بارزانی بۆ باڵیۆزی فەرەنسا: گەلی كوردستان هەرگیز لەبیر ناكات
خواكوڕك
ڕۆژی دووشەممە 29ـی 5ـی 2017 لە سەلاحەدین مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە مارك بارێتی باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق و دۆمینیك ماس كونسوڵی فەڕەنسا لە هەولێر كرد.
سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لەراگەیاندراوێكی كە كۆپیەكی بۆ خواكوڕك نێردراوە، تێدا هاتووە،لە دیدارەكەدا كە باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق بە مەبەستی ماڵئاوایی و بە بۆنەی كۆتایهاتنی ئەركەكەی لە عێراق سەردانی سەرۆك بارزانی كردبوو لە وتەیەكدا سوپاسی حكوومەتی هەرێمی كرد كە پشتیوانی ئەرك و كارەكانی بوونە و باسیشی لە سیاسەتی فەڕەنسا لەدوای هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار كرد و جەختی لە پتەوتركردنی پەیوەندییەكانی وڵاتەكەی لەگەڵ هەرێمی كوردستان كردەوە و ڕایشیگەیاند كە فەڕەنسا لە شەڕی دژی تیرۆر و هەماهەنگی و هاوكارییە سەربازییەكانیشی بۆ هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت.
باڵیۆزی فەرەنسا پێزانینیشی بۆ گەلی كوردستان و حكوومەتی هەرێم هەبوو كە لە بارودۆخێكی خەرابدا باری قورسی حەواندنەوەی ئاوارەكانی لەسەر شانە. لەبارەی پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا باڵیۆزی فەڕەنسا جەختی لەوە كردەوە كە وڵاتەكەی ڕێز لە دیالۆگی نێوان هەرێم و بەغدا و ئەنجامی ئەو دیالۆگانە دەگرێت.
لەبەرانبەردا سەرۆك بارزانی هیوای سەركەوتنی بۆ باڵیۆزی فەڕەنسا خواست لە ئەرك و كارەكانیدا و ڕۆشنایی خستەسەر ڕۆڵی فەڕەنسا لە شەڕی دژی تیرۆر و یارمەتیدانی گەلی كوردستان و ڕایگەیاند كە گەلی كوردستان سەردانی سەرۆك هۆڵاند لە سێپتەمبەری 2014 هەرگیز لەبیر ناكات كە لە كاتی تەنگانە و لە وەختی پەلاماری داعش بۆ سەر كوردستان ئەنجامی دا و ئەو سەردانەی بە كاریگەر و مێژوویی وەسف كرد.
هەر لەم دیدارەدا دووایین پێشڤەچوونە مەیدانییەكانی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش لە موسڵ و شوێنەكانی تری عێراق تاوتوێ كرا.