سەركردەیەكی پارتی: كاتی دادگاییكردنی مالیكی نزیكە
خواكوڕك
دوای ئەوەی ئەمڕۆ نوری مالیكی جێگری سەرۆك كۆماری عێراق و سەرۆكی دەوڵەتی یاسا, لە لێدوانێكی رۆژنامەوانی دژایەتی هەرێمی كوردستانی راگەیاندو دژ بە پرسی سازدانی ریفراندۆم لێدوانی دا, ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند كە كاتی دادگاییكردنی نوری مالیكی جێگری سەرۆك كۆماری عیراق و سەرۆك وەزیرانی پێشوو نزیكە، ئاماژەشی بەوەداوە كە دەیەوێت خۆی دەرباز بكات.
عەلی عەونی ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند كە “لێدوانەكانی (نوری مالیكی)، سەرۆكوەزیرانی پێشووی عیراق لە ئەنجامی ئەوەوە دێن، كە كۆتاییی شەڕی داعشە و گرتنەوەی موسڵ خەریكە تەواو دەبێت، چونكە ئەگەر شەڕی داعش كۆتایی ھات، ئەوە كاتی دادگاییكردن و لێپرسینەوەیە لە (نووری مالیكی).
عەلی عەونی گوتی: “مالیكی هۆكاری ھاتنی داعش و رادەستكردنی خاكی عیراقە بە داعش، (مالیكی) دەیەوێت بەو یارییە خۆی قوتار بكات، چونكە كورد و عەرەب و كوردانی ئێزدی بەو ئاسانییە لەو كەسە خۆش نابن و پێویستە دوای شەڕی داعش لێپرسینەوەی لێ بكرێت و بدرێتە دادگا”.
گوتیشی: “(نوری مالیكی) دەیەوێت چەندی نزیكبینەوە لە ھەڵبژاردنەكانی عیراق زیاتر ھێرش بكاتە سەر كورد و ھەرێمی كوردستان”.
عەلی عەونی ئاماژەشی بەوەدا كە “مەخابن ئەو كلتوورە لە عیراق پەیدا بووە، بۆ پەیداكردنی دەنگ دژایەتیی ھەرێمی كوردستان دەكەن، لەوەش خراپتر (مالیكی) پشتی بە حەشدی شەعبی گەرمە و دەیەوێت لەو ڕێیەوە ھێرشمان بۆ بێنێ”.
ئەوەشی خستەڕوو كە “كاتی خۆی كە مەترسییەكانی ئەو گرووپە توندڕەو و ملیشیاتانەمان دەخستەڕوو، ئەو ڕۆژەمان دەبینی”.
عەلی عەونی دەڵێت: “ئەگەر مالیكی و ھاوكارەكانی بیانەوێت ھێرش بكەنە سەر ھەرێمی كوردستان، با خۆیان تاقی بكەنەوە، خۆ پێشتر (سەدام حسێن)، خۆی تاقی كردەوە و ئەوان لە (سەدام) بەھێزتر نین، كاتێك باسی ھەندێ كورد دەكات، ئەوانەی لەگەڵ ئەودان، ئەوە كوردی خۆفرۆشیش ھەن و كێشەی كورد بەو جاشانە لە عیراقدا چارە ناكرێت”.