بە زڕە خەونیش لە هەورازەکەی بارزان سەرناکەون!

كاوە میران

 

سیناریۆی خەوننوسی، زۆرتر خەڵكی فریودەرو خاپێنراو پەنایان بۆ بردووە، بە تایبەتی سیناریۆی درۆی پێشتر بیر لێكراوە، یان بە مەرام پەنا بۆ براو، درۆكردنیش ئاسانە هەر كاتێك و هەرچی چۆنێك ویسترا بێ كراوە.

 

جەوانێك بە ناوی (کارۆخ عوسمان)كە نوسەر نییەو یەكەم جارە ناوی ببیستین، وتارێکی هەشسەدو یەك وشەی بێ ستۆپی، لە شێوەی خەوننامە لە ژێر ناوی( بارودۆخ لە بەرژەوەندی کودەتاکەی مەسرور بارزانییە) نوسیوە..

 

دیارە ئەو کەسە لە نێو ژینگەیەكی فریوخواردوودا دەژیێ، بۆیە لە سایتێكی سێبەرو گوماناویدا، لە خەیاڵدانی هەرزەیی خۆیی و خەیاڵپڵاوی مامۆستاكانیدا هۆنیوەتەوە، كە وا دەردەكەوێت، یا پێی نوسراوە یا بی نوسراوە، ئەو خەوننوسە بە كودەتایەك دەبینێ، لە نێو پارتی دیموكراتی كوردستاندا ڕووبدات!!

 

لە ڕاستیدا، بینینی ئەم زڕە خەونانە كە هەمیشە خەونی دوژمنان و نەیارانی پارتی و بارزانین زۆر كۆنن و لە گەڵیدا ڕاهاتووین، چونكە پتر لە سەدەیەكە ئەم زنجیرە خەونانە دەبینرێن و دەیبەنەوە ژێر گل و دوچاری شكستی هەورازی سەختی ڕێبازی پیرۆزی بارزانی دەبن.!

 

ئەوەی كە ئێوە باسی دەكەن لە ناو پارتی دیموكراتی كوردستان و لە مێژووی دامەزراوەی بارزانیدا وجودی نییەو ناشبێ،  بەڕێز مەسرور بارزانی ئێستا سەرۆكایەتی ئاژانسی ئاسایشی هەرێمی كوردستان دەكات و ئەزمونێكی زۆرو زەوەندی لەم بوارەدا پێشكەش كردووە، یەكێك لە ئەركە ستراتیژییەكانی ئەو دەزگایەی كە بارزانی ئیدارەی دەدات، چاوكراوەیی و بەئاگا بوونە لە جموجۆڵی تیرۆرستان و لە گۆڕنانی خەونی دوژمنان و بەكرێگیراوانی نێوخۆ..

 

دەزگای ئاسایشی كوردستان كە مەسرور بارزانی بەرپرسیارێتی، هۆكاری  سەقامگیریی و پارێزگارییە لە سەروماڵی هاوڵاتیانی ئەم وڵاتەو هۆكارێكیشە بۆ تووندوتۆڵكردنی پەیوەندیی نیشتیمانی لە نێوان دەزاگاكانی ئاژانسی پاراستنی ئاسایش وتاك بە تاكی ئەم كوردستان.

 

هەر بۆیە ئێوە سەغڵەت بوون و دڵتان بەوە دەهێشی كە مەسرور بارزانی جیا لەوەی كە سەركردەیەكی سیاسیی لێهاتوو و سەركەوتووە، سەركردەیەكی بەئەزمون و شارەزای ئاسایشی كوردستانە، كە بە دڵنیاییەوە لە مێژوودا ناوی بە سەربەرزیی و سەرفرازیی دەمێنێتەوە.

 

ئیتر ئەوە ئێوە خۆتان خەڵەفاندوەو زڕەخەون گێژی كردون،  لە نێوان سەركردەكانی بنەماڵەی سەربەرزی بارزانیدا، هەرگیز خیلاف نەبووەو ناشبێ.. بۆیە چیتر خەون و ئومێدە شكستخواردوەكانتان، لە سەر بوونی ناكۆكی پارتی و دامەزراوەی بارزانیدا تەسمیم مەگرن، باشتر وایە ئێوە كودەتا لە ناخ و فكری خۆتاندا بكەن و بە خۆتان دابچنەوە.!

Back to top button