“توركیا، ئیران و عێراق بە كردەیی دژی سەربەخۆیی هەرێم نین”
خواكوڕك
دوای ئەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە فەرمی بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆمی لەمساڵدا, جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، جەعفەر ئیمینكی رایگەیاند “دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم، سەركردایەتی سیاسی كورد لەگەڵ بەغدا دیاریكردنی سنوور و پرسی ناوچە كێشە لەسەرەكان یەكلایی دەكاتەوە”.
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، جەعفەر ئیمینكی لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: “پارتی دیموكراتی كوردستان هەوڵ بۆ ئەوە دەدات كە پەرلەمان لەسەر میكانیزمێكی دیموكراسی و یاسایی كارا بكرێتەوە، پارتی پێشتر رێككەوتنێكی دووقۆڵی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕاندا هەبوو لە چوارچێوەی رێككەوتنەكەدا سەرۆكایەتی پەرلەمان پێكهێنرا، بەڵام لە ئێستادا ئەو رێككەوتنە بە تەواوی هەڵوەشێنراوەتەوە، بۆیە بۆ قۆناغی كاراكردنەوەی پەرلەمان پێویستە رێككەوتنێكی نوێ بكرێت لە نێوان لایەنەكان”.
لەبارەی رێككەوتنە نوێیەكە كە پارتی بە نیازە بیكات جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت “قۆناغەكە وا دەخوازێت رێككەوتنێكی نوێ لە نێوان هەموو لایەنەكان بكرێت، بەڵام لە ئێستادا پەیوەندییەكانی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و یەكگرتووی ئیسلامی زۆر باشە و ئەگەری ئەوە هەیە رێككەوتنێكی نوێ لە نێوانمان بێتە ئاراوە بۆ دیاریكردنی سەرۆكایەتییەكی نوێ بۆ پەرلەمانی كوردستان، هیوادارین پەیوەندییەكانی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان ئاسایی ببێتەوە”.
جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، جەعفەر ئیمینكی پێیوا نییە كە هەرێمی كوردستان دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم رووبەڕووی قەیران و كۆسپی گەورە ببێتەوە و گوتی: “رەنگە چەند كۆسپێكی بچووك لێرە و لەوێ رووبەڕووی هەرێمی كوردستان بێتەوە، بەڵام پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ توركیا و ئێران وەك دوو وڵاتی درواسێ لە دۆخێكی ئاسایی دەمێنێتەوە”.
ئیمینكی ئاشكرای دەكات كە هەریەك لە توركیا، ئێران و عێراق لەوە ئاگادار كراونەتەوە كە هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان مەبەستیانە ریفراندۆم ئەنجام بدەن، هیچ كامێك لەو وڵاتانە بە كردەیی دژی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان نابن، بەڵكو دژایەتییەكە تەنها لە چوارچێوەی تیۆری و لێدوانی نەرێنی دەبێت، نەك دژایەتی فەرمی”.