زانایەكی ئایینی: رۆژوو تەنها لەسەر دەوڵەمەندەكان فەرزە
خواكوڕك
سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئیسلام لەپێناو ئاشتی كە شێخێكی ئەزهەرییە فەتوای ئەوەی داوە كە رۆژوگرتن تەنها لەسەر دەوڵەمەندەكانە و بۆ هەژاریش تەنها “خۆبەخشین”ە.
سايتی alhurra لەزاری مستەفا راشد، شێخی ئەزهەر و سەرۆكی یەكێتی زانایانی ئیسلام لەپێناو ئاشتی بڵاویكردەوە كە چەند لێكدانەوەیەكی سەبارەت بە هاوڵاتیانی میسر كردووە و لە دەرئەنجامدا گەیشتووەتە ئەوەی رۆژوو لەسەر هیچ كام لەو میسریانە نییە كە موچەی مانگانەیان لە 500 دۆلار كەمترە.
راشیگەیاندووە كە بەپێی فەرمودەی پێغەمبەر (د.خ)، هەژار ئەو كەسەیە كە قوتی خۆی و خێزانەكەی بۆ ماوەی مانگێك نەبێت، ئەوەیە كە خانوی نییە و ئاژەڵێكی نییە پێی بڕوات، واتە بەم سەردەمی ئێستا بێت دەكاتە ئۆتۆمبیل.
بەپێی ئەو شرۆڤەیە، شێخ راشد بگرەوبردەی خۆی كردووە و لەبەدواداچونەكەیدا بۆی دەركەوتووە كە میسرییەكی نەدار و هەژار ئەو كەسەیە كە موچەی مانگانەكەی ناگاتە 750 دۆلار، بەڵكو كەمتری لە 500 دۆلاری دەست دەكەوێت، هەرچەندە ئەم حساباتە لە وڵاتێكەوە بۆ یەكێكی دیكە و بەپێی دۆخی ئابوری دەگۆڕێت، كەواتە فەرمودەكەی پێغەمبەر (د.خ) دەبێتە بنەما بۆ دیاریكردنی كەسی نەدار و هەژار لە هەر شوێنێك بێت.
ئەو شێخەی ئەزهەر وتویەتی: “مەبەست لە رۆژووگرتن، تێركردنی هەژارێكە، ئەگەر هەر كەسێك هەموو رۆژێك هەژارێك تێر بكات، ئەوە لە رۆژوگرتن باشترە”، هاوكات جەختیشی كردووەتەوە كە ئەم قسەیەی مانای ئەوە ناگەیەنێت ئیتر هەژاران بەڕۆژوو نەبن، بەڵكو مەبەست لەو شرۆڤەیەی رونكردنەوەی شەریعەت و ئامانجەكانیەتی.
بەگوێرەی سایتی alhurra ، ئەو زانا ئایینیە فەتواكەی لەسەر بنەمای ئایەتی 184 لە سورەتی البقرە هێناوە كە دەفەرموێت: ” من كان منكم مريضا أو علي سفر فعدة من أيام أخر وعلي الذين يطيقونه فدية طعام مسكين فمن تطوع خيرا فهو خير له وأن تصوموا خير لكم إن كنتم تعلمون
ئەو زانایە لەسەر شرۆڤەی ئەو ئایەتە وتویەتی: “فەقیر خۆی لە بنەڕەتدا هەمیشە برسی و بەڕۆژووە، ئیتر چۆن بتوانێت نان بە هەژارێكی تر بدات كە خۆی نەیبێت؟، بۆیە ناچێتە عەقڵەوە پەروەردگار داوا لە هەژارێك بكات كە لەبەر بێ نانی توانای رۆژوگرتنی نەبێت بچێت نان بدات بە هەژارێكی دیكە.”
لە دەرئەنجامیشدا وتویەتی: “لە بنەڕتدا رۆژوو هەستكردن بە هەژار و نەدار و كەسانی بێ بەش، كە تواناش نەبوو، رۆژوش نییە، بۆیە هەژارەكان رۆژویان لەسەر نییە”.