بەیاننامەیەك لە مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ساڵیدای شۆڕشی گوڵان
خواكوڕك
بە بۆنەی تێپەڕینی 41 ساڵ بەسەر هەلًگیرسانی شۆرشی ئەیلول مەكتەبی سیاسی بەییانامەیەكی بڵاوكردەوە كە لە نێو بەییاننامەكەدا ئماژە بەوە كراوە كە ئەمڕۆ لە هەركات زیاتر ئەو راستییە مێژوییە دەدرەوشێتەوە كە رێبازی بارزانی، رێبازی شۆڕش و سەنگەربەرنەدان و سەودانەكردن و بەدیهێنەری قۆناغ بە قۆناغی دەسكەوتەكانی كوردە، شا رێگە و شا رێبازی گەیشتنی كوردە بە ئاواتی مەزنی سەربەخۆیی و رزگاریی نیشتمانی.
لە بەییاننامەكەی مەكتەبی سیاسی پارتیدا هاتووە:” ئەمساڵ كە یادی شۆڕشی گوڵان و تێكۆشەرانی دەكەینەوە، كوردستان لەبەردەم گەورەترین دەرفەتی مێژووییدایە كە هەرگیز لە مێژودا دەرفەتی لەو جۆرەی بۆ نەرەخساوە. دلێرانە و سەركەوتوانەش یەك بە یەكی ئەو لوغمە سیاسیانەی راماڵیوە كە خرانە بەردەم دەرفەتەكەی. لە پێش هەموشیانەوە شەڕ و پەلاماری داعش كە لەسەر دەستی هێزی پێشمەرگە بەڕابەرایەتی سەرۆك بارزانی، بوونە پەندی زەمانە.
هەروەها لە بەشێكی دیكەی بەیاننامەكەدا هاتووە:” حاڵی حازر كوردستان سەركەوتوی یەكەمی شەڕی دژە تیرۆرە و بە دونیای سەلماند كە هەر خۆی پارێزەری ئەو خاكەیە كە خۆی بە خاوەنی دەزانێ و بۆیەش مافی رەوای گەلەكەیەتی كە خاوەن سەروەری بێت بەسەر ئەو خاكەدا و خۆی بڕیار لە چارەنوسی بدات. ئێستا ئیدی هەلو مەرج زێڕینە بۆ كورد كە سەركەوتنە سەربازییەكانی بۆ سەركەوتن و دەسكەوتی سیاسی وەرگێڕێت و لەو هەنگاوە مێژووییەدا جگە لە یەكدەنگی و یەكڕیزی لە هیچی كەم نییە. بە تایبەت كە روانگە و دنیابینیی كورد و سەركردایەتییە سیاسییەكەی نەك هەر لەگەڵ بەها و باوەڕە بەرزەكانی شارستانیەت و مرۆڤایەتی تێكدەكاتەوە، بەڵكو لە جیاتی دونیاش پارێزەریی لەو بەهایانە كرد و خوێنی بۆ بەخشین و هەموو جیهانیش بووە شاهیدی سەرسامی ئەو راستییە.
مەكتەبی سیاسیی پارتی دەشلێت:” پارتیمان لە كاتێكدا یادی شۆڕشی گوڵان دەكاتەوە، چاوی ئومێدی لە یەكڕیزی نێوخۆیی و چاوەڕوانییشی لە گەلانی دونیا و دەوروبەر ئەوەیە پشتیوانی لە ئیرادە و بڕیاری گەلی كوردستان بكەن و مافی دیاریكردنی چارەنوسی وەك تێكڕای گەلانی دونیا پێ رەوا ببینن و دەوڵەتی كوردستان لە كەشی لێكگەیشتن و بە ئاشتی و بێ گێچەڵدا بێتە وجود.
بەیاننامەی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە (41)ەمین ساڵیادی شۆڕشی گوڵاندا
رۆڵەكانی نەتەوەی كوردی دلێر
گەلی كوردستانی نەبەز
پێشمەرگە قارەمانەكان
هاوڵاتیانی ئازیز
چل و یەك ساڵ لەمەوبەر، كۆڵنەدانی رۆڵە گیانفیدا و شۆڕشگێڕەكانی كوردستان بە رابەرایەتی پارتیمان، پارتی دیموكراتی كوردستان، نسكۆی بە نسكۆی شۆڕشی ئەیلول هێنا و لە 26ی گوڵاندا، بانگ و سەڵای شۆڕش دیسان سەنگەرەكانی ئاوەدانكردەوە و هەر زوو زڕەخەونی دوژمنان و نائومێدی گەلەكەمانی رەواندەوە .
پارتی بە هیممەتی پێشمەرگە قارەمانەكانی و بە پشتگری گەلی كوردستان، لە ماوەیەكی زۆر كەمدا، توانی پیلانی شومی جەزائیر لەگۆڕ بنێ و برینەكانی جەستەی شۆڕش تیمار بكات و بە هەموو دونیای بسەلمێنێ كە ئیرادەی پۆڵایین و مافی رەوای گەلی كوردستان نە بە ئاگر و ئاسن و نە بە خیانەت و پیلانی نێودەوڵەتی لەنێوناچێ و كۆتایی نایەت. بە هەموو لایەكیشی سەلماند كە پارتیی بارزانی ئەو هێزە نییە كە گۆڕەپان چۆڵ بكات و لە بەرپرسیاریی هەڵێت.
ئەمڕۆ كە یادی شۆڕشی گوڵان، شۆڕشی هەستانەوە و كۆڵنەدان دەكەینەوە، گەلەكەمان لە ئاستانەی هەل و مەرج و قۆناغێكی دیكەدایە. كە لە سادەترین پێناسەیدا قۆناغی چنینەوەی بەری سەد ساڵ خەبات و قوربانیدانی نەتەوەكەمان و گەیشتنە بە ئاواتی مەزنی سەربەخۆیی. پارتیشمان بە سەرۆكایەتی سەرۆك مەسعود بارزانی، لەسەر هەموو ئاستەكان، لەو پێگە شەرەفمەند و شانازەدایە كە شایستەیە بە مێژوو و خەبات و قوربانییەكانی و لایەقی حزبێكە كە قارەمانی میللی نەتەوەی كورد مستەفا بارزانیی نەمر دامەزرێنەر و داڕێژەری رێبازەكەیەتی.
ئەمڕۆ لە هەركات زیاتر ئەو راستییە مێژوییە دەدرەوشێتەوە كە رێبازی بارزانی، رێبازی شۆڕش و سەنگەربەرنەدان و سەودانەكردن و بەدیهێنەری قۆناغ بە قۆناغی دەسكەوتەكانی كوردە، شا رێگە و شا رێبازی گەیشتنی كوردە بە ئاواتی مەزنی سەربەخۆیی و رزگاریی نیشتمانی. ئەو قارەمانە كۆڵنەدەرانەی لە (گوڵان)دا درێژەیان بەو رێبازە دا و نەسرەوتن، كورد و كوردستانیان لەسەر راستەڕێی بەرەو ئازادی هێشتەوە، ئازادییەك كە ئەمڕۆ تەنیا چەند هەناسەیەك لێمان دوورە.
ئەمساڵ كە یادی شۆڕشی گوڵان و تێكۆشەرانی دەكەینەوە، كوردستان لەبەردەم گەورەترین دەرفەتی مێژووییدایە كە هەرگیز لە مێژودا دەرفەتی لەو جۆرەی بۆ نەرەخساوە. دلێرانە و سەركەوتوانەش یەك بە یەكی ئەو لوغمە سیاسیانەی راماڵیوە كە خرانە بەردەم دەرفەتەكەی. لە پێش هەموشیانەوە شەڕ و پەلاماری داعش كە لەسەر دەستی هێزی پێشمەرگە بەڕابەرایەتی سەرۆك بارزانی، بوونە پەندی زەمانە.
شەڕی برسیكردن و ئابڵوقەش گەرچی خەڵكی كوردستانی ناڕەحەت و ئازار دا، بەڵام مەرامی نەپێكا و نەیتوانی چۆكمان پێ دا بدات و لە سەربەخۆیی پاشگەزمان بكاتەوە. هەوڵی ناحەزان بۆ تەفرەقە و دووبەرەكیش گەرچی ئاستەنگی خستینە پێش، بەڵام دواجار ئەویش نەیتوانی كوردستان لێكبترازێنێ و دابەشی بكات و دەرفەت و ئومێدمان لەدەست بدات.
حاڵی حازر كوردستان سەركەوتوی یەكەمی شەڕی دژە تیرۆرە و بە دونیای سەلماند كە هەر خۆی پارێزەری ئەو خاكەیە كە خۆی بە خاوەنی دەزانێ و بۆیەش مافی رەوای گەلەكەیەتی كە خاوەن سەروەری بێت بەسەر ئەو خاكەدا و خۆی بڕیار لە چارەنوسی بدات. ئێستا ئیدی هەلو مەرج زێڕینە بۆ كورد كە سەركەوتنە سەربازییەكانی بۆ سەركەوتن و دەسكەوتی سیاسی وەرگێڕێت و لەو هەنگاوە مێژووییەدا جگە لە یەكدەنگی و یەكڕیزی لە هیچی كەم نییە. بە تایبەت كە روانگە و دنیابینیی كورد و سەركردایەتییە سیاسییەكەی نەك هەر لەگەڵ بەها و باوەڕە بەرزەكانی شارستانیەت و مرۆڤایەتی تێكدەكاتەوە، بەڵكو لە جیاتی دونیاش پارێزەریی لەو بەهایانە كرد و خوێنی بۆ بەخشین و هەموو جیهانیش بووە شاهیدی سەرسامی ئەو راستییە.
ئیتر بە هەموو پێوەرێكی سیاسی و مێژویی، بە پێی كۆی ئەو گۆڕانكاری و پێشهاتانەی لە ناوچەكە و جیهان و هاوكێشەكاندا دروست بوون، سەردەم سەردەمی كۆتایی هاتنی غەدری مێژوییە لەسەر نەتەوەی كورد كە چوارەمین نەتەوەی ناوچەكە و گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەتە لە جیهاندا، سەردەمی بە ئامانج گەیشتنی میللەتێكە كە بە كردەوە سەلماندی باوەڕی بە پێكەوەژیان و لێبوردەیی ئایینی و نەتەوەیی و باوەڕی بە بەها مرۆیی و سەردەمییەكان هەیە و هەر ئەو باوەڕانەش دەبنە بناغەی دەوڵەتەكەی و لە سایەیدا لە ئێستا باشتر نەتەوە و ئایین و ئایینزا و بیر و باوەڕە جیاوازەكان دەحەوێنەوە. گەلی كورد لە ناوچەیەكدا هەڵگری ئەو بەها بەرزانەیە كە رۆژ بە رۆژ زیاتر بە نێو زەلكاوی توندئاژۆیی مەزهەبی و رق و تۆڵەكاری و یەكدی نەفی كرندا رۆدەچێت.
لەم چركەساتە مێژوویەدا، بۆ خەڵكی كوردستان هیچ ئامانج و ئاواتێك لە بەدیهێنانی سەربەخۆیی لەپێشتر و گرنگتر نییە، بۆیە دەبێ ئامانجی سەربەخۆیی و سەرخستنی هەنگاوەكانی كۆمان بكاتەوە و لە پێناویدا كۆی ناكۆكییە لابەلا و لاوەكییەكانمان بخەینەوە لاوە.
بۆ هەموو لایەك رونبۆوە سەربەخۆیی نە (دروشمە و نە موزایەدەی سیاسی، نە غافڵكردنی خەڵكە و نە سیناریۆی بێ ئەساس) بەڵكو چارەنوسی گەلە و كاتی هاتووە و دەرفەتی بۆ رەخساوە، ئەو ئەنجامە حەتمی و شایستەیەیە كە بارتەقای سەد ساڵ خەبات و قوربانیدان و خۆڕاگری و نەسرەوتنی میللەتێكی مەزڵومە.
ئێستا لەبەردەم هێزە سیاسییەكانی كوردستان جگە لە كۆبونەوە لە دەوری ئەو ئامانجە میحوەرییە، جگە لە پێكهاتن و بەپیرەوەچونی دەرفەتەكە، جگە لە برایەتی و پێكەوەیی و دەستهەڵگرتن لە ناكۆكی و دووبەرەكی و دوودڵی، هیچ رێگایەكی دیكە نییە كە بە خێر و قازانجی میللەتەكەمان تەواو بێت.
هەموو لایەكمان لەبەردەم بەرپرسیارییەكی مەزنی مێژووییداین، هێزە سیاسییەكانی كورد، لە رابردوودا بۆ كەمتر لەم ئامانجە مەزنە دەستیان ناوەتە دەستی یەك و پێكەوە دەسكەوت و سەركەوتنیان بەدەستهێناوە، چ جای بۆ سەربەخۆیی كە ئاوات و ئامانجی خەباتی هەموو لایەكمان و ترۆپكی ئومێدی میللەتەكەمانە.
هەموو لایەكمان لەبەردەم تاقیكردنەوەی سەرخستنی ریفراندۆم و هەنگاوەكانی بەرەو سەربەخۆییداین. دەبێ لەم كاروانی پەڕینەوە مەزنەدا، بە تێكڕایی پێشڕەو و بەدیهێنەری ئامانجی میللەتی خۆمان بین و كەسمان دوانەكەوین. رێگەیەكی درێژمان بڕیوە و هەرچیشمان لەو كاروانەدا بەدەستهێناوە بەرهەمی یەكدەستی و پێكەوەییمان بووە، هەرچیشمان لەدەستداوە، ئاكامی لێكترازان و پەرتەوازەییمان بووە. گەلەكەمان سەرباری خۆڕاگری و سەبر و تەحەمول، بەڵام ماندووی رێیە و كاتی هاتووە بحەوێتەوە و لە ئێستا و ئایندە و ژیان و گوزەرانی دڵنیا بێت و سەروەری خاكی خۆی بێت.
پارتیمان لە كاتێكدا یادی شۆڕشی گوڵان دەكاتەوە، چاوی ئومێدی لە یەكڕیزی نێوخۆیی و چاوەڕوانییشی لە گەلانی دونیا و دەوروبەر ئەوەیە پشتیوانی لە ئیرادە و بڕیاری گەلی كوردستان بكەن و مافی دیاریكردنی چارەنوسی وەك تێكڕای گەلانی دونیا پێ رەوا ببینن و دەوڵەتی كوردستان لە كەشی لێكگەیشتن و بە ئاشتی و بێ گێچەڵدا بێتە وجود. .
لەم یادە پیرۆزەدا، سڵاو و درود بۆ شەهیدانی هەردەم لە یادی كورد و كوردستان. ئەو خۆنەویستانەی گیانیان سپارد تا كوردستان بە سەربەستی بسپێرن، جێگای شەهیدان خاڵی ..
سڵاو لە كەس و كاری سەربەرزی شەهیدان، ئەوانەی تا ئەبەد تاجی سەری خەڵكی كوردستانن.
سڵاو لە پێشمەرگە، لەو مرۆڤە مەزنانەی لە تەك ناوی خۆیاندا ناوی كورد و كوردستایان گەیاندە جیهان.
سڵاو لە تێكۆشەرانی دێرین و خەباتكارانی كۆڵنەدەری درێژەپێدەری شۆڕش.
سڵاو لە جەماوەر و كادیر و لایەنگرانی نەسرەوت و دڵسۆزی پارتیمان.
سڵاو لە گەلی خۆڕاگر و زەحمەت دیدەی كوردستان بە هەموو نەتەوە و ئایین و ئایینزا و بیر و باوەڕەكانیانەوە.
درود بۆ دامەزرێنەر و رابەر و داڕێژەری رێباز و رێنیشاندەرمان بەرەو سەربەخۆیی كوردستان ، مستەفا بارزانی نەمر و كاكی هەردەم لەیادمان ئیدریسی نەمر..
سەركەوێ خەباتی رەوای نەتەوەی كورد و گەلی كوردستان ..
سەربەخۆیی بۆ كوردستان ..
مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان