فەرمانگەیەكی چاكسازی بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەی ھەیكەلی نوێی وەزارەتی پێشمەرگە دروست دەكرێت

خواكوڕك
دوای ئەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە هەفتەی رابردوو بڕیاری یەكخستنەوەی هێزەی پێشمەرگەی كوردستانی دەركرد, وەزارەتی پێشمەرگە رایدەگەیێنێت، بڕیارە فەرمانگەیەكی نوێ بە ناوی فەرمانگەی چاكسازییەوە دروست بكرێت، كە مەبەست لێی جێبەجێكردنی پڕۆژەی ھەیكەلی نوێی وەزارەتی پێشمەرگەیە.
عەمید(ھەڵگورد حیكمەت) بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاندووە:” جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژەیە سێ ساڵی بۆ دانراوە، چونكە كاتی دەوێت تاوەكو جێبەجێ دەكرێت، وەزارەتێكی پرۆفیشناڵ دروست دەكرێت ھاوشێوەی وڵاتانی ھاوپەیمان و مەشق و ڕاھێنان بە ھێزەكان دەكرێ و رێك‌دەخرێن، لەبەر ئەوە ئەمانە ھەمووی كاتی دەوێت.
(ھەڵگورد حیكمەت) دەڵێ، “لە چوارچێوەی ئەو پڕۆژەیە دروستكردنی ھێزێكی ئاسمانی ھەیە، بەڵام ئەمە پێویستی بە وردەكاری ھەیە لەوەی كە چۆن دروست دەكرێت، هەڵبەت ئەمە پڕۆژەیە و ھێشتا جێبەجێ نەكراوە.”

(حیكمەت) ئاشكرایسی كرد، “بڕیار دراوە لەجیاتی ئەوەی لیژنەیەك ھەڵسێت بە جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژەیە، فەرمانگەیەك بە ناوی چاكسازی دروست دەكرێت و كاری ئەو فەرمانگەیە تەنھا جێبەجێكردنی پڕۆژەكە دەبێت لە ماوەی ئەو سێ ساڵەدا، ئینجا ھەر بڕیارێك بدات دەدرێتە راوێژكارەكان و دەچێتە بەردەم وەزیر و دواتری بۆ ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆكایەتیی ھەرێم بۆ ئەوەی پەسەند بكرێت.”

بە بەشداریی وڵاتانی ھاوپەیمانی جەنگی دژ بە داعش كە ئەمەریكا رابەرایەتیی دەكات، پڕۆژەیەك بۆ ھەیكەلی نوێی وەزارەتی پێشمەرگە كە ھاوشێوەی وڵاتانی ھاوپەیمانە، ئامادە كراوە و رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران كراوە و پەسەندیش كراوە، ماوەتەوە ئەوەی سەرۆكایەتیی ھەرێم بڕیاری لەبارەوە بدات.

Back to top button