمەڵە چکۆلە گەر ڕێی لێنەگیرێت لەلایەن خودی گۆڕانەوە،لە ئایندە دەبێتە کەلتور لەناو بزوتنەوەکە،بێگومانم لەوەی لە ئاستی باڵای گۆڕانیش تاک و تەرا کەسانێک هەن خەریقی تەشویق و تەسویقی ئەم کەلتورەن،
بۆیە گۆڕان وەک بزوتنەوەیەکی سیاســــی و کۆمەڵایەتی دەبێت ئەو ترسەی کە لەم گروپەی ناویەوە بۆی دروست بووە ڕایبگرێت گەرنـــــا هەر لێی بێدەنگ بن،دواتر ترس و ڕق پێکــەوە دەبنە خۆرەی بزوتنەوەکە لە لایەک و لەلایەکی دیش کەلتوری یەکدی قبوڵکردنی بەردەوامـــی ناو وتەکانی کاک نەوشیروانی ڕەحمــــــــەتی دەخاتە ژێر پرسیاری جدیەوە.