وەزیرەكانی گۆڕان مووچە و ئیمتیازاتەكانیان نەبڕاوە
خواكوڕك
دوای ئەوەی كێشە سیاسەكانی هەرێمی كوردستان بە هۆی خراپی لە ئەدای پەرلەمانەوە كە بزووتنەوەی گۆڕان سەرۆكایەتی دەكرد, قولبویەوە بە ئاستێك گەیشت كە بڕیاری دورخستنەوەی بزووتنەوەی گۆڕان درا, تا ئێستا وەزیرەكانی گۆڕان و ستافەكەی ئەم بزووتنەوەیە لە كابینەی هەشتەم موچەو ئیمتیازاتەكانیان لە حكومەت ماوە و نەبڕاوە و بە بڕیاری سەرۆكی حكوومەتیش ئۆتۆمبێلەكانیان لا ماوەتەوە.
ڕێبوار خەلیل، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی حكوومەتی هەرێم لە پشكی بزووتنەوەی گۆڕان بەهەفتەنامەی نزیك لەدەزگای زانیاری راگەیاندووە: ״ئەوان وەك هەر وەزیرێكی تر 75% مووچەكانمان بڕاوە و 25% وەردەگرین و مووچەكانمان نەبڕاوە، ئۆتۆمبێلەكانیش بە فەرمانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم لای خۆمان ماون.״
ڕێبوار خەلیل باسی لەوەش كرد ئەوانەی ماڵیان لە هەولێر نەبووە شوێنی نیشتەجێبوونیان پێ دراوە، تا ئەو كاتەی لە حكومەتدا كاریان دەكرد
لە بەرانبەردا، محەمەد عەلی، وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، ئاماژەی بەوە دا، مانەوەی ئیمتیازاتی مووچە و ئۆتۆمبێل بۆ وەزیرەكانی گۆڕان لە لایەن سەرۆكایەتیی حكوومەتەوە بووە و ئەوەش بە مانای ئەوە دێت كە پارتی ڕاژەی ئەو وەزیرانەی كۆتایی پێ نەهێناوە و وەك ڕێزێكیش بۆیان هێشتوونییەوە.
وتیشی: ״پێشتریش وتەبێژی حكوومەت ئاماژەی بەوە داوە كە ئەو وەزیرانە مۆڵەتیان بۆ كراوە.״