راگەیەندراوێك لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكانەوە
خواكوڕك
وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە لێدوانەكانی وەزیری نەوتی عیراق سەبارەت بە باشكردنی پەیوەندییەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و بەغدا دەكات و بە “ئیجابی” لە قەڵەمی دا.
وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەیاننامەیەكدا كە بە زمانی ئینگلیزی لە پێگەی خۆی لە تۆڕی ئینتەرنێت بڵاویكردەوە، رایگەیاند كە “حكومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە لێدوانە ئیجابییەكانی عەبدولجەبار ئەللعێبی وەزیری نەوتی عیراق سەبارەت بە باشكردنی پەیوەندییەكانی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەغدا دەكات”.
ئاماژەشی بەوەدا كە “حكومەتی هەرێم چاوەڕوانە میوانداری وەزیری نەوتی عیراق بكات و وتووێژی بنیاتنەرانە سەبارەت بە پرسە هەڵپەسێردراوەكانەی دۆسێی نەوت و غاز ئەنجام بدەن”.
لە بەیاننامەكەدا هاتووە “حكومەتی هەرێم پێشوازی لە وتووێژی بنیاتنەرانەی لەگەڵ قاسم ئەلفەهداوی وەزیری كارەبای حكومەتی عیراق سەبارەت بە هاریكاری لە بواری كارەبا و دابینكردنی سووتەمەنی بۆ وزە و بەرهەمە نەوتییەكان كە هاوكارە بۆ دووبارە بنتیاتنانەوەی موسڵ و ناوچە ئازادكراوەكانی تری پارێزگای نەینەوا دوای شكستی داعش، دەكات”.
ئەوەشی خستووەتەڕوو كە “حكومەتی هەرێم ستایشی پشتیوانی سەرۆك وەزیران عەبادی بۆ دروستكردنی متمانە دەكات”، جەختیشی لەوە كردەوە كە “پابەندە بە بەشداریكردن لە وتووێژی بنیاتنەرانە و نیازپاكی لەگەڵ هاوبەشەكانی لە حكومەتی ئیتیحادی لەپێناو هاریكاریكردن لە بواری وزەدا”.
وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێم دەڵێت: “ژمارەیەكی كەم لە بەرپرسان و كەسایەتییە سیاسییەكان لە بەغدا دژایەتی ئەو بارودۆخە نوێ و واقعییەی نێوان حكومەتی ئیتیحادی و حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن”.
وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم پێَیوایە كە لێدوانەكانی ئەمدواییەی فەلاح ئەلعامری بەڕێوەبەری كۆمپانیای سۆمۆ سەبارەت بە هەناردەكردنی نەوتی هەرێم دوورن لە راستییەوە.
جەختیشی لەوە كردووەتەوە كە سیاسەتی ئیجابیانەی حكومەتی هەرێم و هاریكاری واقیعی لەگەڵ بەرپرسانی كەرتی نەوتی سەر بە حكومەتی ئیتیحادی لە كەركوك و وەزیری كارەبا لە بەغدا بە تەنها هۆكار نەبووە بۆ دابینكردنی كارەبا بۆ كەركوك بەڵكو هاوكارە بۆ بنیاتنانەوەی ناوچە ئازادكراوەكانی هاوسنووری هەرێمی كورستان.
دووپاتیشیكردەوە كە “حكومەتی هەرێم دڵنیایە لەوە هەردوولا هەڵوێستێكی ئیجابی و واقیعییان دەبێت لە وتووێژەكانی داهاتوویان و رێگا بەو هەوڵانە نادەن كە ئاستەنگ بۆ وتووێژی نێوان هەردوولا دروست دەكەن”.
پێنجشەممەی رابردوودا عەبدولجەبار ئەللعێبی وەزیری نەوتی عیراق لە میانی كۆبوونەوەی رێكخراوی ئۆپێك لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند كە پەیوەندی حكومەتی عیراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان باشە، راشیگەیاند كە سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات بۆ وتووێژكردن دەربارەی پرسە هەڵپەسێردراوەكانی كەرتی نەوت و كەمكردنەوەی هەناردەكردنی نەوت.