فەیلەسوفە مەترسیدارەكە: كەس ناتوانێ‌ رێ لە دروستبوونی دەوڵەتی كوردستان بگرێ‌

خواكوڕك
ئەلێكساندەر دووگین، بیرمەند و فەیلەسووفی رووسی، بە “مێشكی پوتین” ناسراوە. وەكوو خۆی دەڵێت، بەشی زۆری سیاسەتی فلادیمیر پوتین، سەرۆكی رووسیا، لە تیۆرییەكانی ئەوەوە سەرچاوە دەگرێت. دووگین خاوەنی پڕۆژەی زیندووكردنەوەی بیرۆكەی “ئۆڕاسیا”یە كە بە دژبەری پڕۆژەی ئەمریكی و ئەتڵەسی دەزانرێ. هەروەها زۆر كات بە فەیلەسوفە مەترسیدارەكەی سەردەم دەناسرێت:”لە دیدارێكی رۆژنامەوانی دەلێت:” دوای هاتنم بۆ كوردستان تێگەیشتم كە دەوڵەتی كوردستان هەر دێتە دی.

ئەلێكساندەر دووگین فەیلەسوف و بیرمەندی رووسی دوای سەردانی كردنی كوردستان لە دیدارێكی تۆڕی میدیای رووداودا دەلێت:” لەوەتەی لێرەم بۆچوونم هەندێك گۆڕاوە. روون و ئاشكرا بوو كە هەوڵ بۆ دەوڵەتی كوردستان هەیە و ئەمریكاش دەیەوێ بە گوشار ئەمە بكات. بەڵام دوای لێكۆڵینەوە و نووسین لەسەر شوناسی كوردی و هاتنم بۆ ئێرە، گەیشتووم بەو ئەنجامەی كە دەوڵەتی كوردستان هەردێتە ئاراوە. ئەوەش رەنگە بە هاوكاریی ئەمریكا رووبدات، یان دەكرێ لە ئاكامی كێشەی نێوان حكومەتی شیعیی بەغدا و هەولێر بێت.

بەڵام روحیەتی كوردەكان لە هەر چوار وڵاتەكە هێندە تایبەتە كە جەخت لەسەر بەكارهێنانی هەر دەرفەتێك و هاوكاریی هەر هێزێك لە داهاتوودا دەكاتەوە بۆ ئەوەی بە سەربەخۆیی بگات. من كە لە روانگەی فرەجەمسەرییەوە لایەنگری لە شوناسی كورد دەكەم، هەست دەكەم ئەمە پرۆسەیەكە كەس ناتوانێت رێی لێبگرێ، بەر لە هەموو شتێكیش لەبەر ئەوەی توركیا، ئێران و سووریا شێوازێكی واقیعبینانەیان نییە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ فاكتەری كورد. ئەوان هیچ پێشنیازێكیان نییە بۆ چارەسەری كێشەی كورد و دەیانەوێ لەناویانبەرن، بەڵام چەندین ملیۆن مرۆڤ چۆن لەناودەبرێ؟

ئێستا ئەنقەرە هیچ چارەسەرێكی نییە بۆ كێشەی كورد. لە سووریاش شەڕی نێوخۆیە. تارانیش بە هەمانشێوە كوردە سوننەكانی پشتگوێخستووە. بەغداش كە ئەو هەموو سەرچاوە سروشتییەی لە كوردستان هەیە، دەیەوێ وەكوو سەدام حوسێن و بەشێوازێكی مەركەزیانە كۆنترۆڵیان بكات، بێ ئەوەی دۆخە تایبەتەكە پێكهاتەی دەسەڵاتی عێراق لەبەرچاو بگرێ و جەخت لەسەر چارەسەرێكی شیعیانە بۆ كێشەكە دەكاتەوە. لە هەرچوار وڵاتەكەی كە كوردیان تێدایە، حكومەتەكان هیچ پرۆژەیەكیان بۆ لەخۆگرتنی كورد نییە و كاردانەوەی ئەوەش تۆخبوونەوەی پرسی شوناسی كوردە. لە رەوشێكی ئاوادا ئێمە دەتوانین تێگەیشتنی ئۆڕاسیایی بۆ شوناسی كورد بخەینەڕوو، پێشتر هێزەكان ئەو كێشەیەیان بۆ خۆیان قۆستبووەوە و رووسیا لە مەیدانەكەدا نەبوو، بەڵام ئێستا رووسیا هەیە و دەكرێ ئەمە دەرگایەك بێت بۆ پەیوەندییەكان.

لەو پەیوەندییەشدا دەبێ فۆكەس بخەینە سەر شتێكی واقیعبینانە، واتە ئێمە دەتوانین چی بخەینە بەردەستی كورد، چۆن دەتوانین بەرگری لە شوناسی كورد بكەین، جەختی لەسەر بكەینەوە و بیپارێزین. ئەمە ئاسان نییە و هیچ چارەسەرێكم نییە بۆ ئەمە و هیچ كەسێكی دیكەش چارسەری نییە بۆ ئەمە. چونكە مەسەلەكە باڵانسێكی جیۆپۆلیتیكییە. بەڵام ئەگەر بمانەوێ تەنیا شوێنكەوتووی رووداوەكان نەبین، بەڵكو دروستكەری رووداوەكانیش بین، دەبێ زیاتر بایەخ بە فاكتەری كورد بدەین، دەبێ ئەوەش قەبووڵ بكەین كە جۆرێك لە ستراكتوری سیاسی كوردی، یان كوردستانی سەربەخۆ دێتە ئاراوە، جا لێرەوە لە عێراقەوە دەستپێبكات یان لە سووریاوە.

هەروەها لە بارەی پشتگیریان بۆ سەربەخۆی كوردستان ئەلێكساندەر دووگین دەلێت”: بەڵێ. دەبێ ئامادەكاری هەبێت بۆی. لەو دۆخەی ئێمەی تێداین رووسیا ناتوانێ یارمەتی دامەزراندنی دەوڵەت نەتەوەی كوردستان بدات. بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە رووسیا دەبێ پەیوەندی لەگەڵ كورد هەبێت. كوردیش دەبێ وانە وەربگرن، ئەوان زۆرجار لەلایەن ئێمە و ئەوانی دیكەوە خیانەتیان لێكراوە. بۆیە دەبێ پشت بە خۆتان ببەستن و هەموو دەرفەتێك بەكاربهێنن بۆ جەختكردنەوە لەسەر شوناسی خۆتان. ئێستا ئەمریكا و رووسیا بەهێزن، دەتوانن ئەوان هەڵبژێرن، بەڵام دەبێ لەوەش تێبگەن كە ئێمە لایەنی دژین، هەڵبەت نەك دژی ئێوە، بەڵكو دژی تاكجەمسەریی ئەمریكاین.

Back to top button