دەوڵەتی یاسا هەوڵدەدات مانەوەی پەكەكە بە یاسا مسۆگەر بكات
خواكوڕك
دوای ئەوەی شنگاڵ و دەورو بەرەی كۆنتڕۆلكرایەوە پەكەكە لە چەند ناوچەیەی شنگاڵ بنكەو بارەگای كردۆتەوە ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژە بەوە دەكات كە پەكەكە بەنیازە لەگەڵ دەوڵەتی یاسا ڕێك بكەوێت بۆ ئەوەی بنكەی سەربازی لە عێراق بمێنێتەوە.
ئیسلام حوسێن، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتیی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق، رایگەیاندووە: “هەوڵێكی زۆری پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) هەیە لەرێگای دەوڵەتی یاسا و فالح فەیاز، راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، بۆ ئەوەی لە حالەتێكدا ئەگەر پەكەكە لەلایەن حزبەكانی كوردستان و حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە فشاری بۆ دروستكرا بۆ كشانەوە، ئەوە لەو شوێنانە بمێنێتەوە كە ناوچەی عێراقین”.
ئەوەشی ئاشكرا كرد: “داوایان كردووە هیچ یاسایەك پەسەند نەكرێت لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەگەر مەبەست لێی چوونە دەرەوەی پەكەكە بێت”.
ئەو ئەندامە كوردەی پەرلەمانی عێراق نەیشاردەوە كە بەشێك لە ئەندامانی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق بە ئاڵا تاڵەبانی، سەرۆكی فراكسیۆنەكەشەوە، پشتیوانی لەو هەوڵەی پەكەكە دەكەن. گوتیشی: “دەوڵەتی یاسا ئامادەیی نیشانداوە كە لەگەڵ پەكەكە كۆببێتەوە، بۆ ئەوەی دژایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەلایەك و خەونی سەربەخۆیی كوردستان و پارتی دیموكراتیی كوردستان لەلایەكی دیكە بكات”.