گوڵەكەی کاک نێچیرڤان و گورگەكانی گۆڕان
یاد سرێشمەیی
سیاسەتی هەرزەیانەو لالوت بە وەكیەكی بەڕێوەبردنی وڵات لەچوارچێوەی حكومەتی بنكەفراوان، لەماوەی چەند ساڵی رابردوو دەرخەری ئەو ڕاستیە بوو كە گۆڕان بڕیارەكانی لەژێر هەژموونی گروپێكی توندڕەوی هەرزەییانە بووە كە تەنانەت خودی خوالێخۆش بوو نەوشێروان مستەفاش نەیتوانیووە دەر وەستی فشارەكانیان بێت، بۆیە دۆخی سیاسی كوردستانیان بەم جۆرە گەیاند،
ئەم هەقیقەتە ڕاستتر لەوكاتە ڕوونبوویەوە كە لە مەراسیمی بەخاكسپاردنی سەركردەكەیان، سیاسیە پیرە بێدەنگەكانی گۆڕان نەیان توانی دەمی ڕەوتی هۆیهای بزووتنەوەی گۆڕان بگرن، بێڕێزیان بەبەشێك لە سەركردەی چەند حزبێكی بەشدار لە ماتەمی ئەوانكرد، دواجارحزبەكەی كۆچ كردویان ناچار بە داوای لێبوردن كرد بەرامبەر یەكگرتوو ئەمە جگە لەوەی لەبەهایی مەڕاسیمی كۆچ كردوویان دا وەک باقی بەهاكانی دیكە كە بە عەقلیەتێكی داخراو و دەمێكی كراوە لەهەمبەری دەوەستانەوە،
گروپی هۆیهای گۆڕان بەم چەند وشەیەی لەرووی سەلاحەدین بەها ئەدینیان گوت و بەو ئەدەبیاتە لاواز و هیچ لەبار نەبووەی لەدوای كۆچباربوون و بەخاكسپاردنی نەوشیروان مستەفا لەكەناڵ و پەیجە دیار و بێ باوکەكانی ئەم بزووتنەوەیە بێ سەبەب دژ بەپارتیان دەنووسی، پەردەی لەڕووی راستەقینەی گۆڕان ڕاماڵی و دەریخست كە گۆڕان ها بەدەست كۆمەڵێک گەنجی هیچ لەبار نەبوو كە كەوتوونەتە دوای هاشوهوشی فیسبوک چیەكانەوە، بێ ئەوەی حساب بۆ بەرژەوەندیەكانی گۆڕان و كوردستان بكەن، بونەتە گەڵەگورگی گیانی ئەوانەش كەتەنانەت دوو قسەی خێر لە ئێستاو ئایندەی وڵات دەكات، ئینجا (وەیل) بۆ ئەوانەی گۆڕان بەیەک وشەش سوچبار دەكەن مەگەر خۆیان بزانن چۆن لولی نێو ئیڕهابی فكریی دەدەن،
سەركردایەتی گۆڕان دوای بێڕێزیەكەی كە بەرامبەر سەلاحەدین بەهائەدین كرا، بەناوی گۆڕانەوە داوای لێبوردنی كرد دەی خۆ ئەگەر ئەوان كە مەبەستم گروپی هۆیهای زاڵی ناو گۆڕانە لە ئەلف و بێی سیاسی تێبگەن لەوساتە ماتەمەیان سوكایەتی بە بزووتەوەكەیان و پارتی دیكەی سیاسی وڵات ناكەن، چونكە سیاسەت چۆن بەعاتیفە ناچێت بەڕێوە بە تێگەی سەتحی چەند فەیسبوكەوانێک ناڕوات بەڕێوە بەڵكو سیاسەت قوڵترە لەوەی ئەوان دركیان پێی كردووە، بەڵام وەک لەڕووداوەكەی ئەمڕۆ دەركەوت لە نێو بزووتنەی گۆڕان ئاراستەكردن سیاسەت و قۆستنەوەی بەرژەوەندی سیاسیان قودرەتی قادر بەڕێوەی بردووە، هەروەها دەركەوت لەدەرەوەی هەیكەلی مەكۆی سەرەكی ئەم حزبە بڕیاردەری دیكەش ڕۆڵدەبینن، كە لەنێویدا پەڕلەمانتار و فەیسبوكەوان و پەیجمان هەن،
سەردانی كردنی سەرۆكی حكومەت و دانانی تاجە گوڵینە لەسەر گۆڕی نەوشیروان مستەفا جگە لەوەی ڕێزگرتنە لەگۆڕی ئەم سەركردەیە، ئەوا لەعورفی سیاسی هەمیشە بۆنەو پرسەو چاڵاكیە مەیدانیەكان دەرفەتگەلێكی باش بەدەستەوە دەدەن تا لێیەوە بتوانرێت كارەكتەرە سیاسیەكان لەیەكەوە نزیك بكات و بەستەلەكەكان بشكێندرێن، بێگومان پرسەی نەوشیروان لەم جۆرە تێگەیشتنەی لێ كەم نەبووكە ئەو دەرفەتە وێستگەیەک دەبێت بۆ قۆناغی داهاتووی كوردستان كە لانی كەم بتوانێ كۆدەنگیەک و تەڤلیهەڤیەكی سیاسی نێوان حیزبەكان دروست بكات، پێشوازی گەرمی كوڕەكانی نەوشیروان مستەفاو هەڵسوڕێنەرانی باڵای گۆڕان لەم جۆرە هیوایەی لەپێشدا بە سیاسی و میدیاكانی ئەوێی بەخشی كە ئێستا كاتێكی باشە بۆسەرەتایەكی باشتری داهاتوو،
بەڵام لادانی تاجەگوڵینەكەی سەرۆک حكومەت لەلایەن گەلەگورگەكەی گۆڕان و بێدەنگ بوونی پیرە بەحساب بڕیار بەدەستەكانی ئەم بزووتنەوەیە لەبەرامبەر ئەوان، پێمان دەڵێت لەكوردستان تا سەری ئەو پەتەی گرێی دۆخی سیاسی هەرێمی پێ لێدراوە بەدەست ئەو هەرزە سیاسی و كورت بینە سیاسیانە بێت كە سیاسەتی ڕۆژ دەكەن لەناو گۆڕان، بەداخەوە دەڵێم جگەلەوەی گۆڕان نەوەیەكی بەدحالی بۆ بەرهەم هێناین، ئەوا دەبێت دڵنیابین چرای مۆمی ئەو هیوایانەی كە لە گۆڕان دەمان بینی بۆچارەسەری دۆخی هەرێم ئێستا بەتەنیشت گۆڕی نەوشیروان مستەفاوە پێویستە فاتیحەی بۆ بخوێنین.