فەرید ئەسەسەرد، دەزانین دڵت بۆکێ لێدەدات
چاودێرێك
فەرید ئەسەسەرد کە ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە و لە هەمان کاتیشدا سەرۆکی ئەنستیتۆی ستراتیژیە لەلای ئەو حزبە، ووتارێکی لوفیگارۆی فەرنسی قۆستۆتەوە بۆئەوەی گومان بخاتە سەر ئامانجی پرۆژەی سەرۆک بارزانی و ڕوانگای ئەو بۆ پرسی ڕیفراندۆم، هەروەها بەستنەوەی بە سەربەخۆیی.
جارێ ئەگەر باس لە ڕوانگای سەرۆک بارزانی بکەین روانگایەکی جدیە، قەتعیە، ئارامە، ئارامیەکەشی پتر بۆپرسی گفتوۆ و بەکارهێنانی ئەو سەردەمە دەچێت تا لەگەڵ عێراق، کوردستان بتوانێ جیا بێتەوە، لەهەمانکاتدا وەک لە ڕوانگای بارزانی داهەیە کوردستان درواسێیەکی باش بێت بۆ عێراق، عیراقیش لەئەنجامدا دراوسیکی باشی لێدەرچێت و لەو میژووە پڕ لە خوێنەش کە بەرامبەر کورد هەیبووە دورکەوێتەوە.
هیچ ڕێگایەک پێش ئەوەی تاقی بکرێتەوە لە مێژووی میللەتاندا خەتی ڕاست و چەوتی بەسەرداناهێنرێت، بۆیە ئەگەر شتێک هەیە بەناوی لێک تێنەگەیشتن، دەگەڕێتەوە بۆ نووسەری ئەو ووتارە، لەوانەی کێشە لە تێگەیشتنی ئەودابێت، نەوەک لەلۆژیکی ڕوانگای سەرۆک بارزانی، ستراتیژی بارزانی ڕووی لە سەربەخۆیی دایەو هەموو شێواز و پلان و ئیمکانیات و توانایانەی کەدێنە پیش، تەنانەت ئەگەر پاشەکشێش هەبێ لەهەندێ قۆناغی سەختدا، هەموویان پەیوەندیان بە ئەنجامگەیاندنی ئامانجی ستراتیژی هەیە کە سەربەخۆییە.
لە تیکۆشاندا پلانەکان بەرەو پێشەوەو جاریوەهاش هەیە ڕاوەستان و بەرەو دواوەشی تێداهەیە، جارێ لەو ڕوانگایەی کە بارزانی لەگەڵ لوفیگارۆی فەرنسی باسی کردووە لەگەڵ هەموو ڕوانگاکانی تری بەهیچ شێوەیەک پاشەکشەی تێدانیە، ڕاوەستانیش نیە، بەڵکو لۆژیکی ڕیفراندۆم باس دەکات، ئەو لۆژیکەی کە ئەویش باسی دەکات زۆر ڕاستە، لۆژیکی ڕیفراندۆم ئەوەیە کە تۆ لە میللەتی دەپرسی چۆن چارەنووسی خۆیان دیاری دەکەن؟ ئەوکات ئەو پرسیارەی کە دادەنرێت لێژنەیەکی پسپۆڕ دایدەنێت و بەئاگاداری نیودەوڵەتی و یاسا زانانی ناوخۆی و عێراقی دادەنرێت، ئەنجامی ڕیفراندۆم هەرچی هەبێت ئەوکات ئیرادەی میللەت بەدیاردەکەوێت، میللەت بەکام لایەن دایە، لێرە تەنیا دەرخستنی ئیرادەی میللەتە، کە دەیەویت لەگەڵ عێراقدا بمێنێتەوە یان نا؟ ڕیفراندوو تەنها وەزیفەیەی ئەوەیە، بەڵام کەی و چۆن ڕادەگەێنرێت کە ئێمە جیابووینەوە شێوازەکانی جیابوونەوەو ئەو پەیوەندیانەی کە کوردستان بەیەکەوە لەگەڵ عێراق هەڵیدەبژێرێ ئەوە دەگەڕێتەوە سەر سەرکردایەتی سیاسی.
کە بارزانی دەڵێ ڕیفراندۆم بەمانای یەکسەر جیابوونەوە نیە، زۆر ڕاستە، کە سێک دەبێت تیگەشتنی زۆر پێنگەیشتوو و کورت تێبگات ئەگەر وابزانێت ئەرکی ریفراندووم لەگەڵ ئەرکی بڕیاری سەربەخۆیی وەکویەکن، خۆئەگەر وابوایە میللەتانی سەدەی بیستەم و بیست ویەکدا بە ڕیفراندۆم جاری یەکەم ئیرادەی خۆیان دەرخستووە، بەلام جاری وەها هەبووە بە ساڵێک و بەدوو ساڵیش و زیاتریش لەچەند ساڵی پێچووە تاوەکو پرۆسەی سەربەخۆیەکەی تەواو بووە، پرۆسەی سەربەخۆی پرۆسەیەکی ئیجرائیە، پرۆسەیەکی بڕیار وەرگرتن و هەڵوێست دانانە، ریفراندۆم ڕادەربڕینە.
ئەوەی کە فەرید ئەسەسەرد باس دەکات کە کوردستان پێویستی بە مۆڵەتی عێراق نیە، ئەوە لەکاتێکدایە لایەنە کۆتایەکەو یەکلاکەرەوەکەی روانگای سەرۆک بارزانیە کە ئەگەر عێراق ڕێگەی نەدا ئێمە ڕیفراندۆم نەکەین، ئێمە ڕیفراندۆمی خۆمان هەردەکەین، ئەوە زۆر جیاوازە لەوەی کە فەرید دەیڵێت گوایە زاخۆ و هەڵەبجەش ئەگەر بیانەوێ موڵەتی جیابوونەوە لە هەرێمی کوردستان وەرناگرن، جارێ پرسیار ئەوەیە لۆژیکی جیابوونەوەی زاخۆ و هەڵەبجە وەکو لۆژیکی جیابوونەوەی کوردستانە لە عێراق، دوونەتەوەین، کیشەیەک هەیە لێکمان جیادەکاتەوە یان یەک میللەتین؟ هەر خۆی ئەو نموونەی هێنانەوەیتیەوە نیشانەی بێ تواناییە لە بیرکردنەوەداو لۆژیکێکە تەنها ڕووی لەشەرانگێزی و لە چەواشەکاری ڕای گشتی دایە. ئێمە عەرەب نین تالە عێراق جیابوونەوەکەمان مانای نەبێ، ئێمە کوردین، جائەگەر پێویست بێت فەرید ئەسەسەرد ئەوەیان بزانێ پێویستە کۆرسێکی بۆ بکەینەوە تاوەکو تێبگات کورد لەعەرەب جیاوازە، کوردستان لە عێراق جیاوازەو کوردستان هیچ وەختێکیش بە ئیرادەی خۆی نەچۆتە ناو چوارچێوەی عێراقەوە.
ئەوەی کەدەڵێ دەبێ ڕەزامەندی عێراق وەربگرین دیسان کێشەکە لەلای فەرید ئەسەسەردە، چونکە سەرۆک بارزانی لە ساڵی (٢٠١٤)وە لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق باسی ئەو پرسەی کردووەو لەنزیکەوە لەگەڵ هێزە پەیوەندیدارەکان کە لەکوردستان و عێراقیشدا هەن باسی کردووە، لەسەر ئاستی جیهانیش بەشیوەیەکی فراوان دەوڵەتانی تێگەیاندووە، کەسایەتیە یاسایی و کاریگەرەکانی جیهانیشی تێگەیاندووە، پێکهاتەکانی ئاینی و نەتەوەیی کە لەدونیادا گوێ لەدەنگیان دەگیرێت دیسان سەرۆک بارزانی تێیگەیاندوون و پرسی پێکهاتەکانی ناو هەموو عێراق و کوردستانیشی کردووە، پرسی حزبەکانی کوردستانیشی کردووە لە هەر چوار پارچەدا، لەهەمانکاتدا کیشەکەی لەگەڵ دەوڵەتانی چواردەوری کوردستان کە چوار دەوڵەتن، لەگەڵ ئەوانیش باسکردووە، واتا پێی ڕاگەیاندوون کە ئێمە ئەوکارەدەکەین هاوکاریمان بکەن زۆر باشە، هاوکاریشمان نەکەن بێ لایەن بوەستن، دژمان بوەستن بەرگری لەخۆمان دەکەین.
بۆیە دەبێ بەکاک فەرید ئەسەسەرد بلێین تۆ نیازت لە نووسین و هەڵگێڕانەوەی ئەو ووتارەدا تەنیا گومان خستنە سەر لۆژیکی بارزانیەو هەروەها دژوەستانتە لەدژی سەربەخۆیی کوردستان، لەهەمانکاتدا دڵت زۆر بەتوندی بۆ عێراق لێدەدات، باوەڕناکەین بۆ عێراق لێبدات وەکو دەوڵەت، دڵت بۆ مالیکی لێدەدات، لەلای مالیکیش دڵت بۆ ئەو پارەیە لێدەدات کە مالیکی و ئێران دەیبەخشنەوە، هیوادارین وانەبێت.