نێچیرڤان بارزانی موژده‌ خۆشه‌كه‌ی به‌ گه‌لی كوردستان راگه‌یاند

خواكوڕك

سەرۆکی حكومه‌تی هەرێمی کوردستان رایگه‌یاند” دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، پێشهاتەکانی پرسی سەربەخۆیی کوردستان دەردەکەون و بۆ ئەمەش یەکڕیزیی گەلی کوردستانی بە پێویست زانی.

 

ئەمڕۆ چوارشەممە 24/5/2017، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە میانی کۆنفرانسی (هەرێمی کوردستان لەبەردەم دووڕیانێکدا) کە زانکۆی کوردستان لە هەولێر ڕێکی خستووە، ئەوەی ڕاگەیاند” کە خەریکە پێشهاتە دڵخۆشکەرەکان لەبارەی داهاتووی هەرێمی کوردستان بەدیار دەکەون و قەیرانەکان کۆتاییان دێت.

دەقی گوتاره‌كه‌ی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان:-

 

بەستنی ئەم کۆنفرانسە هاوکاتە لەگەڵ کردارێکی تیرۆریستی کە لە شاری مانچستەر کرا و ٢٢ کوژراو و نزیکەی ٦٠ برینداری لێ کەوتەوە. سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەی گەل و حکوومەتی بەریتانیا دەکەین. ئەوە سەلماندی کە تیرۆر تەنیا پەیوەندی بە یەک شوێنەوە نییە، ئەمە هەڕەشەیەکی نێودەوڵەتییە کە هەموومان دەگرێتەوە. وەکوو کورد شانازی بەوە دەکەین کە لە بەرەی یەکەمی بەرگری دژی ئەم تیرۆریستانە لە ریزی پێشەوە بووین کە زیاتر لە ١٧٠٠ شەهیدمان داوە. دەبێت وڵاتان لە ڕووی سەربازی و فکرییەوە ڕووبەڕووی داعش ببنەوە.

 

هێرشەکانی هەفتەی ڕابردووی داعش بۆ سەر پێشمەرگە لە خورماتوو بیری هێناینەوە کە ناحەزان هەمیشە دەیانەوێ تاقیمان بکەنەوە، ئێمە لە کوردستان هەست بە پارێزراویی تەواو دەکەین، ئەمەش بۆ قارەمانیی پێشمەرگە دەگەڕێتەوە، دەستخۆشییان لێ دەکەم.

بە ڕەچاوکردنی ئەوەی کوردستان لە چواڕیانێکە، سەرەتا پێویستە هەڵسەنگاندنێک بکەین تا بزانین چۆن گەیشتووینەتە ئەمڕۆ. ئەگەر چاو بە مێژووی کوردستان بخشێنینەوە کە تێیدا چەندینجار خەڵکی کوردستان چەوسێندراوەتەوە و خەباتی کردووە، جێی سەرنجە لە ١٥ ساڵی ڕابردوو چەندین قۆناغی جیامان دیوە. سەرەتا لە ٢٠٠٣ ئازادیی کوردستانی بەدوای خۆیدا هێنا، ساڵانی دواتر ئەو ئازادییە بوو کە بووە هۆی گەشەسەندنێکی خێرا، لەم دواییەشدا سەردەمی قەیرانەکان دەستی پێ کرد، ئەمەش هەریەک لە ئێوە بە تەواوی لێی ئاگادارن، ئێمە ڕووبەڕووی قەیرانی ئەمنی، ئابووری و مرۆیی بووینەوە، کەم وڵاتێک هەیە لەم قەیرانانە ڕزگار بێت بێ ئەوەی زیانی لێ بکەوێتەوە.

باوەڕم وایە کە ئەم سەرکەوتنەمان بەسەر قەیرانەکان ئاماژەیە کە بۆ شوناسی کوردستان. ئێمە لە هیچ دۆخێکدا لە کوردستان پەنامان بۆ بیرۆکەی توندڕەوی نەبرد.

ئێمە دژی یەکتر نەوەستاین، هیچ ئینتیمایەک بۆ توندوتیژی و ڕووبەڕووبوونەوەی یەکتر وەک ئەوەی لە ڕابردوو بینیبوومان، لە کوردستان سەری هەڵنەدا، ئەمە شایانی باسکردنە، چونکە توانا شاراوەکانمان بۆ داهاتوو دەردەخات.

ئێمە لە تاقیکردنەوەکەدا سەرکەوتوو بووین، بە ئاگردا تێپەڕ بووین، بەها ڕاستەقینەکانمان دەرکەوتن، ئەمەش پێویستە هەموومان لە کوردستان شانازی پێوە بکەین.

هیوادارم کەسایەتییە جیهانییە کاریگەرەکان دان بەو ڕاستییەدا بنێن.

ئەمڕۆ لەم کۆنفرانسەدا گرنگە بڕوانینە داهاتوو، دەمەوێ ئامادەبووان لەم هۆڵەدا بیر لەو هەەنگاوە کردارییانە بکەنەوە کە لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوە دەبێ بیگرینە بەر. هەندێک شت هەن کە ئێمە ناتوانین بیانگۆڕین، نرخی نەوت، جەنگەکان و گۆڕانکاری لە هاوپەیمانییە جیهانییەکان.

دوای ئەم قۆناغانەمان چی دێت؟ باوەڕم وایە کە دەبێت سەرنجمان بخەینە سەر بنیادنانی نەتەوە، واتە بنیادنانی یەکڕیزی و بوون بە نەتەوەیەکی سەربەخۆ.

گەشەسەندنی ئابووری بەو خێراییەی کە داڕما، بەرز نابێتەوە، ئەمەش مانای وایە کە پێویستە بە وریایی و هەنگاو بە هەنگاو بەرەوپێشەوە بڕۆین. وەک چۆن دروستکردنی ڕێگەیەک پێویستی بە چەند چینێکی تۆکمە هەیە تا بە ڕێکی بمێنێتەوە، تەنیا شتێکی ئەرێنی لە قەیران ئەوەیە کە وات لێدەکات بزانیت گرنگترین شت چییە؟ لەلایەن حکوومەتەوە دواکەوتنی دابەشکردنی مووچە کاریگەرییەکی زۆری دروست کرد. ساڵی ڕابردوو لە ڕێگەی دەست پێکردنی سیستەمی بایۆمەتری بۆ دابەشکردنی مووچە بە شێوەیەکی کاریگەر کارمان لەسەر کرد. ئەمە من و جێگری سەرۆک وەزیران بە جێبەجێکردنی پابەندین. پابەندین بە بنیادنانی ژێرخانێکی ڕاست لە کاتێکدا کە زۆربەی پڕۆژەکان وەستاون، سوپاسی وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی و دەرەکی دەکەم کە زۆریان لەسەر پڕۆژەکانیان بەردەوام بوون. باوەڕم وایە کە بەرەو کۆتایی قەیرانەکان دەڕۆین و بەرەو قۆناغێکی نوێ دەڕۆین کە گەشەسەندنی دوای جەنگە.

خەریکە هێما دڵخۆشکەرەکان دەردەکەون. ئێمە بۆ ئەو کاتە ناخۆشانە ناگەڕێینەوە کە پێیدا تێپەڕین، پێویستە هەموو توانامان بخەینە گەڕ. گەشەکردن گەشەکردنی زیاتری لێ دەکەوێتەوە. گەڕانەوەی هەر ئەندامێکی ڕەوەندی کوردستان لە دەرەوە، هانی ئەندامێکی دیکە دەدات کە بۆ کوردستان بگەڕێتەوە و کار بکات.

بەبێ دیوارێکی بەهێزی یەکڕیزی سیاسی، ناتوانین سەقفی سەربەخۆیی بنیاد بنێین، تەنیا لە ڕێگەی بوونی ئامانجی هاوبەش دەتوانین بەرەنگاری ئەجێندای دەرەکی ببینەوە. ناکۆکییە سیاسییەکان هەرگیز کۆتاییان نایەت، ئەمەش بەشێکە لە پرۆسەی دیموکراسی، بەڵام لە گەرمەی شەڕی داعشدا وەک پێویست ئەولەویەتمان بەم کێشانە نەدا، زۆر بەداخەوە. پێویستە کار بۆ کوردستان بکەین و لە ڕێگەی دیالۆگەوە چارەسەر بۆ سەرجەم کێشەکان بدۆزینەوە. یەکێک لە لایەنەکانی سەربەخۆیی کوردستان کە زۆر گرنگە، ئەوەیە کە سەربەخۆیی هەموومان کۆدەکاتەوە.

ئامانج لە ڕیفراندۆم ئەوەیە کە سەربەخۆیی خۆی لە خۆیدا ئامانجی هاوبەشی ئێمەیە، دوای پشتڕاستکردنەوەی ئامانجەکەشمان، پێشهات و مەترسییەکانمان بۆ ڕوون دەبنەوە، سەربەخۆیی دەبێتە دەسپێکی گەشتێکی نوێ بە ئاراستەیەکی ڕاست.

بنیادنانی پەیوەندییەکی دراوسێیانەی باش لەگەڵ بەغدا، زۆر باشترە لە پەیوەندییەک کە لە پەیوەندیی نێوان کرێچی و خاوەن خانوو دەچێت. پەیوەندییەک کە هەردوولا پێیان خۆش نییە، نە ئێمە و نە ئەوانیش پێیان خۆش نییە. کوردستانێکی یەکڕیز و بەهێز دەتوانێت ببێتە بەشێک لە چارەسەرکردنی هەندێک لە کێشەکانی ناوخۆ و دەرەوەش.

لە کۆتاییدا هیوادارم ئەوەی ئەم دوو ڕۆژەی داهاتوو لەم هۆڵەدا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، هەر لەم هۆڵەدا نەمێنێتەوە، بەڵکو پێویستە ئەمانە ببنە بەشێک لە گفتوگۆی سیاسی و میدیایی و تەنانەت لە کافێیەکان و چایخانەکانیش. میدیا پێویستە ڕۆلی بنیادنەر بگێڕێت.

هەمیشە ڕەخنەگرتن لە بنیادنان ئاسانترە، بنیادنان هەوڵ و کۆشش و بەرپرسیارێتی و بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانە، کە کار دەکەیت، بە ئاسانی تووشی کەموکوڕی دەبیت، لەوە ئاسانتر نییە تەنیا خەریکی ڕەخنەگرتن بیت و ڕووبەڕووی گرفت و مەترسییەکان نەبیتەوە. ئەمساڵانەی دوایی ڕووبەڕووی زۆر گرفت و سەختی بووینەوە، بەڵام ئەگەر بەراوردی بکەین لەگەڵ ئەو گرفتانەی تووشی نەوەکانی پێش ئێمە بوون، دەبینین کە سەختییەکانی ئێمە ئاسانتر بوون.

بۆیە پێویستە هەموومان ڕۆڵی خۆمان لە بنیادنانی نەتەوەکەمان بگێڕین. ئەم دۆخەی ئێستا بۆ کوردستان ڕەخساوە، بە درێژایی مێژوو بۆی نەڕەخساوە تا مافی چارەی خۆی دیاری بکات. ئایا وانەکانی رابردوومان بیرچووە و ڕووبەڕووی یەکتر بووینەوە؟ ئایا وەبەرهێنانمان لە پەروەردە و بوارەکانی دیکە کردووە کە نەوەی نوێ و باش بۆ داهاتوو ئامادە بکەین؟ ئایا ئەو بڕیارانەی داومانە لە پێناو بەرژەوەندیی کوردستان بووە یان لە پێناو بەرژەوەندیی خۆمان؟ ئایا ئەوەندە توانامان هەیە کە ئەم دەرفەتە بقۆزینەوە کە دەسەڵاتمان بەسەر داهاتووی خۆمان هەبێت؟ ئەمانە هەمووی پرسیارن بۆ ئەوەی وەڵام بدرێنەوە، ئەگەر سوود لە بیرۆکەی کەسانی وەک ئێوە وەربگرین، دڵنیام دەتوانین سوود وەربگرین و هەموومان شانازی پێوە بکەین.

هیوای ڕۆژێکی خۆش بۆ کۆنفرانسەکەتان دەخوازم.

Back to top button