محەمەدی حاجی مەحمود: ئەم كتێبە ڕای مام جەلال نیە و بە بڕیاری ئەو بڵاو نەكراوەتەوە

خواكوڕك

محەمەدی حاجی مەحمود سكرتێری گشتیی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان لە وتارێكدا بە توندی ڕەخنە لە كتێبە دوو بەرگیەكەی سەڵاح رەشید دەگرێ، كە بە ناوی دیداری ڕۆژنامەوانی لەگەڵ (مام جەلال)ەوە دایناوە. دەڵێ ئەم كتێبە ڕای مام جەلال نیە و بە بڕیاری ئەو بڵاونەكراوەتەوە.

محەمەدی حاجی مەحمود وەك سەركردەیەكی خەباتگێڕ و دێرینی كورد، كە ئاگەداری سەردەمەكانی ئەو ڕووداوانەیە كە سەڵاح رەشید بە ناوی (مام جەلال)ەوە، لەبارەیانەوە نووسیویەتی، گومان دەخاتە سەر ڕاستی كتێبەكەی سەڵاح رەشید و دەپرسێ “ئایا ئەو دوو بەرگی كتێبە ،هەر بە ڕاستی ڕا و بۆچوونی مام جەلالە؟”، دەشپرسێ ئایا ئەم وتانەی مام جەلال بە ئەمانەتەوە بڵاوكراونەتەوە؟ ئەی بۆچی بنەماڵەی مام جەلال خۆیان كتێبەكەیان بڵاو نەكردەوە؟

ئەو سەركردەیە گومانی زیاتر لە ڕاستی گواستنەوەكانی سەڵاح رەشید دەورووژێنێ و دەنووسێ “كاك سەڵاح رەشید بە زمانی مام جەلالەوە یاداشتەكان تۆمار دەكا، بە بێ ئەوەی كەسێ لە نزیكەوە لەو ستافی دیدارە ڕۆژنامەنووسیەدا بووبێت”.
محەمەدی حاجی مەحمود وتارەكەی بە ناونیشانی “مێژوویەك بە خوێن نووسرابێ حەقیقەتی مێژووە، نەك حیكایەتخوانی” نووسیوە و لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبوكدا بڵاوی كردووەتەوە، تیایدا ئەوەش دەڵێ “دەبوایە ڕەچاوی ئەتەكێتی ڕۆژنامەنووسی بكات و زمانی نووسینیشی دەبێ كوردی پەتی و پاراو بێ، بەڵام ئەوەی لەم كتێبە دووبەرگەدا دەبینرێ، كە كاك سەڵاح ڕەشید ویستوویەتی پانتایی نووسینەكانی لەژێر باڵی جەنابی مام جەلالدا حەشار بدا و بەمەش بیەوێ بە بەردێك دوو چۆلەكە بكوژێ، بەرامبەر هاوڕێیانی خۆی و حزبێكی هاوپەیمانی كە بڵاوكراوەتەوە”.
سكرتێری گشتیی حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان ڕەخنەی زیاتر لە سەڵاح رەشید دەگرێ، بەرانبەر ئەو نووسینانەی لە دژی حزبەكەی ئەوی نووسیوە و دەڵێ “كاك سەڵاح رەشید بە ویستی خۆی غەدرێكی زۆر لە بزووتنەوەی سۆسیالیستی دیموكراتی كوردستان بە گشتی و تێكۆشەرانی ئەو حزبە، وەك شەهیدان عەلی هەژار و كاردۆ گەڵاڵی و خوالێخۆشبووان ڕەسوڵ مامەند و مەلا ناسیح كردووە، جگە لەو كەسانەش كە لە ژیاندا ماون و خۆیان وەڵامیان دەبێ یا بێ دەنگ دەبن”.
هەروەها دەڵێ ئەو پێیوایە ناحەقیەكی گەورە لە بەڕێز مام جەلال كراوە و دەپرسێ ئایا بەڕێز مام جەلال ئەو كاتەی بۆ بڵاوكردنەوەی ئەو گفتوگۆیە هەڵبژاردووە؟ ئایا قسەكانی مام جەلال بە ئەمانەتەوە گواستراونەتەوە بۆ دووتوێی ئەو كتێبانە و بۆ مەبەستی سیاسی بەكار نەهاتووە؟ ئایا خانەوادەی مام جەلال بۆچی خۆیان ئەو كتێبەیان چاپ نەكردووە؟
محەمەدی حاجی مەحمود ئاماژە بەوەش دەدات كە سەڵاح رەشید ناحەقیەكی دیكەشی بەرامبەر مام جەلال كردووە و دەنووسێ “ئایا مام جەلال لە 1977ەوە تا نەورۆزی 1979، چۆن ئیدارە و ئیشی پێكرا لەگەڵ ئەوانەی كە لە كتێبەكەدا بە جاسوس و سەر بە ڕژێمی عێراق ناویان هاتووە؟ كاك ڕەسول مامەند ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی و بەرپرسی ئیدارە و دارایی و ڕێكخستنی بزووتنەوە بوو، هەروەها كاك مەلا ناسح ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی بوو، كە لایەنێكی ئەساس و خاوەن بڕیاری یەكێتی بوو”.
دەشڵێ ئەو غەدرە گەورەیەی كتێبەكە لە مام جەلالیش كراوە، چونكە “ئەو ماوە دوور و درێژە مام جەلال هاوڕێ و هاوسەنگەر و هاوخەباتی ئەوانە بووە، یان لە بن بەردێك یا ژوورێك یاخود لە چادرێكدا بوون، ڕەنگە كاك سڵاح رەشید وەڵامی ئەوەی لابێت”.

لەبارەی ناوهێنانی عەلی هەژاریشەوە لە كتێبەكەی سەڵاح رەشید، كە بە ناوی مام جەلال دایناوە، محەمەدی حاجی مەحمود دەنووسێ كە عەلی هەژار تێكۆشەرێكی ئازا و لێهاتوو و خۆڕاگر و دامەزرێنەری بزووتنەوەی سۆسیالیست بوو لە دوای سەیدا ساڵح یوسفی، لە ڕێكخستن و كۆكردنەوەی هەڤاڵەكانی لە خوارووی عێراق و لە كوردستان و بەڕێكردنی سەدان تێكۆشەر بۆ ناو هێزی پێشمەرگەی كوردستان، بە نامە ڕاوبۆچوونی خۆیان و سەركردایەتی ڕێكخستنەكانی ناو شاریان دەكرد. عەلی هەژار و كاردۆ گەڵاڵی دوو تێكۆشەری ڕۆشنبیر و ناسراوی هەولێر و كوردستان بوون، لەلایەن دەزگا ئەمنیەكانی بەعسەوە بە شێوەیەكی تەمومژاوی دەستگیر كران و بێ سەر و شوێن كران، تا ئێستەش تەرمە پیرۆزەكانیان دەست نەكەوتووەتەوە، ئەمە كام ویژدانە ئەوانە تا ئێستەش نازانین لە كوێ شەهید كراون؟ ئەمە گومانیان لا دروست دەكات كە لایەنی سیاسی لەناوی بردبن، بۆیە ئەوە بەغەدر و تۆمەتی ناڕەوا دەزانن بۆ حزبی سۆسیالیست و شەهیدەكانی.
هەروەها نووسیویەتی “سۆسیالیستەكان تروسكەی ئاگری شۆڕشیان لە چیاكانی كوردستان بەرز كردەوە، باوەڕ ناكەم موستەحەقی جاسوسی و تێكدەر و ئاژاوەچی و ترسنۆكی بن، وەك لەو كتێبەی بە ناوی مام جەلالەوە بڵاوكراوەتەوە، غەدر لە كاك رەسول مامەند و مام جەلالیش كراوە، چونكە باوەڕ ناكەم مام جەلال نە ڕای وا بووە و نە بە بڕیاری خۆشی ئەو كتێبە بڵاوكراوەتەوە و داڕێژراوەتەوە”.
محەمەدی حاجی محەمەد پرسیار لەوانە دەكات كە مەلا ناسیحیان ناسیوە و دەنووسێ “ئەگەر مەلا ناسیح جاسوس بوایە، كاتێك كۆچی دوایی كرد، جگە لە دوو مەتر زەوی لە سلێمانی، كام باڵەخانە و كام ڤێلا و كام پارەی بانكەكانی ئەوروپای لێ بەجێ ماوە؟ كام كارگە و كام پرۆژەی نەوتی لێ بەجێ ماوە؟ بەڕاستی من تێناگەم بەبێ بەڵگە تێكۆشەرانی وەك عەلی هەژار و كاردۆ گەڵاڵی و مەلا ناسیح و رەسول مامەند، تازە لە كوردستانی ئازاد بە خوێن و ماندووبوونی ئەوان، بە جاسوس و خائین و ترسنۆك و تێكدەر بە نەوەی داهاتووی بناسێنن، بە ڕاستی ئێمەی وا لێ كرد كە گومانەكانمان زۆرتر بن لەوەی لایەنی سیاسی عەلی هەژار و كاردۆ گەڵاڵییان لەناو بردبێت، پێویستە كاك سەڵاح رەشید وەڵامی هەبێت بۆ ئەو هەموو تۆمەتەی داویەتیە پاڵ تێكۆشەرانی كورد و حزبی سۆسیالیست و هاوڕێكانی مام جەلال.
جێی باسە مانگی رابردوو سەڵاح رەشید بە ناوی جەلال تاڵەبانی سكرتێری گشتیی یەكێتییەوە كتێبێكی لە دوو بەرگدا بە ناونیشانی “دیداری تەمەن” بڵاوكردەوە.

Back to top button