نهێنی سه‌ردانه‌كه‌ی برێت ماكگۆرك بۆ لای بارزانی ئاشكراده‌بێت

خواكوڕك

ماڵپەری سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ناوەرۆكی كۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی هاوبەشی ئەمریكا و عێراق بڵاو دەكاتەوە و رایدەگەێنێت، ڕۆژی شەممە 13ـی 8ـی 2016 لە سەلاحەدین بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ شاندێكی هاوبەشی عێراق و ئەمەریكا كۆبۆوە كە پێكهاتبوو لە فاڵح فەیاز ڕاوێژكاری ئاساییشی نەتەوەیی عێراق و بڕێت مەكگوڕگ نوێنەری سەرۆك ئۆباما لە هاوپەیمانێتیی شەڕی دژی داعش و ستیوارت جۆنز باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و كێن گڕۆس كونسوڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەولێر و ژمارەیەك ڕاوێژكاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا. هەر لە هەواڵەكەدا هاتووە، لە كۆبوونەوەكەدا نوێنەری سەرۆك ئۆباما لە هاوپەیمانێتیی شەڕی دژی داعش سوپاسی سەرۆك بارزانی كرد بۆ ڕەخساندنی دیدارەكە و خۆشحاڵیی خۆیشی نیشان دا بە هەماهەنگی و كاری هاوبەشی نێوان هەولێر و بەغدا لە شەڕی داعش و ئامادەكارییەكان بۆ ئازادكردنی موسڵ و سیاسەتی گشتیی وڵاتەكەیشی لەبارەی ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی موسڵ خستەڕوو و جەختی لەوە كردەوە پێویستە جگە لە لایەنی سەربازیی ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی موسڵ تەركیز بخرێتە سەر لایەنی مرۆیی و سیاسیی ئۆپڕاسیۆنەكە. هەروەها وێڕای ئاماژەدان بە دوو ساڵی سەختی شەڕی دژی داعش ئەوەی ڕاگەیاند كە لە سایەی قوربانیدان و قارەمانێتیی هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی عێراق ئێستا داعش لە پاشەكشە و شكست دایە.

هەروەها بۆچوونی سەرۆك ئۆبامایشی باس كرد لەبارەی پێویستیی چڕكردنەوەی تواناكانی ئەمەریكا بۆ لەناوبردنی تیرۆریستانی داعش. لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی بەناوی هەرێمی كوردستان و عێراق سوپاسی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانانیی كرد كە لە شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش پشتیوانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەكان بوونە و سەركەوتن و دەستكەوتە سەربازییەكان بە یارمەتیی سوپای ئەمەریكا و هاوپەیمانان مسۆگەر كراوەن.

لەبارەی ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی موسڵ سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە دەبێ ڕێككەوتنێكی ورد و ڕوون لەسەر قۆناغی دوای داعش هەبێت بۆ ئەوەی بتوانرێ لە پارێزگای نەینەوا بە بەشداریی هەموو لایەك ژیانێكی تازە بنیات بنرێت و چیتر كارەسات دەرهەق پێكهاتەكان و بە تایبەت ئێزیدی و مەسیحییەكان ڕوو نەدات و ئاماژەیشی بەوەدا كە ئەو كارەسات و زوڵمەی لە لایەن داعشەوە بەرانبەر ئێزیدی و مەسیحییەكان كراوە هەرگیز فەرامۆش ناكرێت.هەر لەم كۆبوونەوەیەدا وردەكاری و هەنگاوە عەمەلییەكان بۆ ئازادكردنی موسڵ و ڕێككەوتن لەسەر قۆناغی دوای داعش و ڕەهەندە جیاجیاكانی قۆناغی دوای داعش و هەستیاریی بارودۆخی نەینەوا و هێزە بەشداربووەكانی ئۆپڕاسیۆنەكە خرایە بەر باس و گفتوگۆ و هەر سێ لایەن بیروبۆچوونەكانی خۆیان لەبارەی تەحەدیات و وردەكارییەكانی ئۆپڕاسیۆنی ئازادكردنی موسڵ و قۆناغی دوای داعش خستەڕوو.

Back to top button