كۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنی ھەرێم لەبارەی هەڵبژاردنەوە لەگەڵ لایەنەكانی هەرێم كۆدەبێتەوە

خواكوڕك
سەرۆكی كۆمیسیۆنی ھەڵبژاردن و ڕاپرسیی ھەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت كە لەگەل لایەنە سیاسییەكان كۆدەبنەوە بۆ ئەوەی تۆماری دەنگدەرانی ھەرێم پاك بكەنەوە و لەسەر چۆنییەتیی پاككردنەوەكەش بۆچوون و پێشنیاری لایەنەكان وەربگرن.

ھندرێن محەمەد ساڵح سەرۆكی كۆمیسیۆنی سەربەخۆی ھەڵبژاردن و ڕاپرسیی ھەرێمی كوردستان بەپێگەی فەرمی پارتی دیموكراتی راگەیاندوە ”بڕیارە ڕۆژی دووشەممەی دابێ كۆمیسیۆن لەگەل نوێنەری لایەنە سیاسییەكان كۆ ببێتەوە و لەو كۆبوونەوەیەدا نەتەوە یەكگرتووەكانیش داوەت كراون، تا بتوانین پێش ھەر پڕۆسەیەك وەك كۆمیسیۆن، خۆمانی بۆ ئامادە بكەین و بۆچوونی ھاوبەشەكانیشمان وەربگرین”.
سەرۆك كۆمسیۆن ئاماژەی بەوەشكردوە كە كۆمیسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكان بۆ بەڕێوەبردنی پڕۆسەی ھەڵبژاردن، یان ھەر پڕۆسەیەكی دیكە بەتەنیا نییە، بەڵكو بەوتەی ئەو ھاوبەشی ھەیە ئەوانیش لایەنە سیاسییەكان و دەزگاكانی ڕاگەیاندن و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنین، ئێمە لەو چوارچێوەیەدا بۆ وەرگرتنی بۆچوونی لایەنە سیاسییەكان دووشەممە لەگەڵیان كۆ ببنەوە.

سەرۆكی كۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەكانی ھەرێم دەڵێت: ”زیاتر مەبەستی كۆبوونەوەی ئەمجارەمان ئەوەیە كە بزانین چۆن لیستی تۆماری دەنگدەران پاك بكەینەوە، لەبەر ئەوەی لایەنە سیاسییەكان لە ھەڵبژاردنەكانی ڕابردوودا گلەییان ھەبوو، دەیانگۆت، تۆماری دەنگدەران پاك نییە و ناوی زیادە و ناوی مردووی تێدایە، ئێمە بەر لەوەی دەستكاریی تۆمارەكە بكەین، پێشنیاری لایەنەكان وەردەگرین. بۆنموونە، پێیان دەڵێین، ئێمە بۆ پاككردنەوەی تۆماری دەنگدەران پشت بە ھەندێ ڕێوشوێنی خۆمان دەبەستین، وەك ئاماری وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و لێیان دەپرسین، كە ئاخۆ لایەنەكان چ پێشنیار و پڕۆژەیەكیان ھەیە.”

ھندرێن محەمەد رونیكردەوە كە دەیانەوێ لایەنە سیاسییەكان و كۆمەڵگەی مەدەنی و ڕۆژنامەنووسانیش ھەم لە پڕۆژەكانیاندا ھاوكارییان بكەن، ھەمیش متمانە لە نێوانیاندا ھەبێت، چونكە ئەو دەیڵێت متمانە گرینگە و دەیانەوێت ئەو متمانەیە دروست بكەن.

Back to top button