سەندیكای پارێزەران: دەبێ بە یاسا رێ لە سووكایەتیكردن بە پێشمەرگە بگیرێت
خواكوڕك
دوای ئەوەی چەندین جار لە دەزگا میدیاییەكان و كەنالەكانی تەلە فزیۆنی سوكایەتی بە پێشمەرگە كرا, ئەمەش كاردانەوەی لەسەر ئاستی كوردستان لێكەوتەوە چەندین جار خۆپیشاندانی لە دژ ئەنجامدراوە, نەقیبی سەندیكای پارێزەرانی كوردستان داوا دەكات بە یاسا رێگری لە سووكایەتیكردن بە هێزەكانی پێشمەرگە و كەسوكاری شەهیدان بگیرێت و هۆشداریی دەدات.
بەختیاری حەیدەر، نەقیبی سەندیكای پارێزەرانی كوردستان لەو بارەیەوە راگەیاند، ھەڵمەتێك بۆ ناشیرینكردنی پێشمەرگە و سەروەرییەكانی كوردستان ھەیە و ئامانج لێی نەهێشتنی هیچ پیرۆزییەكە لە كوردستان.
بەختیار حەیدەر ئاماژەی بەوە دا، كە سەرەتا عەدنان عوسمان، پەرلەمانتاری پێشووی كوردستان و سەركردەیەكی بزووتنەوەی گۆڕان دەستی بە هەڵمەتەكە كرد و ”پێشمەرگەی بە میلیشیا ناوبرد“ و دواتریش سروە عەبدولواحید، پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق ”خێزانی شەهیدانی پێشمەرگەی بە لەشفرۆشی“ تۆمەتبار كرد.
نەقیبی سەندیكای پارێزەرانی كوردستان باسی درێژەكێشانی هەڵمەتەكەی كرد و رایگەیاند، شێرزاد شێخانیش بە هەمان شێوە سووكایەتی بە پێشمەرگە دەكات و ئاماژەی بە پێویستیی سزای یاسایی كرد لەبەرامبەر سووكایەتیكردن بە پیرۆزییەكان، ”ناكرێت لە ھەرێمی كوردستان یاسا سەروەربێت بەم شێوەیەش سوكایەتی بە پێشمەرگە بكرێت“.
بەختیار حەیدەر هۆشداریی دا لەوەی ئەگەر بەپێی یاسا سنوورێك بۆ ئەو سووكایەتییانە دانەندرێت، ئەوا ”شتی خراپتریش روو دەدات“ و ”نابێ“ لەژێر ناوی ئازادییەوە ”ھەرچی سوكایەتی ھەیە بەم وڵاتە بكرێت“.
نەقیبی سەندیكای پارێزەرانی كوردستان بەپیویستی دەزانێ وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كەیسی سووكایەتیكردن بە پێشمەرگە لەلایەن شێرزاد شێخانی و هەر كەسێك بگەیەنێتە داواكاری گشتی و دادگا، چونكە ئەم لێدوانانە ”جۆرێكن لە دنەدان“ لە دژی پێشمەرگە و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان.
ئەو لێدوانانەی ئەو سەركردە و پەرلەمانتارانەی گۆڕان و رۆژنامەنووسان لە دژی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان لە كاتێك دایە، كە سێ ساڵە پێشمەرگە شەڕی دژی دەوڵەتی تیرۆریستی داعش دەكات و بەرگریی لە كوردستان دەكات، تا ئێستاش نزیكەی 1700 پێشمەرگە گیانی خۆیان بۆ ئاڵا، خاك و خەڵكی كوردستان كردووەتە قوربانی.