“زستانی داهاتوو ترەمپ زیندانی دەكرێت”
خواكوڕك
بەرپرسێكی پێشووی ئەمریكی پێشبینی كرد زستانی داهاتوو دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەهۆی سیاسەتەكانیەوە بخرێتە زیندانەوە.
ریچارد بینتەر كە لە ئیدارەی سەرۆك جۆرج بوشی كوڕدا سەرۆكی پارێزەرانی رەوشت بووە لە كۆشكی سپی، پێشبینی كرد زستانی داهاتوو گرتووخانەی FBCی فیدراڵی لە ویلایەتی ئالاباما ببێتە شوێنی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا.
ئەم پێشبینییە دوای ئەوە دیێت كە فشارەكان لەسەر ترەمپ و داواكاری بۆ دوورخستنەوەی لە پۆستەكەی زیادیكردووە بەهۆی پێشێلكردنی یاسا لەڕێی فشارخستنەسەر جەیمس كومی سەرۆكی نووسینگەی لێكۆڵینەوەی فیدراڵی لەسەركارلابراو بۆ راگرتنی لێكۆڵینەوە لە گومانی پەیوەندی مایكڵ فلین راوێژی پێشووی ئاسایشی نەتەوەیی ترەمپ و روسیا.
ریچارد بینتەر لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نووسیویەتی: “كۆشكی سپی لە زستانی داهاتوودا” و لینكی گرتووخانەی FBCی فیدراڵی لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت داناوە.
گرتووخانەی FBCی فیدراڵی ئەو شوێنەیە كە چارلز كۆشنەر باوكی جارید زاواكەی ترەمپ دوای ئیدانەكردنی بە پێشێلكردنی یاسا لە كاتی هەڵمەتی هەڵبژاردن لە نیویۆرك و خۆدزینەوە لە باجدان، سزاكەی تیادا بردەسەر.
تا ئێستا هیچ سەرۆكێكی ئەمریكی زیندانی نەكراوە یاخود لە پۆستەكەی لانەبراوە، ریچارد نیكسۆن سەرۆكی پێشووتری ئەمریكا بەر لە دادگاییكردنی لە 1974 لەلایەن كۆنگرێس دەستی لەكاركێشایەوە و بەهۆی دەركردنی لێبووردنی سەرۆكایەتی لەلایەن جیراڵد فۆرد كە شوێنی گرتەوە، رووبەڕووی دادگا نەكرایەوە.
سەرچاوە: ئیلاف