هه‌رێمی کوردستان داوای وەبەرهێنان له‌ کۆمپانیا ڕووسییه‌کان ده‌کات

خواكوڕك
 
ڕۆژنامه‌ی ئه‌زڤستیای ڕووسی له‌ ڕاپۆرتێکدا له‌سه‌ر سه‌ردانی سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان بۆ ڕووسیا و به‌شداربوون له‌ کۆڕبه‌ندی ئابووریی سان پترسبۆرگ بڵاو کردووه‌ته‌وه‌ و ده‌ڵێت نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆکوه‌زیرانی هەرێمی کوردستان داوا له‌ کۆمپانیا ڕووسیه‌کان دەکات بۆ وه‌به‌رهێنان له‌ کوردستان.
 
له‌ ڕاپۆرته‌ هه‌واڵه‌که‌دا هاتووه‌، سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان و وه‌فده‌که‌ی یاوەری بۆ کۆڕبه‌ندی سان پترسبۆرگ، له‌ په‌راوێزی دیداره‌کانی کۆڕبه‌نده‌که‌دا داوا له‌ ڕووسییه‌کان ده‌که‌ن که‌ وه‌به‌رهێنان له‌ کەرتی نه‌وت و گازی کوردستاندا بکه‌ن.
 
دیار ئه‌مین، که‌ ڕاوێژکارێکی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانه‌ به‌ ڕۆژنامه‌که‌ی ڕاگه‌یاندووه ‌”حکومه‌تی هه‌رێم داوا ده‌کات که‌ ڕووسه‌کان چالاکانه‌تر بێن سه‌رمایه‌گوزاری له‌ که‌رتی نه‌وت و گازی کوردستاندا بکه‌ن “. هه‌روه‌ها، ده‌ڵێ “باس له‌ پته‌وکردنی په‌یوه‌ندی بازرگانیش ده‌کرێت.”
 
به‌پێی لێدوانی ئه‌و ڕاوێژکاره‌ کە ڕۆژنامه‌که‌ بڵاویکردووه‌ته‌وه‌، هه‌ولێر و مۆسکۆ ده‌یانه‌وێت‌ هاوکاریی بکه‌ن له‌ ڕووی گۆڕینه‌وه‌ی زانیاریی هه‌واڵگریی له‌ شه‌ڕی دژ به‌ داعش. له‌ ٢٥ ی ئایار، ماریا زاخارۆڤا وته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا ڕایگه‌یاند له‌ ماوه‌ی کۆنگره‌ی سان پترسبۆرگ، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ئاماده‌ ده‌بێت و له‌گه‌ڵ سێرگی لاڤرۆڤ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا دیداریان له ‌به‌رنامه‌دایه‌. میخائیل باگدانۆڤ جێگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیاش ڕایگه‌یاندووه کە سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان و سێرگی لاڤرۆڤ له‌سه‌ر دوا گۆڕانکارییه‌کانی شه‌ڕی دژ به‌داعش پێکه‌وه‌ گفتوگۆ ده‌که‌ن.
 
به‌ پێی هەواڵێکی ڕووسیا سیگدۆنیا ئینته‌ناشناڵ ئینفۆرمه‌یشن که‌ هاوبه‌شی میدیایی کۆڕبه‌نده‌که‌یه‌، تائێستا لانیکه‌م ٣٩ وه‌زیر له‌ ٢٦ وڵاتی جیهانه‌وه‌ ئامادەبوونی خۆیان له‌ کۆنفرانسه‌که‌ پشتڕاست کردووه‌ته‌وه‌.
Back to top button